چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پشتیوان سادق: حکومەتی عێراق رۆژ دوای رۆژ ئاستەنگ بۆ ناردنی شایستە داراییەکان دروستدەکات

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی مەرجی دیکەی داناوە بۆ ئاستەنگ دروستکردنی بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: “حکومەتی عێراق بە شاندی هەرێمیان گوتووە، ئەگەر مووچەش بنێرین دەتوانین مووچەی سەدا 60ی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرین، پێویستە هەرێمی کوردستان مووچەی سەدا 40ی دیکە لە داهاتی خۆی دابین بکات”.

ئاماژەی بەوەشدا: “مەرجێکی دیکە ئەوەیە کە دەبێت هەرێم تەواوی داهاتی ناوخۆ رادەستبکات”.

وەزیری ئەوقاف جەختیکردەوە، لە زووترین کاتدا شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکاتەوە.

هەرچەندە بڕیاربوو هەفتەی رابردوو 700 ملیار دینار بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بخاتە سەر ژمارەی بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم، بەڵام تائێستا نەیناردووە، لەکاتێکدا بەپێی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، بۆ مانگی 7 و 8 و 9 حکومەتی عێراق مانگانە 700 ملیار دینار بەشێوەی قەرز بدات بە هەرێمی کوردستان تا ئەوکاتەی یاسای بودجەی عێراق دەچێتە بواری جێبەجێکردن و بەشە بودجەی هەرێم رەوانە دەکرێت.

دوای سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنە سیاسییەکان، لە کۆبوونەوەی 17/9/2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی مووچەی سێ مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان درا، کە بۆ هەر مانگێک 700 ملیار دینار دیاریکراوە، کۆی گشتی دەکاتە دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار، بۆ هەر مانگێک 700 ملیار دینار لە رێگەی هەرسێ بانکی رەشید، تی بی ئای و رافیدەین/ لقی هەولێر، وەک قەرز دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، تائێستا بۆ مووچەی دوو مانگ ئەو بڕە پارە رەوانەی کراوە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەشکراوە، بەڵام تائێستا مووچەی مانگی ئەیلوول نەنێردراوە.