بڕیاره سبه‌ی سه‌رۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرێت، لە کاتێکدا تا ئێستا لایه‌نه سووننه‌كان لەسەر دیاریکردنی جێگرەوەی حەلبووسی نه‌گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن.
دوای نزیكه‌ی مانگێك له دوورخستنه‌وه‌ی محه‌ممه‌د حه‌لبووسی له ئه‌ندامێتیی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌لایه‌ن دادگای باڵای فیدراڵییه‌وه، ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت لایه‌نه سووننه‌كان له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ی حه‌لبووسی نه‌گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن.
هه‌ریه‌كه له هاوپه‌یمانی حه‌سم، ته‌قه‌دووم و عه‌زم كاندیدی خۆیان هه‌یه و پێناچێت به ئاسانی له دانیشتنی سبەی چوارشه‌ممه، 13-12-2023، په‌رله‌ماندا پرسه‌كه به ئاسانی یه‌كلایی بكرێته‌وه.
په‌رله‌مانی عێراق بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان، بڕیاریداوه سبەی چوارشه‌ممه دانیشتنێكی نائاسایی بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورسییه‌كه‌ی حه‌لبووسی به‌ڕێوه ببات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه تائێستا هێز و لایه‌نه سووننه‌كان چه‌ندین كاندیدیان هه‌یه و ئاماده‌نین سازش بۆ یەکدی بكه‌ن.
مورته‌زا ساعدی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی سه‌نه‌د له په‌رله‌مانی عێراق كه هێزێكی سه‌ر به چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییه، ناوی كاندیدیان بۆ جێگره‌وه‌ی حه‌لبووسی ئاشكرا ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، هێزه سووننه‌كان له‌سه‌ر پێنج كاندیدی به‌هێز له كێبڕكێدان، به‌تایبه‌تی حزبی ته‌قه‌دووم به سه‌رۆكایه‌تیی حه‌لبووسی، هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی كورسییه‌كه ده‌ده‌ن و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیش پێی باشه كاندیده‌كه له ته‌قه‌دووم بێت به‌و پێیه‌ی گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی په‌رله‌مانین و 37 كورسییان هه‌یه.
به‌گوته‌ی ساعدی، تا ئێستا ناوی پێنج كاندید پێشكه‌شی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كراون بۆ ئه‌وه‌ی شوێنه‌كه‌ی حه‌لبووسی پڕ بكه‌نه‌وه، كه ئه‌وانیش هه‌ریه‌ك له زیاد جه‌نابی، عه‌بدولكه‌ریم عه‌بتان، یه‌حیا ئه‌لمحه‌ممه‌دی له حزبی ته‌قه‌دوومن، له‌به‌رامبه‌ردا مه‌حموود مه‌شهه‌دانی، ته‌ڵاڵ زوبێعی و سالم عیساویش له هاوپه‌یمانی عه‌زمی خه‌میس خه‌نجه‌ر بۆ پۆسته‌كه كاندیدن. هه‌ندێك لایه‌نی دیكه‌ی سووننه باس له كاندیدبوونی ئوسامه نوجێفی، جه‌مال كه‌ربولی، رافیع عیساوی و سابت عه‌باسی -ش ده‌كه‌ن.
بڵاوكردنه‌وه‌ی ناوی كاندیدان له‌لایه‌ن هێزه سووننه‌كان له كاتێكدایه، هێشتا نێوماڵی سووننه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان له گفتوگۆدان و پێناچێت به ئاسانی ئه‌م پرسه به‌دانیشتنێكی په‌رله‌مان یه‌كلایی بكرێته‌وه و سه‌رۆكێكی نوێ بۆ جێگره‌وه‌ی كورسییه‌كه‌ی حه‌لبووسی هه‌ڵبژێرن.