دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

دیاریكردنی چارەنووس

‎هاودەنگ فارووق

‎كەركووكییەكان لەپێناوی كوردبووندا، ئازار و نەهامەتیی زۆریان چێشتوە، ئەوان ئامادەبوون بۆ كورد و كوردایەتی منداڵەكانیشیان فیدای خاك و نیشتمان بكەن، چەرمەسەری نەما نەیبینن، كەركووك شكۆ و چارەنووسی كوردە، ڕەمزی ئازار و ژیان و هەیبەتی كوردە، هەستی هاوبەشی هەموو كوردە.
‎هەر كوردێكی مافخوراو، هەرگیز بێدەرەتانی، بێنەوایی، برسێتی، بێبەرگی، زیندان و جەزرەبە و قەنارە و ماڵوێرانی ئاوارەیی لەپێناوی تێكۆشان بۆ ئازادی كاری لێ نەكرد، وەلێ لە ١٦ی ئۆكتۆبەری ڕەشدا ئازاردرا، بۆیە كورد بە كەركووكەوە زیندووە و هەناسە دەدات و هەست بە شەرەف و سەربەرزیی دەكات، بۆیە لە شەڕی هەڵبژاردندا، كەركووكییەكان نوێنەرایەتی هەموومان دەكەن و دەبێ سەركەون.‎ئەوەی لێرەدا حوكم دەكات، ناخی كوردایەتی و جەوهەری مەردایەتییە… كوردایەتی موڵكی هەموو تاكێكی كوردە و شوناسی سروشتی ئێمەیە. ‎كورد هەمیشە دەستێك لەسەر زام و دەستێك بە مافەكان خەباتی كردووە، كەركووك شاكڵپەی شۆڕش و شوناسی ئەم مێژووە خواكردە بووە.‎ئێستا كەركووكییەكان لەبەردم دیاریكردنی چارەنووسی ڕووبارێك خوێن و فرمێسكدا.. ئەوان ئەمانەتی نەوەكانی داهاتوویان لەسەر لەپی دەست هەڵگرتوە و، دەنگ دەدەن، بەڵام چۆن دەنگدانێك، ئەوەی كەركووك لە شانزەی ئۆكتۆبەر لەدەستمایە دۆڕاندی، ئەمان دەیگەڕێننەوە.. ئەوەی مۆركی ژێردەستەیی نا بەناوچاوی مێژوودا، ئەمان شەقەی باڵی ئازادی بۆ دروست دەكەنەوە.. كەركووكییەكان، چیتر تاقیكراوەكان تاقی ناكەنەوە.. كەركووكییەكان، سێبەری ستەم و تەپوتۆزی داگیركاری لەسەر بەژن وباڵای شارەكە دەتەكێنن و دەیكەنەوە بەدڵی زیندووی كوردستان.