چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

كۆمەڵەیەكی خۆری نوێی شەش هەسارەیی دۆزرایەوە

كۆمەڵەیەكی خۆری نوێی شەش هەسارەیی دۆزرایەوە كە زۆر سەرنجڕاكێش و جیاوازە چونكە ڕێكیەكی زۆر لە كات و ڕیتمی سوڕانەوەی هەسارەكانیدا هەیە بەدەوری ئەستێرەكەیان بە بەراورد بەیەكتر، ئەستێرەكە قەبارەكەی نزیكە لەوەی خۆری ئێمە…

لوقمان حەوێز كە توێژەرێكی كوردە لە بواری فەلەكناسی لە نووسێنیكیدا دەڵێت :
كۆمەڵەی خۆرێكی نوێ دۆزرایەوە كە ناوە زانستیەكەی بریتیە لە HD.110067 و دوریەكەی لە كۆمەڵەی خۆری ئێمە نزیكەی 100 ساڵی تیشكیە، ئەستێرەكە شەش هەسارەی هەیە كە قەبارەی هەموویان لە هەسارەی نیبتۆن بچوكترە و لە زەوی گەورەترە، ئەوەی سەرنجڕاكێشە لەم كۆمەڵەی خۆرە ڕیتم و كاتی سوڕانەوەی هەسارەكانە بەدەوری ئەستێرەكە بە بەراورد بە یەكتری، كاتێك كە هەسارەی یەكەم واتە نزیكترین هەسارە سێ جاری ڕێك دەسوڕێتەوە بەدەوری ئەستێرەكە ئەوەی دووەم دوو سوڕی ڕێك تەواو دەكات بە دەوری ئەستێرەكەی واتە ڕیتمەكە 3:2 ە، بەهەمان شێوە بۆ ئەوەی دووەم و سێیەم وایە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی پێش خۆیان واتە ڕیتمی دووانەكەی تریش یەكێك بە بەراورد بەوەی پێش خۆی كە نزیكترە لە ئەستێرەكە 3:2 ە، لە هەسارەی چوارەم و پێنجەم ڕیتمەكە دەبێتە 4:3، بەم جۆرە بەشێوەیەك كە هەسارەی شەشەم یەك سوڕی ڕێك تەواو دەكات بە دەوری ئەستێرەكە ئەوا هەسارەی یەكەم شەش سوڕی ڕێكی تەواو كردوە بەدەوری ئەستێرەكەدا، جارێ هۆكارەكان نازانرێت چیە و بۆچی وایە بەڵام بۆچوونەكان بەو ئاڕاستەیەن كە ئەو ڕیتمە ڕێكە پەیوەندی بە ڕێكیەك و تایبەتمەندەیەكەوە هەبووبێت لە سوڕانەوەی تێكڕای ئەو تەمە هایدرۆجینیەوە كە كۆمەڵەی خۆرەكەی لێ دروست بووە…
ئەم توێژەرە كوردە دەشڵێت: لە ئێستادا مانگی دەستكردی ئەوڕوپی CHEOPS كە تایبەتە بە پشكنینی قەبارەی هەسارە دەرەكیەكان چاودێری و لێكۆڵینەوەی ورد لەو هەسارانە دەكات بۆ كۆكردنەوەی زانیاری زیاتر، مانگی دەستكردی CHEOPS لە خولگەیەكی جەمسەریدا بە دەوری زەوی دەسوڕێتەوە لە دوری 700 كیلۆمەتر لەڕووی زەویەوە كە بە sun-synchronous.orbit ناسراوە…