جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق:هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دەکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دانیشتنی دادگەی فیدراڵی، لەبارەی سکاڵایەک کە لە دژی ژمارەیەک ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە، بۆ ڕۆژی ٢٧ی ئەم مانگە دواخرا، سکاڵاکە لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە کە تایبەتن بە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان. محەممەد سەعدەدین، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی، دەڵێت: دادگەی فیدراڵی لە بەرژەوەندی چەند لایەنێکی دیاریکراو کار دەکات.

ساڵی ١٩٩٢ یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا، ساڵی ٢٠٠٤ یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێک بێت لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.
بڕیارە لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێت.
حکوومەتی هەرێم بەردەوام پشتیوانی پێکهاتەکانی کردووە
ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: حکوومەتی هەرێم بەردەوام پاڵپشتیی لە پێکەوەژیانی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئەم پێکەوەژیانەش بۆ هەموو لایەک زۆر گرنگە.
دادگەی فیدراڵی بووەتە دادگەیەکی سیاسی
بەگوێرەی ماددەی ٣٦ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسیی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان کراون، لەگەڵ یەک کورسی بۆ پێکهاتەی ئەرمەن، هەروەها پێنج کورسی بۆ تورکمانەکان.
محەممەد سەعدەدین، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی، دەڵێت: کاری دادگەی فیدراڵی نییە کورسیی پێکهاتەکان بەسەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دابەشبکات، بەڵکو کاری پەرلەمانی کوردستانە، لە پەرلەمانی کوردستانیش کاری پێکهاتەکانە، پێکهاتەکان دەبێت خۆیان داوا بکەن، کەچی هیچ پێکهاتەیەک ئەم داوایەی نەکردووە، بەڵکو لایەنێکی سیاسیی داوا دەکات.
ئاشکراشی کرد: دادگەکە بەرەو ئاراستەیەکی سیاسیی دەڕوات، یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو لایانانەی سکاڵایان تۆمارکردووە، لێدانە لە پێکهاتەکان، چونکە پێکهاتەکان ڕێیەکی سیاسیی دروستیان هەڵبژاردووە کە خزمەت بە قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی کوردستان دەکات و نابنە لایەنگری هیچ لایەنێک، هەروەها دەیانەوێت کورسیی پێکهاتەکان بۆ مەرامی خۆیان بەکاربهێنن.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ڕایگەیاند: داوا لە دادگەی فیدراڵی دەکەم سکاڵا دژ بە ژمارەی کورسی پێکهاتەی تورکمان ڕەتبکاتەوە، چونکە کۆتا کەشوهەوایەکی تایبەت بەخۆی هەیە، پێویست بوو هەموو لایەک پاڵپشتی و پشتگیری کۆتایان بکردایە، بوونی پێکهاتەکان گرنگە بۆ بەهێزکردنی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش، هەر بڕیارێکی خراپ لەبارەی کورسی کۆتاکان لە دادگەی فیدراڵی بدرێت، کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر پێکەوەژیان، بۆیە دەبێ دادگەی فیدراڵی پێش بڕیاردان تایبەتمەندی پێکهاتەکان لەبەرچاو بگرێت، لەبەر ئەوەی هەر بڕیارێکی خراپ بدرێت کاریگەری لەسەر ڕەوشی سیاسی و پێکەوەژیان دەبێت.
ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، جەختیکردەوە: کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان کە ١١ کورسییە، ئێمە لەگەڵ ئەوەین وەکو خۆی بمێنێتەوە و هەڵبژاردنی داهاتووش بە یەک بازنە بکرێت، هەموومان دەزانین تورکمان، ئاشووری، کلدان و سریان لە کام ناوچە هەن، زۆرینەی تورکمانەکان لە هەولێر پاشان کفری، هەروەها کلدان، سریان و ئاشووری زۆربەیان لە سنووری هەولێر و دهۆکن، بۆیە پێویست ناکات ئەو بابەتە بکرێتە بابەتێکی سیاسیی و کورسییەکان بەپێی جوگرافیا بەسەر ناوچەکان دابەش بکرێن.
بودجە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خەرج دەکرێت
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: کۆمیسیۆن بەگوێرەی خشتەی کارکردنی، بەردەوامە لە ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دەکرێت.
جومانە غەلای، ئاشکراشی کرد: محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، تەیف سامی، وەزیری دارایی ڕاسپاردووە بودجەیەکی تایبەت بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە خەرج بکات.

ھەواڵی زیاتر