حەمەسەعید حەسەن
ڕۆمانێکی جێی گومان
پاژنه‌ی ئاخیلی غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵ ئه‌وه‌یه که هێنده له ڕۆمانی (به‌فر)ی ئۆرهان پاموک ده‌چێت، تا ئه‌و ئاسته‌ی دیسانه‌وه خوێنه‌ری شتزان، له به‌ختیار عه‌لی بکه‌وێته گومانه‌وه. له (به‌فر)دا، کا (قاره‌مانی ڕۆمانه‌که) له ئه‌ڵمانیاوه بۆ تورکیا دێته‌وه و له شاری (قارس) له هۆتێلێک لا ده‌دات و له‌گه‌ڵ (ئیپه‌ک)ی کیژی خاوهنهۆتێلهکهدا، تا ڕاده‌ی جووتبوون ده‌ست تێکه‌ڵ ده‌کات. له غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵدا، (زوهدی شازه‌مان) له ئینگلیستانه‌وه بۆ کوردستان دێته‌وه و له‌گه‌ڵ (ئه‌فسانه)ی ژنی خاوهنهۆتێلدا، تا ئاستی جووتبوون ده‌ست تێکه‌ڵ ده‌کات. به هه‌مان ئه‌و شێوازه‌ی (ئیپه‌ک) شه‌وان سه‌ردانی (کا) ده‌کات، (ئه‌فسانه)یش سه‌ر له زوهدی شازه‌مان ده‌دات. (کا) بۆ ڕووماڵکردن و به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی دیارده‌ی خۆکوشتنی ژنانی سهربهلهچک ڕووی کردووه‌ته قارس، زوهدی شازهمانیش بۆ سۆراخکردنی باران شوکوری خوشکه‌زای گەڕاوەتەوە که مێرده‌که‌ی به تۆمه‌تی ناپاکیکردن کوشتوویه‌تی. که‌واته نه‌ک هه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌کان له یه‌کدی ده‌چن، به‌ڵکوو مه‌به‌ست له گهڕانهوهکانیش هه‌ر هه‌مان مه‌به‌سته که کێشه‌ی ژنکوشتنه.
ئه‌و کرده سێکسه‌ی له نێوان (ئیپه‌ک و کا)دا ڕوو ده‌دات، کوتوپڕ و بێ پێشینه نییه و ئۆرهان پاموک وه‌ک سێکسی نێوان دوو ئینسان وێنه‌ی کێشاوه، وه‌لێ ئه‌و سێکسه‌ی نێوان (ئه‌فسانه و زوهدی شازه‌مان) که به‌ختیار عه‌لی باسی ده‌کات، چونکه له ناکاو و بێ هیچ پێوه‌ندییه‌کی دێرین ڕوو ده‌دات، هه‌ر له سێکسی نێوان ئاژه‌ڵان ده‌چێت. پێم وایه ئه‌و پیاوه‌ی توانای ئه‌وه‌ی نه‌بێت، له هه‌ستی ژن تێبگات، توانای ئه‌وه‌یشی نابێت، شتێکی جوان ده‌رباره‌ی ژن بنووسێت. شیعر له ناخی شاعیره‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت و ده‌ربڕی هه‌ستی خودی شاعیره، وه‌لێ ڕۆمان چونکه پێویسته ناخی که‌سانی دیکه‌یش بخاته ڕوو، بۆیه خه‌یاڵی ڕۆماننووس ده‌بێت زۆر له خه‌یاڵی شاعیر فراوانتر بێت. وه‌ک چۆن شاعیر سه‌رکه‌وتووانه باسی خه‌م و خولیاکانی خۆی ده‌کات، پێویسته ڕۆماننووس وێڕای هه‌ستی خۆی، به سه‌رکه‌وتوویی هه‌ستی که‌سانی دیکه‌یش ده‌رببڕێت. به‌ختیار عه‌لی هه‌رچه‌نده له ڕۆمانی غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵدا به‌رده‌وام باسی خه‌یاڵ ده‌کات، وه‌لێ له بواری به‌گه‌ڕخستنی خه‌یاڵدا، خوێنه‌ر (خوێنه‌ری شتزان نه‌ک هی بێسه‌واد،) تووشی نائومێدی ده‌کات.
ڕۆمانی به‌فری ئۆرهان پاموک بایه‌خێکی زۆر به تیرۆرکردنی نه‌یارانی سیاسی و ژیاننامه‌ی پیاوکوژان ده‌دات، له غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵی به‌ختیار عه‌لیشدا، مه‌سه‌له‌ی تیرۆرکردنی نه‌یاری سیاسی و بیۆگرافیای پیاوکوژان، پشکی شێریان پێ ده‌بڕێت. به‌ختیار عه‌لی ڕۆمانی به‌فری نه‌ک هه‌ر خوێندووه‌ته‌وه، به‌ڵکوو که (به‌کر شوانی) کردوویه به کوردی، ئه‌رکی پێشه‌کی بۆ نووسینی به‌و سپاردووه.
ئۆرهان پامۆک که له (به‌فر)دا دیارده‌ی خۆکوژی لای ژنانی له‌چکدار به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه، ڕه‌خنه له ده‌سه‌ڵاتی عه‌سکه‌ر و هه‌ژموونی ئایینی ئیسلام و ئیسلامییه‌کانیش ده‌گرێت، وه‌لێ به‌ختیار عه‌لی ته‌نیا ڕه‌خنه‌ی له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌یه و توخنی ئیسلامییه‌کان و تابووه ئایینییه‌کان که که‌م تا زۆر پێوه‌ندییان به ژنکوژییه‌وه هه‌یه، ناکه‌وێت. (عه‌لاء ئه‌سوانی)یش له ڕۆمانی (شیکاگۆ)دا، هێنده بوێرانه هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ ئایین، سێکس و ده‌سه‌ڵاتی سه‌رکوتگه‌ردا ده‌کات، (غه‌زه‌لنووس)ه‌که‌ی به‌ختیار له‌چاو (شیکاگۆ)یه‌که‌ی ئه‌ودا، هه‌وڵێکی شه‌رمنه.
له غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵدا، (مورته‌زای شه‌یتان) ئیشی ئه‌وه‌یه، ته‌رمی قوربانییه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆ و لاشه‌ی ئه‌و ژنانه شوێن‌بزر بکات که به پاساوی ئاوڕووپارێزییهوه ده‌کوژرێن، که‌چی که ده‌په‌یڤێت، هێنده‌ی شانۆکارێکی پرۆفیشیۆناڵ، شاره‌زای شاکاره‌کانی شه‌کسپیره! (شبر مسته‌فا و حه‌سه‌ن تۆفان)یش، هه‌رچه‌نده دوو پیاوکوژی پرۆفیشیۆناڵن، کەچی کە دێنە قسە، ده‌ڵێیت دوو شاعیری نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕینن و ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جار وه‌ک بیرمه‌ندیش ده‌دوێن!