دواخستنی ناردنی حەوت سەد ملیارەکە لە لایەن بەغداوە بە ئەنقەست بووە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هەفتەیەک لە دواین مانگی ساڵی ٢٠٢٣ تێدەپەڕێت بەڵام هێشتا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی ئەیلوولیان وەرنەگرتووە. لە بەغداوە بە پلان دژایەتیی پێگەی هەرێمی کوردستان دەکرێ و تەنانەت قووتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانج. دەبوایە پشکی سێیەمی ئەو قەرزەی بەپێی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کراوە، لە کۆتایی مانگی ڕابردوو بنێردرێت، کەچی نەنێردراوە و پسپۆڕێکی دارایی دواخستنەکە بە ئەنقەست لێک دەداتەوە.

سەیر لەوەدایە ئەو بڕە پارەیەی بڕیارە بنێردرێت بە قەرزە و حکوومەتی عێراق ئامادە نەبووە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەو شێوەیەی کە کورد چاوەڕوانی دەکرد بنێرێت و بە هەندێک بیانوو و بە ئاشکرا دەستی بە لێدان لە پێگەی ئابووری هەرێمی کوردستان کردووە.
مانگێک و چەند ڕۆژە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە و بەتاسەوە خەڵک چاوەڕوانن پشکی سێیەمی قەرزەکە بگات کە بڕەکەی حەوت سەد ملیار دینارە و بژێوی خۆیانی پێ دابین بکەن. دۆخی گوزەرانی خەڵکی کوردستان بەهۆی ئەم جۆرە سیاسەتانەی بەغدا خراپ بووە و چاوەکان لەسەر سەرکردایەتیی سیاسیی کوردە تا ڕێگە چارەیەکی بنەڕەتی و هەمیشەیی بۆ ئەو پرسە بدۆزنەوە.
کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دوای ئەوە دەستی پێ کرد کە لە ٢٥ی ئاداری ئەمساڵ بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس مافی فرۆشتنی نەوتی کوردستان بە حکوومەتی فیدراڵی درا و تورکیا بەهۆی ئەوەی کە نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەرێکی ئەوەوە هەناردە دەکرا سزا درا. دوای ئەو سزادانە تورکیا بە فەرمی هەناردەکەی ڕاگرت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کەوتە دانوستان و ڕازی بوو بەوەی نەوتەکەی لە لایەن کۆمپانیای نیشتمانیی سۆمۆوە بفرۆشرێت بەو مەرجەی مافەکانی هەرێمی کوردستان دیاریکراو بن و کۆی ئەو ڕێککەوتنەش بە هەندێک گۆڕانکاری نەرێنی لە یاسای بودجەدا ڕەنگی دایەوە کە بۆ سێ ساڵ پەسند کرا.
کاتێک هاتە سەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە حکوومەتی عێراق بە هەندێک بیانوو کە یەکێک لەوانە خەرجکردنی بودجەی فیعلی بوو نەک ئامادە نەبوو هیچ پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت بگرە کەمێکیش قەرزداری کردەوە.
هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران پێویستی بە بودجەیەک بوو کە لە بەغداوە دابین بکرێ چونکە داهاتی ناوخۆ بەشی ئەو پێداویستییەی نەدەکرد. دوای سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕازی بوو بەوەی بۆ سێ مانگ مانگانە حەوت سەد ملیار دینار بە قەرز بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان بکات، بەڵام بەغدا ئەمەشی وەک خۆی جێبەجێ نەکرد و زۆر درەنگتر لە کاتی خۆی پشکی یەکەم و دووەمی نارد و ئێستاش بۆ پشکی سێیەمی قەرزەکە هەمان هەنگاوی گرتووەتە بەر.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی سەرجەم داواکارییەکانی بەغدای داوەتەوە و بیانووی لێ بڕیوە و ئەم جارە بە بێ هیچ بیانوویەک مووچەکەی دواخستووە بەڵام پسپۆرێکی بواری بودجە پێی وایە ئەوەی بەغدا دەیکات کوشتنی کاتە و ئامانجیەتی ئەمساڵ لەو حەوتسەد ملیارە زیاتر نەنێرێت.

دکتۆر فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق پێی وایە بەغدا بە ئەنقەست ناردنی ئەو پشکەی دواخستووە بۆ ئەوەی لەمساڵدا تەنیا ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکات و پێشبینیشی کرد هەفتەی داهاتوو حەوت سەد ملیارەکە بنێرێت.
وەک زیاتر خستیەروو لە ٢٥ی مانگی کۆتایی هەموو ساڵێک حسابات دادەخرێت و ئەمەش دەبێتە بیانوویەک بۆ ئەوەی بڵێت ساڵ کۆتایی هاتووە و ناتوانێت چی تر بودجەی ٢٠٢٣ خەرج بکات.
یاسای بودجە خراپە و لەگەڵ ئەمەدا نیازی بەغداش بەرانبەر هەرێمی کوردستان خراپە و بۆیەش ئەو بە پێویستی دەزانێت ئەو بابەتە بە گوشارێکی سیاسی چارەسەر بکرێت ئەویش لە هەرێمی کوردستانەوە سەرجەم لایەنەکانی بەشدار لە حکوومەت و ئۆپۆزسیۆن ئەوە تێ بگەن کە ئەو ستەمەی بەغدا دەیکات تەنیا لە حکوومەت یان لایەنێک نییە بەڵکوو لە تەواوی لایەنەکان و پێگەی هەرێمە و دەکرێ بەیەکەوە بە گوشارێکی سیاسی بەغدا ڕازی بکەن یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە پرسەکانی تر جیا بکاتەوە.

ھەواڵی زیاتر