لە ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان شوێن بۆ دروستکردنی شوقەی کرێنشینان تەرخان کراوە

لە ھەولێر دوو شوێن بۆ دروستکردنی شوقەی کرێنشینان دیاری کراون؛ ئەوانیش ناوچەی گەڕەسۆر لە بنەسڵاوە و باغلو منارەیە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان دەکرێت. دواکەوتنی پڕۆژەکەش بۆ گۆڕینی ڕەگەزی زەوی پڕۆژەکە دەگەڕێتەوە و ھیچ ھۆیەکی دیکەی نەبووە. ئێستەش ئامادەکاری تەواو کراوە و لە ئایندەیەکی نزیکیدا وەبەرھێنەر دەست بەجێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکات. ئەو فۆرمانەی کە لەلایەن کرێنشینانیش پڕکراوەتەوە لە دیوانی پارێزگای ھەولێر تیرۆرپشک بۆ ناوی کرێنشینان دەکرێت و دواتر دەست بە پرۆژەکە دەکرێت.

بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان ئاماژەی پێدا و گوتی: لە ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان شوێن بۆ دروستکردنی شوقەی کرێنشینان تەرخان کراوە وا بڕیاربوو لە ناوەڕاستی ئەمساڵ دروستکردنی ئەو شوقانە جێبەجێ بکرێن، بەڵام ھەندێ ھۆ بوونەتە ھۆی دواکەوتنی پڕۆژەکە و دواکەوتنەکە لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییانە.
گوتەبێژی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان دەشڵێت: سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە تایبەت سەرۆکی حکوومەت ئەوەیە ھاووڵاتییان زیاتر سوود لەو یەکانە وەربگرن و بە نرخێکی زۆر ھەرزان و قیستی درێژخایەن پێیان بدرێت، لەبەر ئەوەش بەردەوام لە ھەوڵداین وەکو دەستە، کێبڕکێ دروست ببێت لەنێوان وەبەرھێنەران بۆ دروستکردنی ئەو یەکانە. ھەموو ھەوڵێکمان بۆ ئەوەیە بە نرخی زۆر ھەرزان و قیستی کەم و درێژخایەن ھاووڵاتییان سوودمەندبن. بە دڵنیایەوە ساڵی نوێ دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی یەکەکانی کرێنشینان دەکرێت و لە ھەموو ناوچەکان ڕێوشوێنی یاسایی و کارگێڕی گیراوەتە بەر و شوێنیش ئامادەیە، بەڵام دەمانەوێ ئەو دواکەوتنە لە بەرژەوەندی خەڵکی کرێنشین و ھەژار دابێت.
لەماوەی ڕابردودا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەربارەی درووستکردنی یەکەی کرێنشینان گوتی: لە پارێزگای هەولێر چوار هەزار و سەد یەکەی نیشتەجێبوون لە دوو شوێنی زۆر باشی هەولێر کە دەكەوێتە نێوان شەقامی ١٢٠ مەتری و ١٥٠ مەتری دروست دەکرێن. دروستكردنی شووقە بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و كرێچی بیرۆكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانه بۆ نەهێشتن و كەمكردنەوەی كێشەی نیشتەجێبوون و ئاوڕدانەوە لە خەڵكی هەژار، هاوکات خۆی چاودێریی وردی پڕۆسەكە دەكات و زۆر بایەخی پێدەدات.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بە بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بیست هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن. لە ماوەی رابردوودا هاووڵاتیان بۆ وەرگرتنی ئەو یەکانە لە رێگەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی ناوی خۆیان تۆمار کردووە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونیش ئاشکرای کردووە، یەکەی نیشتەجێبوونی کرێنشینان دەدرێت بەو کەسانەی پێشتر سوودمەند نەبوونە.

ھەواڵی زیاتر