ڕانانێکی کورت بۆ ڕۆمانی “مەرگێکی بچووک”

ئارام كۆشكی – سلێمانی

هەندێک کتێب هەن کاتی خوێندنەوەیان دوا دەکەوێت، زۆرجار هیچ هۆکارێکی ئەوتۆش نییە، بەڵام ئیدی قەدەریان بەو شێوەیە کە خوێندنەوەیان دوا بکەوێت تا دەرفەتێک دێتە پێشەوە و سەرەی خوێندنەوەیان دی. زۆر ڕۆمان لە کتێبخانەکەمدا ساڵانێکی زۆرە هەر دەرفەتی خوێندنەوەیان بۆ نەڕەخساوە، لە ڕۆمانە گرنگ و باشەکانی دونیاش بوون، بەڵام ئیدی لە خوێندنەوەدا من ناچم بۆ لای کتێبەکان، بەڵکو ئەوان دێن و بەرۆکم دەگرن بۆ ئەوەی بیانخوێنمەوە، هەر بۆیە خوێندنەوە لای من چەشنی نووسین ئەزموونکردنی ئازادییە. زۆر کەمن ئەو کتێبانەی وەکو ئەرک خوێندوومنەتەوە. بەڵام بۆ ئەوانەش هەمیشە کاتی گونجاوم ویستووە، نەک بەپێی ئەو کاتەی بۆم دیاریکراوە. بۆیە زۆرجار کە هاوڕێیەکی نووسەر تێکستێکی خۆییم بۆ دەنێرێت و دەیەوێت بیخوێنمەوە و خوێندنەوەکەی زۆر دوا دەکەوێت ناتوانم هۆکارەکەی بەوردی بۆ ڕوون بکەمەوە، ناچارم هۆکارەکە دەخەمە ئەستۆی سەرقاڵی.

ڕۆمانی مەرگێکی بچووک کە نزیکەی پێنج ساڵە لە کتێبخانەکەمدایە، بەڵام کاتی خوێندنەوەی دواکەوت. خۆشم نازانم بۆ دواکەوت، سەرەتا کە کڕیم بە عەشقێکی زۆرەوە کڕیم، ئیدی کەوتە کەناری کتێبخانەکەم و تا لە دوو هەفتەی پێشوودا هاوڕێیەک پێشنیاری خوێندنەوەی بۆ کردم، کەوتمەوە بیری و لە خۆمم پرسی بۆ تا هەنووکە نەمخوێندووەتەوە، کەواتە دەبێت بیخوێنمەوە. دەستبەجێ دەستم بە خوێندنەوەی کرد، هەر ئەو یەکەم شەوە چەند لاپەڕەیەکی زۆرم خوێندەوە و بەجۆرێک ئاوێتەی دەقەکە بووم ئیدی حەزم لێ نەبوو دەست لە خوێندنەوە هەڵبگرم، کە چاوم ماندوو نەبوایە و ئەو هێزەی تێدا بوایە دەمویست تا کۆتا ڕستەکانی دەست لە خوێندنەوەی هەڵنەگرم. چیرۆکی ڕۆمانەکە لەسەر ژیانی “ئیبن عەرەبی”یە، بە زمانێکی شیعریی هێندە بەرز نووسراوە، کە خوێنەر ماندوو ناکات، دەتوانم شاهیدی ئەوەش بدەم، کە بە وەرگێڕانێکی دەوڵەمەند وەرگێڕدراوە. واتە زمانە کوردییەکەی گەلێک دەوڵەمەندە، کە شایستەی ئەو تێکستە و ئیبن عەرەبی مەزنە.
مەرگێکی بچووک، ڕۆمانێکی “محەمەد حەسەن عەلوان”ـە، کە “حەیدەر عەبدوڵڵا” کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ئاوێر لە دوتوێی 622 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. ڕۆمانەکە لە تایپی ڕۆمانی ژیاننامەییە و خەڵاتی بووکەری بۆ باشترین ڕۆمانی عەرەبی لە ساڵی ٢٠١٧ بەدەستهێنا.
ئەم جۆرە ڕۆمانە تاڕادەیەک بەربڵاوە، کە ڕۆماننووس دەیەوێت فیگۆرێکی دیاری بواری فیکر و فەلسەفە، یان شاعیر و کەسایەتییەک بکاتە هەوێنی نووسینی ڕۆمانەکەی. بەڵام ئەم ڕۆمانە بە بەرهەمێکی گێڕانەوەی جوان و تایبەت و سەرنجڕاکێش دادەنرێت، بەو پێیەی ڕۆماننووس توانیوویەتی هەوڵێکی گێڕانەوەیی بدات بۆ ئەوەی ژیان و دیدگای فەیلەسوفێکی عەرەبی، کە کێشە لەسەر گەلێک بۆچوون و ژیانەکەی هەیە بکاتە دەقێکی گێڕانەوەیی و ئەم کارەش بە شێوەیەکی سادە و دوور لە ئاڵۆزییەکان بخاتە بەردەم خوێنەر. پێشتر لای ئەلیف شەفەق بۆ مەولانای ڕۆمانی ئەم کارە کراوە، یان لای یەحیا یەسربی بۆ “حەلاج” کراوە. بۆیە ئەم جۆرە لە تێکستی گێڕانەوەیی کۆمەکی خوێنەر دەکەن بۆ ئاشنابوون بەم نووسەر و فەیلەسوفانە. ئەم نووسەرە بۆ ژیاننامە و هزر و دیدگاکانی ئیبن عەرەبی هەمان کاری کردووە و توانیویەتی بە شێوەیەکی شیعریی و لە فەزایەکی گێڕانەوەیی بەرزدا ژیان و بەشێک لە هزر و دونیابینی ئەم بیرمەندە بخاتەڕوو.
بێگومان ناتوانین ڕۆمانەکە بگێڕینەوە و کاری ئەم نووسینەش نییە، بەڵام دەتوانین ئاماژە بۆ ئەوە بکەین ڕۆمانەکە جگە لەوەی ئاشنابوونە بە دیدگای ئەم نووسەرە و ژیانە تایبەت و سەرنجڕاکێشەکەی، بەڵام وەکو گەشتێکی ڕۆحی وەهایە بۆ خوێنەر کە دەچێتە سەرزەمینێکی شیعریی و لەگەڵ هەر وشەیەکدا “دڵ بەرەو پاکبوونەوە” دەڕوات. ئەمە ڕستە سەرەکییەکە، کە لە منداڵیدا بە ئیبن عەرەبی وتراوە. ڕۆمانەکە زیاترە لەوەی تەنها ڕۆمان بێت، بەڵکو دەتوانین بێ سڵەمینەوە بە گەشتێکی ڕۆحی و فەلسەفی و عیرفانیشی ناو بەرین.
ڕەنگە هیچ خوێنەرێک نەبێت کە چێژ لەم جۆرە لە تێکست بکات و بیخوێنێتەوە و پێی سەرسام نەبێت. (چونکە هەندێک لە خوێنەران هەن حەز بە ڕۆمانی ژیاننامەی ناکەن)، بەڵام دوای خوێندنەوە “چل ڕێساکەی عەشق” و “زریاب” و زۆر ڕۆمانی دیکەی ژیاننامەیی پێموایە، مەرگێکی بچووک لە ڕیزی ئەو ڕۆمانە گرنگانەدایە کە لە ژیانمدا خوێندوومەتەوە. ئەگەرچی ڕۆمانەکە ناوی مەرگێکی بچووکە، بەڵام چ لە ڕووی قەبارەوە و چ لە ڕووی ناوەرۆکەوە تێکستێکی گەلێک گەورەیە. دەستخۆشی بۆ وەرگێڕ و وەرگێڕانە جوان و بەسەلیقەکەی کە تێکستەکەی دووبارە لە زمانی کوردیدا داهێناوەتەوە، دەستخۆشی بۆ ناوەندی ئاوێر و چاپکردنی ئەم بەرهەمە.

ھەواڵی زیاتر