دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

هەنگوینی کوردستان ڕەوانەی بازارەکانی دەرەوە دەکرێت

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەرهەمی کشتوکاڵی وئاژەڵداری هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و بەراورد بە ساڵانی پێشوو بەتایبەت دوای گرنگیدانی تایبەتی حکوومەت بە لایەنی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری هەرێم و پاڵپشتیکردنی جووتیاران بۆ باشترکردن و زیادکردنی بەرهەم.

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەی بەبازاڕکردن و بەپیشەسازی کردن و هەناردەکردنی بەروبوومە کشتوکاڵیەکان، هەنگوینیش چووە ناو لیستی بەرهەمە هاوردەکراوەکانی هەرێمی کوردستان و دوای چەند تاقیکردنەوەیەک لە وڵاتانی دەرەوە بۆ دڵنیابوون لە کوالێتی هەنگوینەکە و دوای ئەوەی کە دەرکەوت جۆری هەنگوینی کوردستان لە ئاستی ستانداردە جیهانییەکانە و بگرە لە باشترینەکانیشە، ئێستاکە ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت و نزیکە ببێتە جێی شانازی هەرێم.
دوای چەندین کۆبونەوە وکۆکردنەوەی داتاو دیاریکردنی ناوی هەنگەوانان لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ڕێکارەکانی کارئاسانی و پێدانی مۆڵەت، هەفتەی ڕابردوو، دوو تۆن هەنگوینی خۆماڵی هەنگەوانانی کوردستان،بەکواڵێتی بەرز و پێشکەوتوو گەیشتە وولاتی قەتەر.
جێی باسە لە سەرەتادا بەهەوڵی حکوومەت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت وبازاڕی ناوخۆیی ڕێژەیەکی زۆر لە هەنگوینی کوردستان لەلایەن کۆمپانیاکانی ناوخۆوە کڕدرا لەوانە؛ کۆمپانیای کارفور و تەڵەبات و کۆمپانیای لۆکس کە هەریەکە بڕێکی باش لە هەنگوینی ناوخۆی هەرێمیان کڕیوە و دەرکەوتووە کە خواستێکی زۆری لەسەرە و دواتر بیرلەوە کرایەوە کە ڕەوانەی دەرەوە بکرێت.
هەرچەندە بەهۆی درێژەکێشانی وەرزی بارانبارین لە هەرێم ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوین بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەم بوو کە ٢٠٢٢ نزیکەی هەزارو ١٠٠ تۆن هەنگوین لە هەرێم بەرهەم هاتووە، بەڵام بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ڕێژەی هەنگوینی بەرهەمهاتوو ٥٥٠ تۆن بوو، بەڵام ئەمە نەبووە ڕێگر لەبەردەم پرۆسەی هەناردەکردنی هەنگوینی هەرێم و گەیشتنی بە بازارە جیهانییەکان.
لە هەرێمی کوردستان ١٥هەزار هەنگەوان و ٨٠٠هەزار کورەی هەنگ هەن و ئەمساڵیش بەرهەمی هەنگوینی هەێمی کوردستان ٥٥٠ تۆن بووە و زیاتر لە ٢٠٠ هەنگەوان بەشدارن لە هەڵمەتی هەناردەکردنی هەنگوین و لەو پرۆسەیە سوودمەند بوون.
جێی باسە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی خۆی بۆ هەنگەوانە ناوخۆییەکان دووپاتکردووەتەوە لە رێگەی دروستکردنی بازاڕ لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بۆ بەرهەمەکانیان هاوشێوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە، لەم هەنگاوەشیدا ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بەشداربوون و ئامانج لەم هەنگاوەی کابینەی نۆیەمیش، بەهێزکردن و بەشداریپێکردنی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتە لە پرۆسەی هەناردەکردندا کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند، بە هاوکاری حکوومەت بەردەوامدەبین لە هەناردەکردن و هەمەچەشنکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییە خۆماڵیەکان و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری هەرێم و جووتیاران و خاوەنکاران، هاوتەریبی هەنگاوەکانمان لەپێناو بەدیهێنانی خۆبژێوی و بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراکی هەرێمی کوردستان. ئاماژەشی بەوە کرد کە بەپێی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ئەگەر خواستی دەرەکی لە بازاڕەکانی دەرەوە لەسەر داواکردنی هەنگوینی کوردستان زیاتر بێت، ئەوا کار بۆ زیادکردنی بەرهەمی هەنگوین دەکرێت لەپێناو زیادکردنی ئاستی هەناردەکردن.