بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوون و فێرکاریی هەولێر:نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوون و فێرکاریی هه‌ولێر زیاتر لە (99) پزیشكی پسپۆڕی تێدایە

فەیسەڵ شێخانی – هه‌ولێر

دکتۆرە شادان شێروان حەیدەری، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوون و فێرکاریی هەولێر سەبارەت بە خزمەتگوزاریی نەخۆشخانەكەیان ڕایگەیاند، گرنگترین پڕۆژە بۆ ئەمساڵ، پڕۆژەی (هەژماری من) بوو، كە یەكەم فەرمانگەی حكوومی بووین، كە لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێم ڕێزدار “مەسروور بارزانی” كراوە و دەستبەكار بوو لە بەرواری (28-2-2023) و جێبەجێ كرا بە كاتێكی زۆر كەم لە ڕێگای ئەم پڕۆژەیە (850) كارمەندی ئەم نەخۆشخانەیە لە ڕێگای سیستمی (ATM) لە بانكی (RT) و (جیهان) سوودی لێ وەردەگرن.

ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە كە فەرمانبەر دەتوانێت لە هەر شوێنێك و لە هەر كاتێك ڕاستەوخۆ مووچەكەی خۆی وەربگرێت، بێ ئەوەی كاتی لێ بڕوات و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەتوانن مامەڵە بەو كارتەوە بكەن.

شادان شێروان حەیدەری دەشڵێ، پڕۆژەی دووەمیش كە زۆر گرنگ بوو، كردنەوەی پڕۆژەی بەشی (چاودێریی چڕ) ( I.c.u) بوو، كە خەونێك بوو بۆ نەخۆشخانەكەمان، كە چەندین ساڵە هەوڵ دراوە بۆ كردنەوەی، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە توانیمان پاش هەوڵێكی زۆر ئەم بەشە گرنگە لە نەخۆشخانەكەمان بكەینەوە لە (31- 7 – 2023) لەلایەن مانگی سووری قەتەری و بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، كە زۆر گرنگ بوو بۆ نەخۆشانی كەمدەرامەت، بە تایبەتی ئەم نەخۆشانەی كە پێویستیان بە چاودێریی چڕە پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری، وە بەراورد لەگەڵ ئەم خزمەتگوزارییە لە سێكتەری نەخۆشخانەی تایبەت كاتی شەوانە (600-500 هەزار دینار) لەسەر نەخۆش دەوەستێت، وە نزیكەی چوار مانگە هەر مانگێك نێوان (20 تا 30) نەخۆش خەوێندراوە لەم بەشە و بە خۆشحاڵییەوە بە تەندروستییەكی باش چارەسەر كراون و چوونەتەوە ماڵەوە.
هەروەها كردنەوەی بەشی پڕۆژەی (ملی منداڵدان) بۆ چارەسەركردن و دەستنیشانكردنی پێش كاتی تووشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان.
گوتیشی، سەبارەت بە خزمەتگوزاری لە نەخۆشخانەكەمان، ڕۆژانە (300 تا 600) نەخۆش لە ڕاوێژكارییەكان دەبینرێت، پاش كردنەوەی راوێژكاریی نوێ و فراوانكردنی، وە بە سیستمی پۆلیكلینیك نەخۆش دەبینرێت كە پێكهاتووە لە دوو ڕاوێژكاری منداڵبوون و یەك ڕاوێژكاری ئافرەتان و ڕاوێژكاری شەكرە و هەناو نەشتەرگەریی گشتی و میزەڕۆ، كە لەلایەن پزیشكانی پسپۆڕ بەڕێوە دەبردرێت.
سەبارەت بە ڕێژەی منداڵبوونیش ئاماژەی دا، ڕۆژانە (80 تا 90 منداڵ) لە دایك دەبن بە سرووشتی و نەشتەرگەری، جگە لەم خزمەتگوزارییە، نەشتەرگەریی سارد ڕۆژانە بە لیستی بیانی و بۆ جۆرەها نەخۆشیی ئافرەتان ئەنجام دەدرێت، كە ڕۆژانە نێوان (25 تا 30) نەشتەرگەری ئەنجام دەدەین لە نەخۆشخانەكەمان كە پێی دەگوترێت لیستی بیانی خۆڕایی و بێ بەرامبەر.
ئەوەشی خستە ڕوو، نەخۆشخانەكەمان چارەسەری هەموو نەخۆشییەكانی ئافرەتان دەدات جگە لە منداڵبوون، وەك نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی هەوكردن هەموو جۆرەكان.
نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوون و فێرکاریی هەولێر زیاتر لە (99) پزیشكی پسپۆڕی تێدایە، لە نێوان پسپۆڕی ئافرەتان و لەدایكبوون، پسپۆڕی منداڵان، پسپۆڕی تیشك و سۆنار، پسپۆڕی سڕكردن و پسپۆڕی تاقیگا و هەروەها چەندین پزیشكی پڕۆفیسۆر و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و و پزیشكی ڕاوێژكار و پسپۆڕی دێرین، كە هەموویان لە خزمەتی نەخۆشەكانی نەخوشخانەكەمان .ڕاشیگەیاند، نەخۆشخانەكەمان گەورەترین و پێشكەوتووترین بەشی منداڵە ناكامەكانی هەیە لەسەر ئاستی هەرێم كە پێشكەوتووترین ئامێری تێدایە بۆ منداڵە ناكامەكان و پێش ساڵێك كراوەتەوە پاش نۆژەنكردنەوەی لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی (W.H.o) كە بە باشترین ستانداردی جیهانی نۆژەن و فراوان كراوەتەوە و لە (35حازنه منداڵ) بۆ (95 حازنه منداڵ) و بە باشترین خزمەتگوزاریی تەندروستی ئەم مناڵە ناكامانەسەرپەرشتی و چارەسەر دەكەین، وە بەراورد بە خەوتنی هەر شەوێك لە نەخۆشخانە تایبەتەكان بۆ ئەم مناڵانە زیاتر لە (300 هەزار دینار)ی عێراقییە و لای ئێمە بێ بەرامبەرە و بەخۆڕاییە و هەندێك منداڵ نزیكەی دوو مانگ لای ئێمە ماونەتەوە، كە تەمەنیان لە نێوان (28 بۆ 29) هەفتە بوون و بە تەندروستییەكی باش دوای چارەسەركردنیان دەرچوون لە نەخۆشخانە.
سەبارەت بە ئاماری نەخۆشخانەكەش گوتی، ئاماری شەش مانگ لە نەخۆشخانەكەمان بریتییە لە لەدایكبوونی (4805) لە ڕەگەزی نێر، (5118) منداڵ لەڕەگەزی مێ، كۆی گشتیش (9923) منداڵ لەدایك بوون.
هەروەها سێ منداڵی فڕێدراو هەبوون و وەرگیراون لە بەشی منداڵە ناكامەكان و چارەسەریان بۆ كراوە و بە باشترین شێوە خزمەتگوزاریی تەندروستییان پێشكەش كراوە.
دەشڵێ، نەخۆشخانەكەمان سەنتەرێكی سەردەمیانەی هەیە و ئەویش سەنتەری (د. خاوەر بۆ منداڵی بلووری و نەزۆكی)یە، كە لەمساڵدا نزیكەی (1572) نەخۆش لەم سەنتەرە بینراوە، كە كێشەی نەزۆكییان هەبووە و چارەسەریان بۆ كراوە بەپێی كێشەكانیان، وە بە نرخێكی زۆر گونجاو بەراورد بە سەنتەرەكانی تایبەت بەم بابەتە، هەروەها (54) حاڵەتی پۆزەتیڤ هەبووە و لە كۆی (113) نەشتەرگەریی منداڵی بلووری و (113) پیتاندنی پۆزەتیڤ هەبووە لە ساڵی ڕابردوو پاش ئەنجامدانی پرۆسەی منداڵی بلووری(I.V.F).
ناوبراو هەروەها ڕوونیشی كردەوە، لە ڕووی ئەكادیمییەوە، نەخۆشخانەكەمان متمانەی بۆردی ئوردنی پێ بەخشرا ئەمساڵ كە لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی بۆردی كوردستانی بۆ پسپۆڕە پزیشكییەكان سەرپەرشتی كرا و چەندین تیمی پزیشكیی ئوردنی بۆ ئەم مەبەستە سەردانی نەخۆشخانەكەمانیان كرد و بە پلەی یەكەم ئەم متمانەیەی پێ بەخشرا، وە سوپاسی سەرۆكی ئەنجومەنی بالای بوردی كوردستانی بۆ پسپۆڕیه پزیشكیەكان .
ئەوەش دەخاتە ڕوو، لە ڕووی داكۆكی لە مافی ئافرەت، نەخۆشخانەكەمان سەنتەری نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتانی هەیە بە ناوی (سەنتەری تەندروستی ناوەندیی ئافرەتان)، كە ڕۆژانە چەندین حاڵەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان و ژنان چارەسەر دەكرێت و من وەك سەرپەرشتیاری ئەم ناوەندە وەك پسپۆڕی ئافرەتان چارەسەری نەخۆشەكان دەكەم و هەروەها پزیشكی دادوەری و پزیشكی پسپۆڕی دەروونی و بەشی یاسایی بۆ چارەسەری كێشەكانیان لە دادگا، كە ئەم سەنتەرە لەلایەن ڕێكخراوی یونسێف دروست كراوە بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر.
لە كۆتاییدا ڕایگەیاند، زۆر سوپاسی ڕێزدار مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ پرۆژەی (هەژماری من)، وە هەروەها سوپاسی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر دەكەین، كە بەردەوام پشتگیریی نەخۆشخانەكەمان دەكەن، هەروەها سوپاسی ڕێكخراوە حكوومی و ناحكوومییەكان دەكەین كە هاوكارمان بوونە بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژانە لە نەخۆشخانەكەمان.
وە هەروەها سوپاسی دەستەی كارگێڕیی نەخۆشخانەكەمان و گشت سەرۆك بەشەكان و پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەكەمان دەكەم كە (24) كاتژمێر لە خزمەتی هاولاتیانی شاری هەولێر و دەوروبەریدان.

ھەواڵی زیاتر