پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

زمان و ڕەهەندی کۆمەڵایەتی لە (پێکەنین بەتامی گریان) ـی شاعیر نەسرین تەنیا

دەق بریتیە لە زمان، واتە زمان ڕۆڵی سەرەکی لە درووستکردنی ڕەهەند و پەیامی وەک گوتار.

دەکرێت بڵێین زمان پاشای بڕیاردەرە و بەرهەمهێنێ هەموو دەقێکە. غازی حەسەن گوتاری کۆمەڵایەتی ٢٠٢٠ ل ١٥٩
لێرەوە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت خوێنەری زرنگ، با بڵێین (نوخبە) کە زمان یەکێکە لە ئامرازە هەرە دیارەکانی ڕایەڵە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەنێوان مرۆڤەکاندا و تەنانەت ورد دەکرێتەوە بۆ خودی تەنیا کەسیش.
زمان پێناسەی مرۆڤ دەکات، زمان واتە ڕەگی خۆی لە کەلتوور، داب و نەریت، ڕەفتار و بیرکردنەوەی تاکەکانیداو دا کووتاوە. محمد معروف فەتاح ٢٠١٠ ل ١٣٧
کەواتە دەتووانین لەهەر بەرهەمێکی شیعریدا، پەخشان، چیرۆکی کورت، ڕۆمان هەن و بەم هێڵکاریە زمان وەک چالاکی ڕەهەندی کۆمەڵایەتی ببینین.
[زمان چالاکی کۆمەڵایەتی] یەکسانە بە [ پەیوەندیکردن] – [هاریکاری تێگەیشتن] لەژێر سێبەری نەخشەی نێرەر( نووسەری دەق) – وەرگر (خوێنەری بلیمەت)
نیما یوشیج لە یەکێک لە نامەکانیدا کە ڕۆژنامە نووسی ئەدیب خالید فاتحی بەزنجیرە لە ڕۆژنامەی هەولێردا دەیخاتە بەرچاوی نووسەران، نزیکایەتییەک دەبینم لەگەڵ ئاخ و ئۆف و یادەوەریەکانی خاتوو (نەسرین تەنیا) دا لە دەقە شیعرییەکانی بەرهەمەکەیدا.
تەنیا ئاوەها گوزارشت لە یادەوەریەکانیدا دەکات
مورغی دڵ
شەماڵ بێنە لە بۆنی عەنبەری یار
بکە سەرخۆش کە مورغی دڵ نەکا زار
بەبێ مەعشوق ژیان بێ عیشق مەحاڵە
لەگەڵ مەی تێکەڵیی بەس ژەهری تاڵە
هەموو شەو دەیجوور یەڵدایە وەک پار
خەیاڵی باخی گوڵ وەیلانە پەی یار ل ٥٥ ٢٠١٨/١٢/١٨
نیما دەڵێت بۆ ئازیزم عالییە

کاتێک عاشق لە مەعشووقەکەی دوور دەکەوێتەوە، دوواتر شتگەلی هاوشێوەی شوێنەواری (کەسە دوورەکە) بەپێش چاوماندا تێدەپەڕن، ئەو دڵۆپە بارانەی کە لە بێدەنگیی شەودا بەخەمگینی دەکەوێتە سەرزەوی وەک فرمێسکی ئەو عاشقەیە. خاڵید فاتیحی ڕۆژنامەی هەولێر ژ ٣٩٦١ ( ١٦ تا ٢٠٢٣).
ڕەهەندە کۆمەڵایەتیەکە دەکەوێتەبەر گەردەلوولی تۆرانی خودی دابڕاو، دەروونناسازیەکی ڕاگوێزراو بە وتەکان بە زۆرەملێ تەبایی درووستدەکەن:
گەردەلوول
کە باسی گەردەلوول دەکرێ
هەموو بە بیستنی دڵگران دەبن
ترس ڕۆح و جەستەیان دادەگرێ
زمان بەس وەسفە ڕوودان نییە ڕووی دەروونناسی، کۆپلە، ورووژانە، بابەت، ترس (جەستە، ڕۆح) یەکسانە بە پەژمووردەیی.
ترسی ژاکانی جوانیەکان
ترسی وێرانی، پچڕانی کۆمەڵایەتی
ترسی مردن، ئەنجامی ژیان
ترسی دابڕان و جودایی، دابڕانی کۆمەڵایەتی
خەیاڵێکی قووڵی پڕ لە نائومێدی، بۆ لەناوچوونی هەستەکان.
بەڵام بیری جوانیەکانی دەکەمەوە، جوانترین بیر
خوێنەری بەڕێز کام بیر، کام دابڕانی خود، کام جوانیی، پلەی باڵای بیر، هەر هەمووی یەکسانە بە شێوازی خود شێوازی مێژووی دەربڕین، لە ئاستە کۆمەڵایەتیە پەیوەندییە بازنە پچڕاوەکاندا.
لە مێژەوە ئەم خەیاڵە مێشکی داگیر کردووم
دەڵێم بەڵکو گەردەلوول
ببێتە میوانی ڕۆحی تەنیام
بەبێ ترس!؟
من لە ئامێزی تارو تاریکی خۆی بگرێت!؟
هەندێک لە نووسەران و شاعیران و ڕەخنەسازان بەشێوەیەکی ئاسایی مەبەستیانە پەرە بدەن بە زانیاری زۆر دەرخستن لەناو ڕستە و بەرهەمهێنانی ژانرە ئەدەبیەکاندا.
(نەسرین تەنیا) بە مەبەست یان سرووشتی هۆنینەوەی شیعری
خواستوویەتی وەها دەبێت، ئەو کارەی ئەنجامداوە.
جۆرێکیتری ئەم سەردەمەش هەن کە ئەم لایەنە فەرامۆش دەکەن و دەچنە بازنەی فرەواتایی و چڕکردنەوە، لە دەربڕیش و ورووژاندن ئەمەش لەپێناوی شێوازی دەربڕینی شاعیر (خوودی، مێژوویی) (هاندانی خوێنەر، بەرهەمێنانی مێشکی خوێنەر).
یاریی ماڵە باجێنە ل ١٩٢
لە ساتەکانی تەنیایی
یاریی ماڵە باجێنەدا
من و خەیاڵ و تۆ
پێکێ شەرابی سوور
لە ڕەنگی سووراوەکەی من
پێنووسێکی ڕەش
لە ڕەنگی چاوەکانی تۆ
چەند لاپەڕەی سپی
لە ڕەنگی تاڵە سپیەکانی
قژی هەردووکمان
مەودای زانیارییە گشتیەکان، گەڕانەوە بۆ قۆناغی منداڵی و یاری ماڵە باجێنە، گەورەبوون، ئەندێشەی زەینی، لاوی و خەسڵەتەکانی، سووراوی تۆخی لێو، زێبایی پیری و نیشانەکانی خەمی پەستێنراو، تاڵەسپیەکانی قژ، دابڕانی کۆمەڵایەتی ڕەوشی خوودی تۆراو!؟
دایە گیان
لەسەر کام لاپەڕەی دڵم بنووسم
کۆچت کۆچی ئەبەدییە و هەتایی
دابڕان لەتۆ و ناوە بەرزەکەت
زامێکی قووڵی بۆ هەمیشە
لەدووتوێی دڵمدا چەقاندووە
هیچ کۆستێک سۆزی ناگاتە لەدەستدانی دایکی مرۆڤ لای ڕەگەزی مێینە، بۆ چونکە هەم دایک و هەم هاوڕێ و هەم مەحرەمی ڕازکانیەتی، ئەم کۆپلە سیخناخە، بەواتا چڕە واتا فرە واتاکان، هەناسەی یادەوەریش لێگەڕێ کە چ کارەساتێکی دەروون ناسازیی لەخۆگرتووە، تایبەتمەندی جوگرافیای دەقی ئەم هۆنراوەیەش لەوەدایە، لە ڕۆژهەڵاتە و ئەمی کیژۆڵەی ماڵە باجێنەکە لە سلێمانی زێدی بابی خۆی گرتووەتەوە، بەڵام (سەڵتەنە خان) نیشتەنی
ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و فەوتی کردووە.
ڕامبۆ (١٨٥٤ – ١٨٩١) چەشەی شیعری کۆن باوی سەردەمی خۆی بە ئاراستەیەکی تر برد.
ئەوکات ئەو ١٧ ساڵ بوو، یەکەم کەسە بەو تەمەنە لاویە نەخشەی کۆن بگۆڕێ بۆ نوێ، بۆیە (سووریالییەکان وەک ئیلهامبەخشێک لێی دەڕووانن.
عیساییەکان وەکو لایەنی ڕۆمیی بە قەشە پیرۆزەکە ناویان دەبرد، ڕادە بەدەر ئەم هەڵکەوتە لای فاشیەکانیش بە سمبوولی بزووتنەوەی داهاتووی خۆیان دەزانی. زانا خەلیل واتا لە شیعردا ٢٠١٢ ل ٣٦
نەسرین تەنیاش بەو بۆنە کەوتووە بەڵام لە ساتی درەنگ وەختا وشەکان ئاوس بوون ڕەنگاڵە وێنەکانیان درووستکردووە.
پۆرترێتی دووڕوویی
نغرۆم لە ناو پەیڤ و چپەی هەنگاوەکان
نەرم نەرم
لە ژێر چپەی مانگەشەو
لە ناو لاشەی بەستەڵەکم
تەژی لە ئاخافتن و
ئاوێتەی گۆمێکی سەراب
بۆ پۆرترێتی ئەودیووی مرۆڤ ل ١٠٢
میانەی شاگەشکەی ئەندیشەی شێوەکار و قاڵبی ئیستاتیکی ڕێکخستنی وشە لەپاڵ، ڕازاندنەوەی شاعیری نوێخواز بە تاڵی بیری ڕیالیستی دووڕووی دراوی ئەدەب و هونەرن، ئەم پۆرترێتەش ئەو دوو ڕووە هونەری و کۆمەڵایەتی و زمانیەی تیا دیارە،
مانگی چواردە ئەنگوستی ناوێت بە هێما بۆ بینین.
تا ئێستەش خۆشەویستی بۆ چەند بارێکی کۆمەڵایەتی شەرم و نەنگیە بۆ، دید، خۆشەویستی، جنس (سێکس) ئابڕوو، باوک سالاری.
بۆیە ڕۆمانی نووسەرێکم خوێندەوە لە یەک ڕستەدا شاباڵی وشەی جوان و ئەندێشەی پڕ لە جوانی قاڵبی ئیستاتیکی نا ئاڵۆزی کۆکردووەتەوە دەڵێت.
( ئەگەر ئاسمان و ئەستێرە و خۆر و هەور و بارانبێت) ئەوا ژنیش خاک و سرووشتە، پێکەوە ژیان درووستدەکەن. ئاسۆ حەسەن (من تامەزرۆی خۆشەویستیم ٢٠١٩ ل ١١٨ ).
کەواتە نەسرین تەنیا تامەزرۆی مامەڵەی پیاوی ڕاستگۆ و بە ئەمەک و مەرد سرووشتەکانە، نەک پیاوە دەمامک ڕووەکان.
بە ئازارەوە پۆرترێتی شیعر کێشراوە بە ئازاری دەروونییە، هەڵوێستی جوامێری پیاوان لەباربراوە لە یادەوەری پڕ لە ئەشکەنجەی ئەم دایکە شاعیرەدا، بەڵام هۆشبراو نییە لە ڕووی مێژووییەوە کە دەمامکدارەکان توانیتیان زنجیرە خووی ڕاگری کەلتووری عورف ئاکاری ڕەوشت لەباربەرن .
بە کۆپلەی (شەوی عاشقانە ) کۆتا لێدوانی ئەم شیکردنەوەیەمە، بە هیوای خاتوونی ڕوونبێژ نەبەزانەتر دەردە دڵەکانی لە بازنەی فێمێنستی سەردەمدا بنووسێت.
وەرە چەشنی کۆنەشەراب
بڕژێرە جامی هەستمەوە
بەمەزەی ماچی لێوی ئاڵ
ڕۆحت بخەرە دەستمەوە
فۆرمەڵی وێنە خاتوونێکە بەرامبەر ئاوێنە بە جلی شەو چاوەڕوانی ئەسپسوارێک دەکات، تەقەی ئاوزنگی ئەسپی هاتنی لەبەردەمیا قوتبێتەوە.