یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لە حەفتا و یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا

د. ڤیان سلێمان

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، ئەمڕۆ دەچێتە نێو حەفتا و یەک ساڵەی تەمەنی دامەزراندنی، مێژووی دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە تێکۆشەرە هاوکاتە لەگەڵ ساڵانی سەرەتای دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی بزاڤێکی ڕزگاریخوازی کوردستانی بە ڕابەریەتی (بارزانی نەمر) سەرکردەی شۆڕش و ڕابەری ئەو بزاڤە نەتەوەیی و نیشتیمانی و دادخواز و یەکسانیخوازە بۆ هەموو پێکهاتە و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی لەو چوارچێوەیەشدا بۆ پشتیوانیکردن و ڕێکخستنی ئافرەتان بۆ هاتنە نێو کۆڕی خەباتی نەتەوەیی لە فۆرمی ڕێکخراوەیی و دامەزراوەیدا.
پارتی دیموکراتی کوردستان هەر شەش ساڵ دوای دامەزراندنی و لە سۆنگەی بڕوای تەواوی بەوەی؛ بزاڤێکی ڕزگاریخوازی کە بۆ ڕزگاری گەلێکی ژێردەستە تێ بکۆشێت، کە گەلانی دیکە مافیان پێشێل کردبێت، دەبێت هەمان خواستی بۆ سەرجەم ڕۆڵەکانی گەلەکەی خۆی هەبێت بەبێ جیاکاری لەسەر بنەماکانی ئایین، نەتەوە، ڕەگەز، بۆیە پارتی لە کاتێکدا چەتری کۆکردنەوەی هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکانی کوردستان بوو، بۆ یەکسانی دەرفەت و دەستکەوت و بەرپرسیاریەتی بۆ هەر دوو ڕەگەز ئافرەت و پیاو تێ دەکۆشا. هەر خودی دامەزراندنی ڕێکخراوێک بۆ ئافرەتان لەو کاتەدا، جۆرێک گۆڕانکاری بوو لە گوتار و کولتووری سیاسەت. کە لەو کاتەدا مۆرکێکی تەواو پیاوانەی هەبوو.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە هەمان ڕوانگەی کوردستانییانەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستاش بەپێی گۆڕانی هەلومەرج و بارودۆخەکان خەباتی خۆی ئاراستە کردووە، یەکێتی ئافرەتان پشتئەستوور بە پشتیوانی ڕابەری بزاڤی ڕزگاریخوازیمان جەنابی (سەرۆک بارزانی) وەکوو ڕابەرێکی یەکسانیخواز کە بڕوای تەواوی بە تواناکانی ئافرەت هەیە، وەک ڕێکخراوێکی کۆمەڵگای مەدەنی و چالاک لە شۆڕشی ڕزگاریخوازی کوردستانی هاوکات بزووتنەوەی ئافرەتانی جیهانی، بەڵام بە میکانیزمێک کە لەگەڵ کۆمەڵگەکەیدا بگونجێت مێژوویەکی پڕ سەروەری بۆ خۆی تۆمار کردووە.
ڕێکخراوەکەمان لە کاتێکدا ئامانجی سەرەکی هۆشیارکردنەوەی ئافرەتان و هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، لە هەمان کاتدا ئەرکی خۆی بەرامبەر نیشتمان لا پیرۆزە و لەپاڵ هۆشیاری مرۆیی کار بۆ هۆشیاری نەتەوەییش دەکات و هەموو کات بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ دۆخی سیاسی کردووە.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان خاوەن ڕوانگەیەکی مرۆڤدۆستانە و یەکسانیخوازییە بۆ پرسی ئافرەت و کار بۆ ئەوە دەکات، ئافرەتان هاوشان و هاوتای پیاوان ڕٶڵیان لە هەموو بوارەکان هەبێت و دەرفەتی یەکسانیان لە پێگەیاندن و تواناسازی بۆ بڕەخسێت. هەلومەرجێکی لەو شێوەیەش پێویستی بە هۆشیاری زیاتری ئافرەتان و خۆ بە بەرپرس زانینە لە ئاست هەموو ڕووداوەکان و گشت بوارەکان و یەکگرتوویی و کارایی بزاڤی ئافرەتانە، لە هەمان کات پێویستی بە پشتیوانی و بەرنامەسازی حکومەت و هاوئاهەنگی کەرتی تایبەت و هەموو دامەزراوەکانی دیکەیە. لەو سۆنگەوە یەکێتی ئافرەتان دوور لە بانگەشە و موزایەدە هاوکات دوور لە کەوتنە دوای ئەو گوتارەی کە هەموو پرسەکان بە لاڕێدا دەبات و لە پرسی ئافرەتیش بە هەمان شێوە لایەنە نەرێنییەکانی هەلومەرجی ئافرەت و تەنانەت چەند جار گەورە کردنیان، وێناکردنی ئافرەت وەکوو قوربانی و لاواز و بێبەش لە هەموو مافێک، یان بە کاڵا نیشاندانی و لەو چوارچێوەیەشدا بەستنەوە و تێکەڵکردنی هەموو ئازادییەکی ئافرەت بە ڕووکەش، یاخود بە ئایدیۆلۆژیکردنی و گرێدانی کەسایەتی ئافرەت بە شێواز و جۆری جلوبەرگ، پێچەوانەی هەموو ئەم ئاراستانە، یەکێتی ئافرەتان لە سۆنگەی خودی کێشەکانی ئافرەتانی کوردستان و خەم و ئازار و پێویستییەکانیان، پێشکەوتنەکانی ئێستاش دەبینێت و شانازی بەوە دەکات، کە پشکی سەرەکی لە بەدەستهێنانی ئەو دەستکەوتانەدا هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا پشتیوانی بەرنامە و هەڵوێستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
هاوکات بە چاوی ڕەخنە لە خۆ گرتن و خۆ هەڵسەنگاندن، پێداچوونەوەی بەردەوام بە ڕۆڵ و ئەدای ڕێکخراوەیی خۆی دەکات و هەموو کادیرانی لە هەموو ئاستەکانی ئۆرگانی پابەند بە خۆ پێگەیاندن دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش تواناسازی ڕێکخراوەکەمان لە کاتێکدا بۆ ئافرەتانی کوردستانە بە گشتی، لە هەمان کات بۆ خودی کادیرانی ڕێکخراوەکەیە، بۆ ئەوەی لە ئاست جێبەجێکردنی ئەرکەکان و بەدیهێنانی ئامانجەکان و مێژووی پڕ شکۆی یەکێتی ئافرەتاندا بن.
یەکێتی ئافرەتان، ڕێکخراوی هەموو ئافرەتانی کوردستانە بە هەموو جیاوازییەکانەوە، بۆیە زۆرترین ئەندامی لە نێو ئافرەتانی ئێزدیدا هەیە و هەموو پێکهاتەکانی کوردستان لە سەرکردایەتییەکەیدا هەن، ئەم ڕێکخراوە خەباتی خۆی تەنیا لە وۆرکشۆپی نێو هۆتێلەکان و بازنەی تەسکی گفتوگۆکاندا نابینێتەوە، بەڵکوو لە گەڕەک و گوند و شارەدێ و هەموو خاکی کوردستان، کێشەی ئافرەتان لە خۆ دەگرێت و لە نێو ئافرەتانی توێژی بێبەشی کۆمەڵگەدا چارەسەر پێشنیاز دەکات.
یەکێتی ئافرەتان بە باشی بۆ ئەرکەکانی هاوکات تواناکانی وەکوو ڕێکخراوێکی ئافرەتان تێگەیشتنی هەیە لەوەی کە ئەرکەکانی لە چوارچێوەی ئەرکی ڕێکخراوێکی ئافرەتان، بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و دروستکردنی فشار و بوون بە پردێکی پەیوەندییە لە نێوان ئافرەتان و دەسەڵات و بڵندگۆی بەرزکردنەوەی دەنگی ئافرەتانی ستەملێکراوی دەستی دیاردەکانی نەریتپاریزی و هزری پیاوسالارییە بۆ ڕای گشتی، وێڕای ئەوەش ناوەندێکە بۆ پێگەیاندنی کادیری ئافرەت بۆ هەموو کایەکان و بۆ بردنەسەری توانا سیاسییەکانیان و بۆ زیاترکردنی کاریگەری ڕۆڵی ئافرەت لە کایەی سیاسی، بە هەموو توانا بەردەستەکانی و گشت ناوەندەکانی ماڵی دووەمی ئافرەتانی کوردستانە و پشتیوانی قوربانیانی توندوتیژی و هاوکاریانە و ڕێنیشاندەر و زەمینەسازی بەهرە و تواناکانیان و هەڵگری خەم و ئازارەکانیانە.
هەر بۆیە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، ڕۆڵ و سەنگی خۆی وەک زیاتر لە ڕۆڵی ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی دەبینێت، بەڵکوو خۆی وەکوو بزاڤێکی ئافرەتانەی مێژوویی، مرۆڤایەتی، نیشتمانی و کۆمەڵایەتی دەبینێت و ئەرکەکانیشی هەر لەو چوارچێوەیەدا جێبەجێ دەکات.
ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لە دایکان و خێزانی شەهیدان، کادیر و ئەندامانی و هەموو ئافرەتانی کوردستان پیرۆز بێت و ڕێی خەبات و تێکۆشانی کراوە بێت.

ھەواڵی زیاتر