بەبۆنه‌ی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان

ئیلهام صبری محمد*

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، رێکخراوێکی جەماوەری مەدەنییە، لە چواچێوەی پرینسیپەکانی بەرگریکردن لە ماف و خواستە ڕەواکانی ئافرەتانی کوردستاندا خەبات دەکات، وەکو رێکخراوێکی جەماوەری سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە و بە پێشنیارو پالپشتی بارزانی نەمر لە بەرواری (١١/ ١٢/ ١٩٥٢ دامەزراوە، لەو سەردەمەدا بزاڤی کوردایەتی لە هەل و مەرجی نالەباردا گوزەری دەکرد،بەلام بە پێی دەرفەت وتوانا یەکێتی ئافرەتان ڕوڵی خۆی گێراوە .
تا ئێستا (٨) کۆنگرەی رێکخستووەو نویەمین کۆرەنگرەش لەم نزیکانەدا دەبەسترێت . دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین رێکخراوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە مەیدانی خەباتەکەیدا بە چەند قۆناغدا تێپەریوە
قۆناغی یەکەم : لە نیوان ساڵانی (١٩٥٢-/ ١٩٥٨) قوناغی کارکردنی نهێنی بوو .
قۆناغی دووەم : لە نێوان ساڵانی(١٩٥٨/ ١٩٦١)، قوناغی کاری ئاشکەرایی بوو .
قۆناغی سییەم : لە نێوان ساڵانی(١٩٦١/ ١٩٧٠)، قوناغی بەشداریکردن بوو لە شوڕشی مەزنی (١١) ی ئەیلولدا .
قۆناغی چوارەم : لە نێوان سالانی (١٩٧٠/ ١٩٧٥)، دووبارە قوناغی کاری ئاشکرایی بوو لە ماوەی چوار ساڵی ڕاگەیاندنی رێککەوتننامەی (١١) ئازاردا .
قۆناغی پێنجەم : لە نێوان ساڵانی (١٩٧٥/ ١٩٩١)، قوناغی خەباتکردن بوو لە تاراوگە .
قۆناغی شەشەم : لە دوای راپەرینی مەزنی بەهاری ساڵی ١٩٩١ ی گەلەکەمانەوە دەست پێدەکات و تا ئیستا بەردەوامە.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لە ڕووی ئامانجە سیاسییەکانیەوە، لە بەر ڕۆشنایی سیاسەتە گشتیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دا خەبات دەکات و لە ڕووی کاری پیشەییەوە لە پێناوی دابینکردنی کەشێکی لەباری ژیان و گوزەران و بەشداربونێکی فراوانتری ئافرەتانی کوردستان لە سەرجەم کایە سیاسی و ئیدارییەکانی کومەڵگادا تێدەکوشێت و تا ئێستا توانیویەتی بەشێکی لە ئامانجەکانی بپێکێت وەک :سەرخستنی کومەڵێک ئافرەتی بەتوانا لە بوارە جیاجیاکانی کارکردندا و پێشکەشکردنی چەندین جۆری خزمەتگوزاری لە بواری هۆشیارکردنەوەی ئافرەت و خێزانەکاندا و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ سەدان ئافرەت.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دەتوانێ بە شانازییەوە، باس لە کارو خەباتەکەی بکات لە سەر هەموو ئاستەکاندا لە چواچێوەی بزووتنەوەی حەقخوازانەی گەلەکەماندا، چ لە کاتی شۆڕش و بەرخوداندا، یان بەشداری لە بەگژاچونەوەو راپەڕینەکاندا، تا دەگاتە دوای راپەرینی بەهاری سالی ١٩٩١ و دامەزراندنی پارلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بۆیە شایەستەی ئەوەیە ناوەزەد بکرێت بە (ڕێکخراوی دایک ) لە کاروانی بزاڤ و تێکۆشانی ئافرەتانی کوردستاندا.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بۆ ڕاپەراندنی ئەرکەکانی، دابەشبووە بەسەر چەندین دامەزراوەدا بەپێی په‌یرەوی ناوخۆیی پەسندکراوی کۆنگرەکانی وەک: مەکتەبی سکرتارییەت، کە پێکدێت لە چەند بەشێک، لە ناویاندا بەشێکی تایبەتە بە بواری هۆشیارکردنەوەو چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان ناسراوە بە (پەیمانگای ئامێزی خێزانی بۆ پرسە کۆمەڵایەتییەکان، کە بەندە سەرپەرشتی دەکات، هەروەها بێجگە لە سکرتارییەت لە هەمو پارێزگاکاندا، ئەنجومەن و ناوەندی هەیە .
بەم بونەیەوە، سەری رێزو نەوازش دادەنوێنن بۆ سەرجەم ئافرەتانی شەهید و ئەنفالکراو ڕفێنراوەکان، بەو ئومێدەی بتوانین دوای نویەمین کونگرە تەکانێکی دیکەی چۆنایەتی بدەین لە کاروانی خەباتی نەپساوەی ئافرەتانی کوردستاندا لە هەموو بوارەکاندا .

*راوێژکاری سکرتاریەتی یەکیتی ئافرەتانی کوردستان

ھەواڵی زیاتر