وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، لەسەر رێکخستنەوەی گرێبەستی هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان رێکبکەون.
عاسم جیهاد گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، “حکومەتی عێراق پەرۆشە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام پێویستە چارەسەری بەشێک لە کێشە دارایی و یاسایی و هونەرییەکان بکرێت، کە پەیوەستن بەو گرێبەستانەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت کراوە”.
جەختیکردەوە، “وەزارەتی نەوتی عێراق سەرقاڵی گۆڕینی شێوەی یاسایی گرێبەستەکانە، کە لە رووی یاسایی و هونەری و داراییەوە لەگەڵ یاساکانی عێراق گونجاو بێت”.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەشڵێت: “لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دانوستاندندان، تاوەکو پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە خێرا بکرێت”.
ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی عێراق دەیەوێت پابەندی ئەرکی سەرجەم لایەنەکان بێت، تاوەکو کێشە داراییەکان چارەسەر بکات و شێوەی یاساییەکەی دروست بێت.
لە لایەکی دیکەوە گرووپی ئاپیکور، کە لە ژمارەیەک کۆمپانیای نەوتی پێکهاتووە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: “ئاپیکور ئاگاداری راپۆرتەکانی پەیوەست بە کۆبوونەوەکانی ئەم دوایەی بەرپرسانی حکومەتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئاپیکور، کە زۆرینەی نەوتی کوردستان بەرهەمدەهێنن بانگهێشت نەکراون”.
راشیگەیاندووە: “کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئاپیکور دڵنیان کە گرێبەستەکانی ئێستایان پابەندی یاساییە و توانای جێبەجێکردنی هەیە، بۆیە دەتوانرێت لە بەرژەوەندی سەرجەم لایەنەکان چارەسەر بکرێت و مافی گرێبەستی کۆمپانیاکانیش پارێزراو بێت”.
دەشڵێت: “ئەندامانی ئاپیکور ئامادەن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆببنەوە، چونکە درێژەکێشانی راگرتنی هەناردە زیانی گەورە بە گوزەران و ئابووری سەرجەم عێراقییەکان دەگەیەنێت”.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە 25ـی ئاداری ئەمساڵەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان وەستاوە، لە کاتێکدا چەندین جار بەرپرسانی تورکیا رایانگەیاند، بۆری هەناردەکردنەوەی نەوت ئامادەیە، سەرجەم لایەنەکان ئامادەییان بۆ هەناردەکردن راگەیاند، بەڵام تاوەکو ئێستا پرۆسەکە بە وەستاوی ماوەتەوە.