لە پارێزگای دھۆک سی و نۆ هەزار ئاوارە دەنگ دەدەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە پارێزگای دھۆک زیاتر لە شەست و سێ ھەزار خێزانی ئاوارەی شنگال لە ١٥ کەمپ و دەرەوەی کەمپەکان دەژین، سی و نۆ ھەزار کەس لە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی ئۆفیسی دھۆک ناوی خۆیان تۆمار کردووە و کارتی بایۆمەتریان وەرگرتووەتەوە، تاکو دەنگی خۆیان بدەنە کاندیدانی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ.

ئاوارەکانی شنگال و دەوروبەری دەڵێن: پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەی پێویست بووە بۆ ئێمەی کردووە، بۆیە ئێمەش ڕۆژی ھەڵبژاردن ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەین و دەنگی خۆمان بە کاندیدانی لیستی ١٩٧ی پارتی دەدەین، داواش دەکەین لە داھاتوودا لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کار بکەن بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان و لە ژیانی ئاوارەیی ڕزگار بین.
سەگڤان حەسەن، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئۆفیسی دھۆکی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، دەڵێت: ھەر ئاوارەیەک خۆی لە دھۆک تۆمار کردبێت، ھیچ کێشەیەکی نییە و لە سنوورەکە دەنگ دەدات، بەڵام ئەگەر لەو سنوورە خۆی تۆمار نەکردبێت دەبێت بگەڕێتەوە شوێنی نیشتەجێ بوونی خۆی و لەوێ دەنگ بدات.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئۆفیسی دھۆکی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، دەشڵێ: لە سنووری پارێزگای دھۆک زیاتر لە سی و نۆ ھەزار ئاوارە ھەن و ناوی خۆیان بۆ بەشداریی لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تۆمار کردووە و زیاتر لە ٩٠%ـی ئاوارەکانیش کارتی بایۆمەتریان وەرگرتووەتەوە و ئامادەن بۆ دەنگدان.

ھەواڵی زیاتر