به سەرپەرشتیی ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و بە ئامادەبوونى هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان و سەرۆکى شارەوانى و بەڕێوەبەرى نەخشەدانانى بنەڕەتى و بەڕێوەبەرى پلان دانان و ڕاوێژکارى وەزارەت، لە دیوانى وەزارەتى شارەوانى، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبەت بە چارەسەرکردن و دەستنیشانکردنى سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانی و شارەوانییەكان و چەند پرسێکى دیکەى پەیوەست بە خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان و به‌دواداچوون بۆ چەند بڕیار و رێنماییه‌ک لە خزمه‌تی چینی هه‌ژار و کەمدەرامەتان به‌ڕێوه‌چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لە بارەى چارەسەرکردنى دیاریکردنى سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و شارەوانییەكان کرا و بەپێى تایبەتمەندى نەخشەى ماستەر پلان و لە پێناو ڕێگریكردن لە ڕۆتین و لە بەرژەوەندى و سوودى هاووڵاتییان، سنوورى کارکردنى سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و شارەوانییەكان دەستنیشانکرا و کۆبوونەوە میكانیزمی پێویستى بۆ جێبەجێکردنى بڕیارەکە داڕشت.
هەروەها بڕیارى پێویست لە ڕێگری و ئاسته‌نگه ئیدارییه‌كان لە ڕاییکردنى کاروبارى هاوڵاتییان و کەمکردنەوەى ڕۆتین و هەماهەنگى پترى فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت لە بەرژەوەندى هاووڵاتییانی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت و هه‌ڵوه‌سته‌كردن له سه‌ر داخوازی و چارەسەرکردنى كێشه‌كانیان وەرگیرا، کە هەمیشە جەنابى سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان لە ڕاسپاردەکانیدا به بایه‌خه‌وه جەختى له‌سه‌ر دەكاتەوە.
کۆبوونەوە هەروەها جەختى لە زیاتر خزمه‌تگه‌یاندن به هاووڵاتییانی شاری هه‌ولێر به جۆرێك له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی بشكێته‌وه کردەوە و بە پێویستى زانى سەرجەم ئەو گرفت و ئاریشانەى هەن لە به‌رده‌م ڕایکردنى کاروبارى هاووڵاتییان بە تایبەتى لە پرسی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خانوو و گۆڕینی زەویی كارت بۆ سه‌نه‌د و ڕێگەپێدان كه‌م بكرێته‌وه و چاره‌سه‌ری گونجاویان بۆ بدۆزرێته‌وه.
له کۆتایشدا، دواى گفتوگۆکردن لە بارەى ئه‌و گرفت و کێشە یاسایی و ئیدارییانه‌ی كه دێنه به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كان و شێوازی چۆنیەتى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ل رێنمایی و یاساكان و ئالیه‌تی جێبه‌جێكردنیان و چارەسەرکردنى كێشه ههڵپهسێردراوەکان کۆبوونەوە لە بەرژەوەندى گشتیى و سوودى هاوڵاتییان بڕیارى پێویستى وەرگرت.