پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی ڤاینەرێکی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی راگەیاند

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر راگەیاند، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە و کە چەکی بێ مۆڵەتی هەڵگرتووە و ڤیدیۆی خۆنمایشکردنی بە چەکەوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (14ـی کانوونی یەکەمی 2023) بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە میانەی راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، لەرووبەڕووبوونەوەی قەدەغەکردنی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و بڵاوکردنەوی وێنە و گرتەڤیدۆی کاتی تەقەکردن لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی تۆمەتبار (م، ح ، ع) کە کاری ڤاینەری دەکات لەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکان لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکرا.

لەراگەیاندراوەکەدا هاتووە، هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و خۆنمایشکردن بەچەک و بڵاوکردنەوەی گرتەڤیدۆیی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کارێکی قەدەغەيه.

ئاسایشی هەولێر دووپاتی دەکاتەوە، هەرکەسێک چەکی بێ مۆڵەتی لابێت یان گرتەڤیدۆیی چەک و کاتی تەقەکردنی لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو بکاتەوە بە بڕياری دادگا لە لايەن هێزەکانیانەوە دەستگیردەکرێت

هەروەها ئاسایشی هەولێر بە پێویستی دەزانێت دەستخۆشی لەهاووڵاتییانی شاری هەولێرو دەوروبەری بکات، وەک خۆیان ئاماژەی پێدەکەن؛ کە هەمیشە پاڵپشت و هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتیەکەیان بوونە لەپێدانی زانیاری .