لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئەم ساتە ڕێ بە خوێندنی زمانی کوردی بە شێوەیەکی فەرمی نادرێ و سەرەڕای ئەوەی کە یاسا و ڕێساکان ڕێگر نین لە خوێندن و فێرکردنی زمانی کوردی بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بەڵام بە بیانوو و تۆمەتی جیاواز هەوڵ دەدرێ ڕێ لەو مافە بگیرێت.
لەم چەند ساڵەی دواییدا چالاکانی بواری پەروەردەیی و ژینگەیی و مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەربەستی زیاتریان بۆ دروست کراوە و تەنانەت بە بەندکردنی درێژخایەن سزا دراون. نوێترین حاڵەتی بەندکردن بۆ سەرەتای ئەم هەفتەیە دەگەڕێتەوە کە مامۆستایەکی زمانی کوردی لە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە یازدە ساڵ زیندانیی سزا درا.
سه‌یوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی كوردی و ئه‌ندامی به‌ڕێوه‌به‌ریی ئه‌نجوومه‌نی فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تیی “نۆژین” له لایه‌ن لقی یه‌كی دادگای شۆڕشی سنه به سه‌رۆكایه‌تیی دادوه‌ر كه‌ره‌می، به تۆمه‌تی “دروستكردنی گرووپ بۆ تێكدانی ئاسایش” به دە ساڵ به‌ندكردن و به تۆمه‌تی “پڕوپاگه‌نده دژی حكوومه‌ت” به یه‌ك ساڵ به‌ندكردن و به كۆی گشتی به یازدە ساڵ زیندانیی سزا درا.
پێشتریش زارا محه‌مه‌دیی، هاوژینی سەیوان لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ له لایه‌ن ده‌زگای دادوه‌ریی كۆماری ئیسلامیی ئێران له شاری سنه، پێنج ساڵ زیندانیی سزا درابوو بەڵام دوای زیاتر لە ساڵێک و لە ئاکامی لێبوردنێکی گشتیدا سەرەتای ئەمساڵ ئازاد کرا.
زارا زۆر زیره‌كانه سه‌دان قوتابیی فێری زمانی كوردی كرد بێ ئه‌وه‌ی له یاسا و ڕێساكانی ئێرانیش لابدات، كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش كه چاوی به‌و جۆره چالاكییانه هه‌ڵنایه‌ت، کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەمای خسته پاڵ، به‌ڵام هیچ كام له‌و تۆمه‌تانه له‌سه‌ری نهسهلمێنران و سه‌ره‌ڕای ئه‌مه، زۆر نادادپه‌روه‌رانه حوکم درا.
بەگوێرەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هاوینی ڕابردوو سه‌یوان ئیبراهیمی، له دۆسیه‌یه‌كی تردا له‌لایه‌ن دادگای تاوانه‌كانی شاری سنه، به تۆمه‌تی “تێكدانی ئاسایشی گشتی” به یه‌ك ساڵ به‌ندكردن و دوورخستنه‌وه و لێدانی چل قامچی سزا درابوو. له دادگای پێداچوونه‌وه سزاكان، سزای به‌ندكردن و لێدانی قامچیی ئیبراهیمی په‌سند كرا، سزای دوورخستنه‌وه‌ی بۆ به‌ندیخانه‌ی دێزڵئاوا له شاری كرماشان هه‌ڵوه‌شایه‌وه.
سه‌یوان ئیبراهیمی بێتاوانیی خۆی دەربڕیوە و گوتوویەتی هیچ شتێک شک نابات شایانی ئەو سزایە بێت و پێی وایە هۆكاره‌كه تەنیا ئەوەیە له ئه‌نجوومه‌نی نۆژین و چالاكییه‌كانی ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه بەشدارە و پشتگیری له خۆڕاگریی هاوژینه‌كه‌ی زارا محەمەدی کردووە و وێنەی شەهیدانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردووەتەوە.
ئەنجوومەنی نۆژین بۆ حوکمدرانی سەیوان هێشتا هەڵوێستی نەبووە بەڵام سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ دوای گرتنی زارا محەمەدی راشکاوانە گوتبووی گوتاری زاڵ، دەستی داوەتە پاکتاوکردنی شوناسی کورد و خۆی ڕێکخستوە و دەیەوێت بە بەرهەمهێنانی کوردی کۆڵۆنی کراو پێناسەی خۆی بەسەر بوون و ژیانی کورددا بسەپێنێت.
سەپاندنی حوکمی زیندانیی بەسەر چالاکوانانی ژینگە و مامۆستایانی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بووەتە هۆی ئەوەی ڕێز و پێگەی ئەو گیراوانە لای خەڵک و جەماوەری کوردستان زۆر بەرزتر بێت و تەنانەت خەڵاتی ساڵانەیان پێشکەش بکرێ و ڕێز لە ئیرادەیان بگیرێت.
رۆژی یەکشەممەی ڕابردوو سێی کانوونی یەکەم، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا لە بینای شارەوانیی شاری شۆنبێرگی بێرلینی ئەڵمانیا، یەکەمین خەڵاتی ساڵانەی “جەمال نەبەز” پێشکەش بە زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی – فەرهەنگیی “نۆژین” کرا.
لەو ڕێوڕەسمەدا کانی محەمەدی، خوشکی زارا خەڵاتەکەی لە خوناڤ حاجۆ، ئەندامی لێژنەی داوەریی خەڵاتی ساڵانەی “جەمال نەبەز” وەرگرت. دواتر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە زارا محەمەدی وێڕای بەرزنرخاندنی ئەم خەڵاتە، گوتی زمان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی ڕۆڵێکی کارای هەبووە و پێناسەیەکی سەربەخۆیانەی نەتەوەیەکی ستەملێکراوی بەرانبەر بە نەتەوەیەکی سەردەست کردووە، چونکە نەتەوەی زاڵ ویستوویەتی بە سەپاندنی زمانی خۆی زمانەکانی تر بتوێنێتەوە.
ڕێکخراوێکی تری پەروەردەیی بەناوی کوردشۆپ ساڵی رابردوو بڕیاری دا هەموو ساڵێک لە رۆژی گرتنی زارا کە هەشتی کانوونی دووەمە خەڵاتی ئەدەبی ببەخشێت و زستانی ڕابردوو لە یەکەم هەنگاودا خەڵاتی زارا بۆ زمانی کوردی بەخشیە ناوەندی ڤەژین کە ناوەندێکی تری ئەدەبییە و خزمەتی هونەر و کەڵتور و زمان کوردی دەکات.