بەهادین جەلال مستەفا
ڕۆژێک ئیمپراتۆر(ئەکبەر) بە تەنیا بۆ ڕاوکردن چووە ناو دارستانێكەوە، دوای ماوەیەک زانی ڕێی ون كردووە و نەیدەزانی ڕوو لە كوێ بكات! ، داوای یارمەتی کرد، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو، پاشان شەو داهات، ئیمپراتۆر بە ترسەوە دەیگوت: جا من بەو شەوە تاریكە بە تەنیا چی بكەم لەم دارستانە!
گەنجێک بە ناوی (ماهیش داس) لە خانوویەكی نزیک دارستانەكە دەژیا، گوێی لە دەنگێك بوو کە لە قووڵایی دارستانەکەوە دەهات، ڕایکرد بۆ ئەو شوێنە، كە بینی ئەوە ئیمپراتۆری وڵاتەكەیە، بە دیتنی زۆر دڵخۆش بوو!
ماهیش داس بە ئیمپراتۆری گوت: من شارەزام و دەتوانم ڕێگای گەڕانەوەت بۆ کۆشکەکە پیشان بدەم، بەڵام وا چاكترە لەگەڵت بێم، فەرموو دوام كەوە!.
دوای ئەوەی گەیشتنەوە كۆشكەكە، ئیمپراتۆر بە گەنجەکەی گوت: دەمەوێت دیارییەکت پێشكەش بكەم، ئەڵقەیەکی زێڕی لە پەنجەی دەرهێنا و دای بە ماهیش داس.
جگە لەوە پێی گوت: دوای چەند ڕۆژێک بگەڕێوە بۆ کۆشکەكەم، تا شتێكی دیكەت لەوە گرانبەهاتر پێ بدەم!
دوای چەند ڕۆژێک ماهیش داس گەڕایەوە بۆ کۆشک، بەڵام پاسەوانەکە لەبەردەم دەرگاکەدا ڕێی لێ گرت و پێی گوت: تۆ لەو کەسە ناچیت کە ئیمپراتۆر دەیەوێت بیبینێت!
ماهیش داس گوتی: بەڵام من هاتووم تا بیبینم، ئیمپراتۆریش من دەناسێت، ئەو ئەڵقە جوانەی پیشانی پاسەوانەکە دا کە ئیمپراتۆر ئەکبەر پێی بەخشیبوو.
پاسەوانەکە بە ماهیش داسی گوت: گوێم لێ بگرە، ڕێگەت پێدەدەم بچیتە ژوورەوە، بەڵام هەر دیارییەکت لە ئیمپراتۆرەوە دەست بکەوێت، دەبێت نیوەی بدەیتە من! ئەویش بەڵێنی پێ داو ڕازی بوو، پاسەوانەکەش ڕێگەی پێدا بچێتە ناو کۆشکەکەوە و ژووری شاهانەی ئیمپراتۆر ئەکبەری نیشان دا.
كاتێك ئیمپراتۆر ئەکبەر ماهیش داسی بینی بە ڕوویەكی خۆشەوە پێی گوت: زۆر دڵخۆشم کە گەڕایتەوە، ئێستا دەتوانم دیارییەکی دیكەت پێ بدەم، چیت لە گەورەی هیندستان دەوێت؟
ماهیش داس وەڵامی دایەوە: خاوەن شكۆ! حەز دەكەم (50) شەقم لێ بدەیت!!.
ئیمپراتۆر سەری سوڕما و گوتی: ئەوە تۆ چی دەڵێیت؟
ڕاوێژکارە شاهانەییەکان تووشی شۆک بوون، یەكێكیان لە ئیمپراتۆر نزیك بووەوە و پێی گوت: ئەم گەنجە شێتە!
ئیمپراتۆر ئەکبەر گوتی: بۆچی ئەم داوایەت كرد؟
ماهیش داس گوتی: دوای لێدانەکە پێت دەڵێم، بۆیە پیاوەکانی ئیمپراتۆر دەستیان بە لێدانی كرد! بەڵام دوای بیست و پێنجەمین شەق، ماهیش داس داوای لە ئیمپراتۆر کرد پەیوەندی بەو پاسەوانەوە بکات کە لە دەرەوەی ژوورەکە وەستابوو.
پاسەوانەکە بیری لەوە دەکردەوە، داخوا چ شتێکی گەورە و بەهادار وەردەگرێت؟
بەڵام سەری لەوە سوڕما کە ماهیش داس ئاماژەی پێ كردووە، ماهیش داس گوتی: ئیمپراتۆری من! ئەم پاسەوانە پێی گوتوومە بەو مەرجە ڕێگەت پێدەدەم بچیتە ناو کۆشکەوە ئەگەر ڕازی بم نیوەی هەر پاداشتێکی پێ بدەم کە ڕەنگە لە ئێوەوە وەریبگرم، هەمیشە بەڵێنەکەم جێبەجێ دەکەم، کەواتە تکایە ٢٥ شەقەکەی دیکە لەو بدە!!
ئیمپراتۆر فەرمانی دا پاسەوانەکە ٢٥ قامچی لێبدرێت، جگە لە ٥ ساڵ زیندانیکردن، ئیمپراتۆر ئەکبەر زۆر سەرسامی زیرەكیی ماهیش داس بوو، بۆیە داوای لێكرد کە لە کۆشکەكەیدا بمێنێتەوە و وەک گەورە ڕاوێژكاری خۆی مامەڵەی بکات، بۆیە تا دوا ساتی تەمەنی لە كۆشكی ئیمپراتۆر وەك ڕاوێژكار خزمەتی كرد.