ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:ڕووبەڕووی هەر نەریت و بیروبۆچوون و دیاردەیەک دەبینەوە کە ببێتە مایەی توندوتیژی

دوێنێ، هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان کۆتایی هات، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە وتارێکدا ڕایگەیاند: بەردەوام دەبن لە ڕیشەکێش کردنی ئەو کۆسپ و بەربەستانەی لە پشت هزری توندوتیژییەوەن و گوتیشی: هەستیاریی قۆناغەکە وادەخوازێت کە هەنگاوی کردەیی و ڕاستەقینە بهاوێژین، بۆ ئەوەی نەوایەکی ئارام و ژینگەیەک دروست بکەین کە تێیدا ئافرەت بە ئازادی و بێ ترس و دڵەڕاوکێ بژیت و دووربێت لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دواین ڕۆژی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: “هەوڵ و کۆششی هەمووان بۆ ڕیشەکێش کردن و کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ئافرەتان و کچان لە جاران زیاتر و دلێرانەتر دەردەکەوێت، ١٦ ڕۆژی ڕابردوو وەبیرهێنانەوەیەکی کاریگەر و گرنگ بوو، کە بەرپرسیاریەتی هاوبەشمان تەنیا هەنگاوی تیۆری و قسەکردن نەبێت، بەڵکو هەستیاریی قۆناغەکە وادەخوازێت کە هەنگاوی کردەیی و ڕاستەقینە بهاوێژین، بۆ ئەوەی نەوایەکی ئارام و ژینگەیەکی دروست بکەین کە تێیدا ئافرەت بە ئازادی و بێ ترس و دڵەڕاوکێ بژیت و دووربێت لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک”.

وەزیری ناوخۆ، باسی لە گرنگی هەڵمەتە کرد و گوتی: “لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژی کەمپینەکەدا ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە کاریگەریی و کاردانەوەی توندتوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز و جۆرەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان هیچ سنوورێک نازانێت، تەمەن، نەتەوە، ئایین و ئایینزا، باری کۆمەڵایەتی و دۆخی ئابووری و تەنانەت سنووری جوگرافیشی تێپەڕاندووە، بووەتە مۆتەکەیەک کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی ملیۆنان ئافرەت دەبێتەوە و شکۆی مرۆیانەی ئافرەتان و سەلامەتی و مافەکانیان لە سەرتاسەری جیهان پێشێل دەکات؛ سەرەڕای ئەوەش، هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، تیشکی خستە سەر گرنگیی کۆدەنگیی هاوبەش و هاوسۆزیی هەمووان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی. ئەو ڕاستیەشی سەلماند کە هۆشیاریی کۆمەڵایەتی هەنگاو بە هەنگاو بەرز دەبێتەوە و بەرەو پێشەوە دەچێت، بوێرانە دژی ئەو پەتایە دەوەستێتەوە کە ژیانی کۆمەڵگە دەخاتە مەترسییەوە، لەلایەکی دیکەشەوە ئەم هەوڵە هاوبەشانە دەبنە مایەی گۆڕانکاریی و پێشڤەچوونی کۆمەڵگە لە سەرجەم بوارەکاندا”.
وەزیری ناوخۆ، گوتیشی: “لەکاتێکدا کە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان کۆتایی پێدێت، بەڵام بێگومان ڕووبەڕووبوونەوەی ئێمە لەگەڵ توندوتیژی بەردەوامە و کۆتایی نایەت، بەڵکو دەگەینە قۆناغی هەمیشەییمان بۆ نەهیشتن و ڕیشەکێش کردنی ئەو کۆسپ و بەربەستانەی لەپشت هزری توندوتیژییەوەن، ڕووبەڕووی هەر نەریت و بیروبۆچوون و دیاردەیەک دەبینەوە کە ببێتە مایەی توندوتیژی”.
ڕێبەر ئەحمەد، ڕاشیگەیاند: “جێی خۆیەتی ڕۆشنایی بخەینە سەر ڕۆڵی گرنگی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان. ئامارەکان جێی سەرنجن، ژمارەیەکی بێشوماری ئافرەتان ڕۆژانە لە جیهان ڕووبەڕووی زیانی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە، لە بەرامبەر ئەوەشدا دەکرێت بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی و ڕۆشنبیری لەناو کۆمەڵگەدا ئەو چەکە بەهێزە بێت لە دژی ئەم تاریکییە بەکاربێت، بە هۆشیارکردنەوەی خەڵک نەک هەر ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی توندوتیژی دەکرێت، بەڵکو بەربەستی ئەو بێدەنگییە دەشکێندرێت کە زۆرجار قوربانیان بەدەستییەوە دەناڵێنن، هۆشیاری هاندەرێکی سەرەکییە بۆ گۆڕانی ئەرێنی و دەبێتە هۆکاری زاڵبوونی هاوسۆزی و تێگەیشتن بەسەر دابونەریتە نەشیاوەکانی کۆمەڵگە بەرامبەر بە ئافرەت”.
ئەوەشی ڕاگەیاند: “هۆشیاری لەناو خێزان و قوتابخانەکان دەست پێدەکات، پەروەردەکردنی تاک و کۆمەڵگە و گەنجەکان لەسەر بیروباوەڕی یەکتر قبوڵکردن بناغەی کۆمەڵگەی تەندروستە، پەروەردەی ڕاست هێز دەبەخشێت بە تاک و کۆمەڵگە، کاتێک لە هۆکاری سەرەکی و دەرەنجامەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان تێگەیشتین دەبینە داکۆکیکار و بونیاتنەری کۆمەڵگەیەکی یەکسان و ئارام. هەروەها مامۆستایانی ئاینی ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن لە بڵاوکردنەوە و هزری میانڕەو، هەروەها ڕەتکردنەوەی هەموو توندوتیژییەک. پێویستە نەوەکانی داهاتوومان پەروەردە بکەین و ڕابهێنین کە ڕێز لە جیاوازییەکان بگرن و بڕوایان بە یەکسانی و دادپەروەری هەبێت، لە لایەکی دیکە سۆشیال مێدیا ئامرازێکی سوود بەخشە بۆ هاندانی قوربانیان و دەنگە کپکراوەکان، کە خۆیان لەو پلاتفۆڕمانە ببینەوە و بەسەرهاتەکانی خۆیان بکەنە پەند، بۆ ئەوەی کەسانی دیکە نەکرێن بە قوربانی”.
گوتیشی: “هۆشیاری بە تەنیا بەس نییە، بەڵکو دەبێ گوفتارەکانمان بکەینە کردارێکی بەرجەستە، ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو کاتێک داکۆکیکارێکی سەرسەختی قوربانیان بووینە و بە توندیش رووبەڕووی تاوانبارەکان بووینەتەوە، لەو پێناوەش چەندین قوربانیمان داوە پۆلێک ئەفسەر و کارمەندانی ئاسایشی ناوخۆ شەهید و بریندار و پەککەوتە بوونە”.
ئەوەشی ڕاگەیاند: دەبێ هاوکاری پێویست و پەنایەکی ئارام بۆ ئافرەتانی ڕزگاربووی هزری توندوتیژی بڕەخسێنین، وە پاڵپشتی ئەو سیاسەت و ستراتیجییانە بکەین کە ئافرەتان لە هەر جۆرە هەڕەشە و توندوتیژییەک دەپارێزن، هاوکات حکوومەتی هەرێم پشتیگیری و پاڵپشتیی خۆی دووپات دەکاتەوە بۆ ئەو ڕێکخراو و دامەزراوانەی کە ماندووینەناسانە لەپێناو خۆشگوزەرانی ئافرەتان کاردەکەن “.
جەختیکردەوە: “پێویستە کردارەکان لە گوتارەکان زیاتربن، پێویستە ئەو مەشخەڵەی لە ١٦ ڕۆژی ڕابردوو هەڵکراوە گەش بێت و ڕێگای داهاتووی پێ ڕۆشن بکەینەوە، بەرەو جیهانێک هەنگاو بنێین کە ئافرەتان و هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە دووربن لە توندوتیژی”.

ھەواڵی زیاتر