ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان: دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی لەبارەی پێکهاتەکان لە کاتێکی گونجاودا بوو

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی، بۆ چارەی کێشەی پێکهاتەکان بە گرنگ وەسف دەکات و دەڵێت: لەکاتێکی گونجاودا بوو، ئەو دەستپێشخەرییە پاڵپشتییەکە بۆ بەهێزکردنی پێکەوە ژیانی نەتەوەکان و دینەکان لە هەرێمی کوردستان.

دوێنێ، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەگەڵ بەشێک لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان لەسەر ڕەوشی پێکهاتەکان و دادگایی فیدراڵی کۆبووینەوە.a
گوتیشی: هەموو ئەزانین سکاڵایەک لە دژی پێکهاتەکان هەیە، ئێمە پێشتریش جەختمان کردووەتەوە کە بابەتی پێکهاتەکان بە یاسا ڕێکخراوە، هەروەها کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەهەموو کات زیاتر پشتیوانی لە مافی پێکهاتەکان کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد بابەتی سکاڵا لە دژی پێکهاتەکان کارێکی هەڵە بوو، هەروەها کاریگەری خراپ دروست دەکات.
باسی لەوەشکرد: دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی، لەکاتێکی گونجاودا بوو و زۆریش گرنگ بوو، گوتیشی: ئەو دەستپێشخەرییە پاڵپشتییەکە بۆ بەهێزکردنی پێکەوە ژیانی نەتەوەکان و دینەکان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها دەستپێشخەری و پاڵپشتییەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرگریکردن لە پێکهاتەکان، گرنگە بۆ پێکەوەژیان.
وەزیرەکەی هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد هەڵوێستییان هەبێت، چونکە هەبوونی پێکهاتەکان ئێستە لە ئاستێکی زۆر باشدایە و هەروەها پێکەوەژیانێکی بەهێز لە نێوان نەتەوەکاندا هەیە.
ئایدن مەعروف، گوتی: داوا لە دادگای فیدراڵی دەکەین ئەو سکاڵایەی تایبەت بە کورسیی کۆتاکانە، ڕەت بکاتەوە، لەبەرئەوەی پێکهاتەکان ڕەوشێکی تایبەتییان هەیە، بۆیە هەر بڕیارێک دژی پێکهاتەکان بێت کاریگەری خراپی دەبێت.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ڕاشیگەیاند، چەند پێشنیازێکمان کردووە، لەوانە پەیڕەوکردنی سیستەمی یەک بازنەیی لە هەڵبژاردنەکاندا، چونکە دەیانەوێت کورسیی کۆتاکان لەسەر بنەمای جوگرافی دابەش بکرێت، ئێمەش ڕەتی دەکەینەوە، هەروەها لەگەڵ ئەوەداین کار بەیاسایی ساڵی 2018ـی پەرلەمانی کوردستان بکرێت چونکە هەموو پێکهاتەکان تێیدا بەشدارن، بۆیە داوادەکەین بەو یاساییە هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.

ھەواڵی زیاتر