پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

کۆشش و خەباتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان

فەزیله شۆرش – هۆڵەندا

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان رێکخراوێکە لە ناخی کۆمەڵگەی کوردستانی و کوردی هەلقوڵاوە لە سەر راسپاردەی بارزانی نەمر، لە ڕۆژە دژوارو سەختەکانی کوردستان دامەزراوە .
کۆشش و خەباتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، ئافرەت نەبێتە موڵک، بەڵکو باوەر بە توانا و هێزی بکرێت،هەروەها ئەو هزرو نەریتە چەوتانەی کە لە کۆمەڵگەی کوردی و کوردستانی دێتە بەرچاو بنبر بکات، لە هەمانکات بە گرنگی دەزانی کار بۆ پاراستنی کەلتور و بەهاکانی کۆمەڵگەی کوردی بکات، بێگومان جەخت لە کۆکردنەوە و ڕێکخستنی تواناکان و هێزی ئافرەتان دەکات بۆ بەشداربوونێکی کارا لە هەموو بوارەکانی ژیان.
بە دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دەرگا واڵا بوو بۆ زیاد بوونی رێژەی بەشداربوونی ئافرەت لە کاری سیاسی و حزبی، هاوکات ئەندامانی ئەم رێکخراوە ببنە نمونەی ئافرەتی کۆڵنەدەر بۆ دۆزی ئافرەت و دەستەبەرکردنی مافە رەواکانی.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە ١١-١٢-١٩٥٢ وە تا ئێستا بە بەردەوامی بوویتە قوتابخانەیەک بۆ پێگەیاندنی ئافرەت، خاوەنی خەبات و مێژوویەکی پڕ سەروەریە و جەخت لە سەر دەرفەتی یەکسانی دەکات لە کۆمەڵگە، کەواتە خەباتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بۆ چەسپاندی هاوبەشی و یەکسانی ئافرەتە لە خێزان و کۆمەڵگە، هاوتەریب ئافرەتان ئامادە دەکات بۆ بەشداربوونیان لە پێشخستن و پێشکەوتنی خێزان و کۆمەڵگە و نیشتمان، ئەمەش بەرێکخستنی چەندەها خولی پیشەیی و رۆشنبیری بۆ ئافرەتان لە پاڵ ئەمەش ئازادی ئابووری ئافرەت بە گرنگ و پێویست دەزانی، چونکە ئازادی ئابووری هەنگاوی یەکەمی ئافرەتە بەرەو ئازدی لە رووی کۆمەلایتیەوە بۆ زامنکردنی دوا رۆژێکی ئاسوودە و رزگاربوونی ئافرەتان لە سەرکوتکردن و پیاوسالاری.
لە تاراوگه‌ش ئەنجومەنی ئەوروپای یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لەسەر هەمان رێچکە و ئامانج کاردەکات و جەخت لە سەر لۆبی کردنی پێگەی ئافرەتی کورد دەکا لە دەرەوەی وڵات و پردێکە لە نێوان کوردستان و ئەوروپا، گەیاندنی دەنگی ئافرەتی کورد بە سەرکردە و پەرلەمانەکان و رێکخراوی حکومی و ناحکومیەکان لە ئەوروپا بە ئەرکی خۆی دەزانی.هەروەها هاندەرێکی بەهێزە بۆ مانەوەی زمان و کەلتوور و شوناسی کوردی لە نێو خێزانی کوردیدا.