بە کورتی بە کوردی

ھۆشیار سیوەیلی

كەركوك و هەڵبژاردنێكی چارەنوسساز

ڕۆژی دووشەمەی داهاتوو، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقە، هەر چەندە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەشدار نابن، بەڵام لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لەو پارێزگایانە بەشدار دەبن كە بەشێك لە خاكی كوردستانیان تێدایە یان كەمینەی كورد لەو پارێزگایانە دەژین. هەموو ئەو شوێنانە گرنگن و هیوادارین بە پێی ڕێژەی كورد لەو شوێنانە و بەبێ فێڵ و ساختەكاری كاندیدە شیاوەكانی كورد دەربچن تا لە ئەنجوومەنەكاندا بتوانن نوێنەرایەتی دانیشتوانی كوردی ئەو پارێزگایانە بكەن. بەپێی واقیعی ئێستا كورد لە هەموو ئەو پارێزگایانە كەمینەن جگە لە كەركوك كە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە ساڵی 2005ـدا، كە یەكەم و دوا هەڵبژاردنی ئەنجوومەن بوو لەو پارێزگایە، لیستی برایەتی 26 كورسی لە 41 كورسیەكەی ئەنجوومەنی بەدەستهێنا و ڕێژەی دەنگەكانی 63.41 % بوو. ئێستا ژمارەی كورسییەكانی كەمكراوەتەوە بۆ 15 كورسی و یەك كورسی بۆ پێكهاتەی كریستیانەكان. لە دوا هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021 كورد توانی 6 كورسی پەرلەمان بباتەوە لە كۆی 12 كورسی و نزیكەی 161 هەزار دەنگ بهێنێت كە دەكاتە 39% ـی دەنگەكان، هەر چەندە ڕێژەی دەنگەكان كەمبوو.
هیوادارین ئەو ماددە و بڕگانەی یاسای نوێی هەڵبژاردن كە تایبەتن بە كەركوك بە تایبەتی ئەو بڕگەیەی كە دەڵێت هەموو ئەو كەسانەی پێش ساڵی 2003 لە كەركوك كۆبۆنی خۆراكیان هەبووە دەتوانن دەنگ بدەن، نەبنە هۆی زیادكردنی دەنگی غەیری كورد. هەڵبژاردنی ئەمجار یەكجار گرنگە بۆ داهاتووی كەركوك بەتایبەتی بۆ دیاریكردنی پارێزگاری داهاتوو. ئەو چەند ساڵە پارێزگارێكی سەپاو و شۆڤێنی و بە پشتی حەشدی شەعبی غەدر و زوڵم لە كوردانی پارێزگاكە دەكات. بەداخەوە لایەنە كوردستانییەكان لە پاریێزگای كەركوك نەیانتوانی پێكەوە و بەیەك لیست بەشداری بكەن و ئەمەش ڕەنگە كاریگەریی نەرێنی هەبێت. پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئامادەكاری تەواوی كردووە بۆ هەڵبژاردن لە هەموو ئەو پارێزگایانەی بەربژێری هەیە و هەوڵەكان بەردەوامن، هیوای سەركەوتن بۆ لیستەكەی پارتی دەخوازین و هیوادارین وەك پێش هەڵبژاردن نەتوانرا كۆدەنگییەكە دروست بكرێت، ئەوا دوای هەڵبژاردن هەموو لایەك كۆك بن لەسەر دانانی پارێزگارێكی پاك و نیشتیمانپەروەر .

ھەواڵی زیاتر