سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

وەزارەتی خوێندنی باڵا چەند بڕیارێک بۆ رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەردەکات

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی فەرمی بۆ تەواوی زانکۆکانی حکومی و تایبەتەکان و کۆلیژە زانکۆ و پەیمانگاکان ناردووە، تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە لەپێناو بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، هەر وانەیەک یاخود تاقیکردنەوەیەک لە رۆژانی (17 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) هەیە دوابخرێت و بخرێتە رۆژانی دواتر و قەرەبوو بکرێنەوە بۆ قوتابیان و خوێندکارانی دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

هەر لەو نووسراوەدا هاتووە، لەو دوو رۆژەدا سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەران و قوتابیان و خوێندکارانی کە دەنگیان دەکەوێتە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە نەهاتوو هەژمار ناکرێن ئەمەش لەپێناو بەشداریکردنیان لە پرۆسەی دەنگدان.

بڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

رۆژی (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پێنج هەزار و 915 کاندید لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کێبڕکێ دەکەن، چوار هەزار و 258 کاندیدیان لە رەگەزی نێرن و هەزار و 657 کاندیدیش لە رەگەزی مێن، لەمیانی پرۆسەی وردبینیکردن و بەدواداچوون، 357 کاندید لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرانەوە