لەبەرچی ئێزدییەکان دەنگ بە پارتی دەدەن؟

سالار عوسمان

لە تێکڕای هەڵبژاردنەکان ئێزدییەکان زۆرترین دەنگی خۆیان بە پارتی دیموکراتی کوردستان داوە، ئەمجارەش هەروا چاوەڕێ دەکرێ، کە زۆرترین دەنگی خوشک و برا ئێزدییەکان بۆ لیستی 197 ی پارتی دیموکراتی کوردستان بێت.
لەبەرچی؟… لەبەرئەوەی کە ئێزدیییە هێژاکان مێژوویان خوێندۆتەوە و دەزانن، کە ڕێبازی بارزانی ڕێبازی هەمووانە، هەموو ئەوانەی دەیانەوێ پێکەوە بژین، هەموو ئەوانەی دەیانەوێ بە جیاوازییەوە، لێ بە ئاشتی و تەبایی پێکەوە بژین، واتە جیاوازی، فرەڕەنگی و پێکەوەژیان لە ڕێبازی بارزانی ـ دا واتە بڕوا و ڕوانگا و ڕۆشنیی کوردستان و دەبێ بە بەردەوامیش پەرەی پێ بدرێت و قووڵتر بکرێتەوە.
ئێزدییەکان دەنگ بە لیستی 197 دەدەن، چونکە دەزانن ڕوانگەی پارتی بۆ بوون، ڕەسەنایەتی، ڕۆڵ، ماف و بەشدارییان لە کایەکانی ژیان و حوکمڕانی مەسەلەیەکی ڕووکەش و میدیاییانە نییە، بگرە قەناعەت و بڕوا و ژیانبینییە.
دیسان ئێزدییەکان باش دەزانن، کە خەمخۆری سەرەکییان لە عێراق و کوردستان و بگرە ناوچەکەش سەرۆک مەسعود بارزانی ـ یە، هەموو قۆناغەکانیشیان لەبەرچاوە، لە شۆڕش، لە ڕاپەڕین، لە حکومەت و پەرلەمانی کوردستان، لە عێراق و لە پرۆسەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەکانی حکومەتی فیدراڵ، تەنانەت لە دوا کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستانیش، کە چۆن سەرۆک بارزانی، بەردەوام لە هەمووان پەرۆشتر بووە بۆ ئێزدییەکان و بە قەناعەت و کردەیی بەرگریی کردووە لە بوون و ماف و مێژوو و ئێستا و ئاییندەیان و بەردەوامیش دەبێت.
گەنج و پیر و ژن و پیاوی ئێزدی باش دەزانن و لەبیریانە، کە سەرۆک بارزانی لە ڕۆژانی شەڕی داعشدا چی بۆ ئێزدییە ئازیزەکان، بۆ شنگال کرد و چۆن ئاواتی هێنانە دی و ئازادیی پێشکەش کردنەوە.
لە ڕوانگەی ئەم مێژووبینییەوە، لە قووڵی ئەم بڕوایەوە، هەموومان چاوەڕێ دەکەین پیر و تولاز و جەوانی ئێزدییان و هەموو ئەوانەی لە شنگال و دەوروبەری دەژین، ڕۆژی دەنگدان متمانە و دەنگی خۆیان بدەن بە لیستی 197 ی پارتی دیموکراتی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر