نەسرین حەسەن
- یەكێك لەو تایبەتمەندییانەی كە ئەمڕۆ لە جیهاندا قسەو باسی لە سەردەكرێت، ئەوەیە كە ئافرەتان چۆن توانیویانە بە هەوڵێکی بەردەوام و بە درێژایی مێژوو بگەنە پلە باڵاکان و نیشان بدەن کە ئەوان لە پیاوان کەمتر نین و تەنانەت لە بواری بازرگانی و بەرێوەبردنیشدا لە ئاستێكی بەرزدان و ڕەنگە لە زۆر حاڵەتدا ئەنجامەکان باشتر و قبوڵکراوتر بن.سەرەتا ئافرەتان هەوڵیانداوە سەرکەوتن وەک وشەیەکی پیاوانە پێناسە بکەن، بە پەیڕەوکردنی یاساکانی پیاوان بۆ ئەوەی لە پۆستی بەڕێوەبەرایەتیدا بن کە زۆرجار لە پیاوان پێکهاتبوون.بەڵام ئێستا یەشێكی بەرچاوی ئافرەتان گەیشتوونەتە پۆستی بەڕێوەبردن، ئەمجارەیان نەک بە پێناسەیەکی پیاوانە بۆ سەرکەوتن، بەڵکو بە لێهاتوویی و هەڵوێستی ئافرەتانە و هاوبەشکردنی ئەزموونەکان كە وەك ئافرەت پێناسەی سەرکەوتنیان کردووە. ئەم ئافرەتانەسەرکردەی سەرکەوتووی شەپۆلی دووەمن.
— ئەمڕۆ لە ئاستی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هەموو هەوڵی خۆیان خستۆتە گەڕ بۆ سەقامگیری و ئاسایشی كۆمەڵگە و پێیان وایە ئافرەت رۆڵێكی كاریگەریی لەو بوارەدا هەیە بۆیە سەرەتا پێویستە ژینگەیەكی گونجاو و ئارام بۆ ئافرەت برەخسێنرێت،ئەوەش لە لایەك بە تێروانینی پیاو بەرامبەر بە ئافرەت دەگۆڕێت كە دووركەوێتەوە لە هەر جۆرە توندوتیژییەك بەرامبەر بە ئافرەت و لە لایەكی تر هەوڵ بدرێت كاربۆ پەرەپێدان بە توانای ئافرەتان و بەهێزی پێگەیان بدرێت لە بواری سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری بۆ ئەوەی بتوانین ژینگەیەكی تەندروست و سەقامگیر لەناو خێزان و كۆمەڵگەش دروست بكەین - بەهێزکردنی ئافرەتان یەکێکە لەو ستراتیژیانەی کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ توانیویەتی یارمەتیدەر بێت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی كاری ڕێکخراوەیی و لە کۆتاییدا بە بەرزکردنەوەی ئاستی دەسەڵات و ئەرکی دیاریکراو بۆ هەریەکێک لە ئافرەتان، هەر بۆیە بەهێزكردنی توانا مرۆییەکان لە بچوکترین ئەندامەوە تا بەڕێوبەرە باڵاکان بەتەواوەتی هاوتەریبه لەگەڵ گەیشتن بە ئامانجەکان.
- سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان پێی وایە تا ئەو كاتەی ئافرەت لە جیهانێكی بێ ترس و دوور لە توندوتیژی و پارێزراودا نەژێت، ناتوانین بڵێین كە خاوەنی جیهانێكی دادپەروە و یەكسانین، هەر بۆیە ئافرەت لە كۆمەڵگەیەكی هوشیار و پێشكەوتوودا، گەشبین و دڵخۆشە، داهێنەر، سەربەرز و بە متمانەیە، پەیوەندی كۆمەڵایەتی بەهێزی هەیە و ئازایانە توانای رووبەرووبوونەوەی سەختییەكانی ژیانی هەیە، لە ژیانی خێزانیدا سەركەوتوویە و هەست بە ئاسوودەیی دەكات، ئەمەش بە واتای بەختەوەری كۆمەڵگەیە.