بەرپرسی تیمی باڵای ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئێمە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین لە پرۆسەی چاکسازیی و یەکگرتنەوەی هێزەکانی حەفتا و هەشتا و، پەرەپێدان بە کاروباری فیرقەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ئەوەش پێکەوە کاری هاوبەش و پلانی ستراتیژی دادەڕێژین .
ئەمڕۆ یەکشەممە ( 10ی کانوونی یەکەمی 2023)، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەمینداری گشتی و فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی حەفتا و هەشتای پێشمەرگە و ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەتی پێشمەرگە، لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەکێنزی بەرپرسی تیمی باڵای ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان و کۆڵۆنێڵ مایکڵ گاچێرۆ بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی کونسوڵخانەی ئەمریکا و ڕاوێژکارانی باڵای وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیاندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، وەزیری پێشمەرگە لەو کۆبوونەوەیەدا جەختی لە خێراترکردنی پرۆسەی چاکسازی و پێکەوە کارکردن کردۆتەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا .
ڕاشیگەیاند: بە هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ دۆستەکانمان لە هێزەکانی هاوپەیمانان، هەوڵدەدەین هێزەکان رێكبخەینەوە بە ئامانجی دروستبوونی هێزێکی نیشتیمانی تۆکمە و رێکخراوی خاوەن دیسپلینی سەربازیی لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا.
لە بەرامبەردا، بەرپرسی تیمی باڵای ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئێمە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین لە پرۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزەکانی حەفتا و هەشتا و، پەرەپێدان بە کاروباری فیرقەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەم پێناوەشدا پێکەوە کاری هاوبەش و پلانی گرنگ و ستراتیژی دادەڕێژین .
ئەو بەرپرسە باڵایەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، هاوپەیمانان چاودێری وردی پرۆسەی چاکسازی دەکەن لە وەزارەتی پێشمەرگە، گوتیشی: دەخوازن هێزی پێشمەرگە بگاتە ئاستێکی باڵای سەربازیی.