ڕۆڵی ڕۆژنامەی هەولێر لە بڵاوكردنەوەی ئەدەبی منداڵان

محەمەدساڵح پێندرۆیی (جگەرسۆز)

ڕۆژنامەی هەولێر، ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەی گشتییە، لە هەولێری پایتەخت بڵاو دەبێتەوە، چەندین ساڵە ساڵە خزمەت بە زمان و كەلتوور و ڕۆشنبیری و ئەدەبی كوردی دەكات. لەم بابەتەدا من ناپرژێمە سەر بابەتە گشتییەكانی ڕۆژنامەی هەولێر، بەڵكوو تیشك دەخەمە سەر ڕۆڵی ڕۆژنامەی هەولێر لە بڵاوكردنەوەی ئەدەبی منداڵاندا و شەنوكەوی دەكەم، چونكە پێم وایە منداڵان چینێكی هەرە گرنگ و كاریگەرن لە ناو كۆمەڵگەدا، بۆیە ئاوڕدانەوە لەم چینە گرنگە لە ڕێی ئەدەبەوە بایەخ و گرنگی خۆی هەیە، هەروەك شاعـیری ناسراوی بولگاری (ران بوسلـیک) لەبارەی بەها و گرنگی ئەدەبی منداڵانەوە دەڵێت: “ئەدەب بۆ منـداڵان، وەک شیری دایک و هەوای پاک وایە، کە پێویستە هـەبن.”
دکتۆر (ناسرەدین ئەلئەسەدی)یش دەڵێت: “ئەدەبی منـداڵان بۆ بیـر، وەک ڤـیتامینەکان وایە، کە هـۆش و ئەنـدێشە پێویستییان بە جـۆرەکـانی هـەیە، هـەر جۆرێکـیش لایەک لە بیـر و هـەسـت و لایـەنە ئەنـدێـشـەییـەکـان مەسـت دەکـات.”

هەروەها (دۆن مـورایـە)ش دەڵـێت: “ئـەدەبی منـداڵان، کـاریگەرییـەکی گـرنـگ و بـایـەخـێکی جیـاوازی لە ژیـانی ئەمـڕۆ و داهـاتـوودا هـەیە.”
هەڵبەت ڕۆژنامەی هەولێر لە تەمەنی خۆیدا، بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی دوایی دا، مینبەر و سەكۆیەك بووە بۆ گەیاندنی پەیامی نووسەران و شاعیرانی بواری منداڵان، هەروەها لە ڕێی لاپەڕەیەكی تایبەت بە ئەدەبی منداڵانەوە دەرفەتێكی زێڕینی بۆ کۆمەڵێک شاعیر و نووسەر و وەرگێڕی بەتوانا و دڵسۆز فەراهەم كردووە، كە بە ئیدیا و بیروڕای جیاواز و بە دەنگ و ڕەنگی جیاوازەوە گۆزارشت لە هزر و دید و تێڕوانینی خۆیان بكەن و بە قەڵەمە ڕەنگینەكانیان خزمەت بە ئەدەبیاتی منداڵان بكەن و بیر و هزر و ئەندێشی منداڵانی كوردستان بە شیعری ناسك و چیرۆكی باڵكێش و هونەری جوانبێژی و ڕەوانبێژی و هونەری نواندن زاخاو بدەن، بۆ ئەوەی لە ڕێی ئەم ڕۆژنامەیە قەشەنگەوە هەستی مرۆڤدۆستی و زانستخوازی و دڵسۆزی و ڕاستگۆیی و دەستپاكی و ڕەوشتبەرزی و ئاكارجوانی و ژیانپەروەری و نیشتمانپەروەری و هیتر لە دڵ و ناخیاندا بڕوێنن، تا لە ئاییندەدا بتوانن هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن و ببن بە كەسانی زانا و دانا و بەتوانا و تێگەیشتوو و پێگەیشتوو و لێهاتوو و سەركەوتوو پشتبەخۆبەستوو و ئازا و چاونەترس و نوێخواز و داهێنەر و ڕابەر و پێشەنگ و سەركردە و ئەدیب و هونەرمەندی مەزن.
لەم سۆنگەیەوە بایەخدان بە ئەدەبی منداڵان لەلایەن سەرنووسەر و ستافی ڕۆژنامەی هەولێرەوە، بەتایبەتی بەرپرس و سەرپەشتیاری بەشی منداڵان، خۆی لە خۆیدا مایەی دەستخۆشی و شانازییە كە توانیویانە ئەو هەموو نووسەرە بەتوانایە نەك لە باشووری كوردستان، تەنانەت لە پارچەكانی دیكەی كوردستان و هەندەرانیش لە دەوری ڕۆژنامەكەیان كۆبكەنەوە و ڕۆژنامەكەیان ببێتە ژێدەر و سەرچاوەی زانست و مەعریفە و ئەدەب بۆ ڕۆڵە چاوگەشەكانمان. بۆیە لەم سۆنگەیەوە هەوڵ و كۆششەكانیان بەرز دەنرخێنین و هیوادارین لەسەر ئەم ڕێبازە پیرۆزە بەردەوام بن، بۆ ئەوەی ئەم چرایە نەكوژێتەوە و بەردەوام بێت لەسەر بڵاوكردنەوەی تیشكی ئەدەب و هونەر بە هەموو كوردستان و جیهاندا.

ھەواڵی زیاتر