سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

پشتیوان سادق: وتاری زیاتر لە سەدا 99ی پیاوانی ئایینی لە کوردستان میانڕەوە

وەزیری کاروباری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەوڵیانداوە وتاری پیاوانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان، خزمەت بە مرۆڤایەتی بکات. دەشڵێت: وتاری زیاتر لە سەدا 99ی پیاوانی ئایینی لە کوردستان میانڕەوە.

پشتیوان سادق، وەزیری کاروباری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبەری بنکەی لالش گوتی: “نوێنەرایەتی هەشت ئایین لە وەزارەتی ئەوقاف هەیە، وەکو سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵمانداوە سیاسەتی میانڕەوی لە هەرێمی کوردستان وتارێک بێت خزمەتی مرۆڤایەتی و کوردستان بکات”.

گوتیشی: “بە سەربەرزییەوە دەڵێم، زیاتر لە سەدا 99ی پیاوانی ئایینی لە هەموو ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان وتارەکانیان میانڕەوە و خزمەتی مرۆڤایەتی دەکات، لە هەموو وڵاتێک هەندێک کەس نەشاز هەن، بەڵام ئەوانە گوزارشت لە ئایینەکان ناکەن، بۆ نموونە داعش تەنیا کردەوەی تیرۆرستی بەرامبەر بە ئێزدی و مەسیحییەکان ئەنجام نەدەدا، بەڵکو بەرامبەر بە ئیسلام و هەموو ئایینەکانی دیکە ئەنجامی دەدا”.