قایمقامی هەولێر دەستبەسەرداگرتنی حەفت تۆن کەل و پەلی ماوەبەسەرچووی راگەیاند، داواش لەهاووڵاتیان دەکات لەکاتی بینینی هەر سەرپێچییەک لیژنەکان ئاگادار بکەنەوە.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر راگەیاند، “مارکێتی مونا لەگەڕەکی هەڤاڵان” کە مارکێتێکی گەورەیە و کۆگایەکیشی هەیە، لەئەنجامی بەدواداچوونی تیمە هاوبەشەکانی قایمقامییەت و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، کە ئاسایشی زانیاری بەدەست گەیشتبوو ئەو مارکێتە کەل و پەلی ماوە بەسەرچووی هەیە.
گوتیشی: لەکاتی سەردانێکی لەناکاو دەرکەوت، دەرچوو کۆگایەکەی شەش بۆ حەفت تۆن خۆراک و کەل و پەلی ماوە بەسەرچووی تێدایە، کە “کێک و هەنگوین و پەنیر” و جۆرەها شتی تێدایە، ئاماژەی بەوەشکرد، دوای دەستبەرداگرتنی کەل و پەلەکان رێکارەکانی بەرامبەر گیرایە بەر، کە لیژنەکان هاتن پشکنینیان کرد بینیان لەسەر رەفەکانیش خۆراکی ماوە بەسەرچووی هەبووە.
باسی لەوەشکرد، زۆر شتی دیکەی لێیە بەرواری بەسەرچوونی لەسەر نییە، هەروەها لەرووی بەرگری شارستانیش مەترسی لەسەر شوێنەکە هەیە بۆ ئاگرکەوتنەوە و دروستبوونی کارەسات. دەشڵێت: ئەو شوێنە مۆڵەتی تەندروستیشی نییە.
قایمقامی هەولێر، داوای لە هاووڵاتیانی شاری کرد، لەکاتی بینینی ئەو سەرپێچییانە هاوکاری تیمەکان بکەن و ئاگاداریان بکەنەوە.