کێ خاوەنی نیشتمانە؟

کێ خاوەنی نیشتمانە؟
تفەنگێکی بەکرێگیراو
یان دایکێکی جگەرسووتاو؟
نەوەی شەهیدێکی سەنگەر
یان جاشێکی ئابڕووتکاو؟

کێ خاوەنی نیشتمانە؟
شاعیرێکی ڕابردووپاک
یان بەرپرسێکی گەندەڵکار؟
ڕۆژنامەنووسێکی ئازا
یان زوڕناژەنێکی دەربار؟

کێ خاوەنی نیشتمانە؟
جەللادێکی دەسەڵاتدار
یان قوربانییەکی هەژار
(کاوە)یەکی قەڵەم پاکژ،
یان سەرکردەیەکی پیاوکوژ؟

کێ خاوەنی نیشتمانە؟
سەرۆکێکی مافیای دەرمان
یان نەخۆشێکی بەستەزمان؟
دادوەرێکی ویژدانمردوو؟
یان منی شوێن ڕاستی کەوتوو؟
کێ خاوەنی نیشتمانە؟
*
(*) عەبدولوەهاب بەیاتی کە بە فەرمانی عودەی، کوڕەگەورەی سەددام، ناسنامەی عێراقیبوونی لێ سەندرایەوە، شیعرێکی بە ناونیشانی (من یملک الوطن)ەوە، نووسی..

ھەواڵی زیاتر