فەرمانگەی میدیا و زانیاری، بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی ژینگە و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بە پشتیوانیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەشداری لە چاندنی ٥ ملیۆن نەمام لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق دەکات.
هەرمان ئەحمەد، ڕێکخەری هەڵمەتەکە لە هەولێر، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: “درەختەکان کە دەچێنرێن، جۆری برێخت پەتۆنیایە، زۆر گونجاوە لەگەڵ ژینگەی شاری هەولێر، لە داهاتوودا خزمەتێکی زۆر باش بە ژینگەی هەولێر دەگەیەنێت.”
هەڵمەتەکە جگە لە پشتیوانی و هاوبەشیی ئەو دەزگا و ناوەندە سەرەکییانە، بە هاوکاریی کەرتی تایبەت و هەرەوەزیی لاوان بەڕێوە دەچێت و ئامانجیش سەوزکردنی هەرێمی کوردستان و عێراق و پاراستنی ژینگەیە لە پیسبوونی زیاتر.
هەڵدن سلێمان، قوتابییەکی بەشداری هەڵمەتەکەیە، ڕایگەیاند: “ئەم هەڵمەتە هاندانێکە بۆ خەڵک و لاوان تاکوو بەشداری بکەن لە چاندنی نەمام و سەوزکردنی ژینگە و باشترکردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان.”
غوڵام ئیساحقزای، ڕێکخەری کاروباری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەوبارەوە گوتویەتی: “ئەو هەڵمەتە بەکۆمەڵەی دەزگا فەرمییەکان و حکومەت و کەرتی تایبەت و لاوان زۆر گرنگە و بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەرییە خراپەکانی سەر کەشوهەوای عێراقە، ئەوەش بۆ سەوزکردنی وڵات و دابینکردنی ئاییندەیەکی ژینگەیی باشتر”.
ئەمە لە کاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێك داربەڕوو تەنیا لە شاری هەولێر لە ماوەی 5 ساڵدا دەچێنرێت و تاكوو ئێستاش زیاتر لە 300 هەزار نەمامی چێنراوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری