سلێمان تاشان – ههولێر
بە پێچەوانەی لێدوانی زۆرێک لە بەرپرسانی باڵای سەربازیی عێراق و حکوومەتی فیدراڵی لەبارەی کۆتاییهاتنی داعش و زاڵبوونی تەواویەتیی هێزەکانی ئەمنی و سوپای عێراق بەسەر تیرۆریستانی داعش، کەچی هێشتا هێرشەکانی داعش بەردەموامن و نێوەنێوە ئەو هێرشانە قوربانییان لێ کەوتووەتەوە. تەنیا لە ماوەی سێ ڕۆژدا لە مەخموور و دیالە دوو هێرشی تیرۆریستی ئەنجام دراون .
شەوی هەینی لەسەر شەممە چەکدارانی داعش پەلاماری گوندێکی مەخمووریان دا کە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبیدایە و بەهۆی ئەو هێرشە سێ سەربازی سوپای عێراق کوژران و پازدەی تر بریندار بوون.
شەڕەکە لە بەرەبەیانەوە تا پێش نیوەڕۆی شەممە دووی کانووی یەکەم بەردەوام بوو و بەگوتەی سوپای عێراق لە ئاکامی ئەو شەڕەدا توانیویانە پێنج چەکداری داعش بکوژن. وا دیارە تیرۆریستەکان لە دوو خانوودا خۆیان حەشار داوە و بۆیەش لە ڕێی بۆردومانەوە ئەو چەکدارانە لەناو بران.
شەوی پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردووش لەناوچەی عوزێم لە باکووری پارێزگای دیالە چەکدارانی داعش ھێرشیان کردە سەر یەکەیەکی سوپای عێراق و لە ئەنجامدا ئەفسەرێکی سوپا بە پلەی نەقیب کوژرا.
دوای ھێرشەکەش سوپای عێراق ھێزی زیاتری بۆ وەڵامدانەوەی داعش ڕەوانەی ناوچەکە کرد و ھەڵمەتی کێوماڵکردنیشی بۆ دۆزینەوەی پێگەکانی داعش ئەنجام درا.
پێشتریش چەندین هێرشی تری تیرۆریستی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق ئەنجام دراون و ئەوەش لەکاتێکدایە وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتبووی بەھەوڵی هێزە ئەمنییەکان، ئەمساڵ ئاستی مەترسییەکانی داعش لە سنووری پارێزگاکانی کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدین، ٩٥% کەمی کردووە.
هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی تیرۆریستانی داعش نیشانەی ئەوەیە هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە تیرۆریستانی داعش چ لە عێراق و چ لە سووریا ماون و چاوەرێی دۆخێک دەکەن بتوانن دووبارە هەستنەوە و دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش نائارام بکەن.
وەک ئاشکرایە لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ هێرشێکی کتوپڕ و لەنکاوی گرووپێک لە چەکدارانی داعش بووە هۆی ئەوەی کە لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا مووسڵ کە یەکێک لە گەورەترین شارەکانی عێراقە، داگیر بکرێت و دوای ماوەیەک ئەو داگیرکارییە بۆ یەک لەسەر سێی خاکی عێراق پەرە بستێنێت.
مووسڵ لە کاتێکدا کەوتە داعش کە چەندین بنکەی گەورەی سەربازیی سوپای عێراق بە پێشکەوتووترین چەکی جۆری ئەمەریکی ڕۆڵی پاراستنی ئەو شارەیان دەگێڕا بەڵام ڕایان کرد و چی چەک و تەقەمەنی و پێداویستی سەربازی هەبوو ڕادەستی داعشیان کرد و داعش بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ وەک خۆراکی جەنگ بەکاری هێنا.
هێزی پێشمەرگە بە یارمەتیی هێزەکانی هاوپەیمانان ڕۆڵی زۆر کارایان هەبوو لە لاوازکردنی داعش و ناوچە داگیرکراوەکان یەک لە دوای یەکتر ئازاد کران و لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٧ داعش بە یەکجاری لە عێراق ڕووخا و هیچ ڕووبەرە خاکێکی بەدەستەوە نەما.
هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش هەر لە دەستپێکی سەرهەڵدانی داعش دەستیان بە ڕاهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرد چونکە بۆ ئەوروپا و ڕۆژئاوا و تەواوی جیهان بوونە هەڕەشە و ئەو ڕاهێنان و یارمەتییە سەربازیانەش تا ئەم ساتە بەردەوامن.
سەرکردەکانی ڕۆژئاوا و فەرماندەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و زۆر جار بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش ئەمەیان دووبارە کردووەتەوە کە هێشتا مەترسییەکانی داعش نەڕەویونەتەوە و دەبێت تواناکانی لەناوبردنی داعش بەهێزتر بکرێن و ئەو پڕۆسەیەش بە ساڵێک و دوو ساڵ بەدی نایەت و بۆیە پێداگرییان لە بەردەوامیدان بە ڕاهێنانە سەربازییەکان و هەماهەنگیی هەواڵگرییەکان و هەندێک جاریش ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سەربازی کردووە.
هەر لەدوای هێرشەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی عوزێم سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ڕای گەیاند ئهو هێرش و پهلاماره تیرۆرستییانه، مهترسی لهسهر ئاسایش و سهقامگیریی وڵات دروست دهكهن و ئهو ڕاستییه دهسهلمێنن كه تیرۆر هێشتا ههڕهشه و ئاڵنگارییهكی جددییه و دهبێ ههموو هێز و توانایهك و به هاوكاری و ههماههنگیی زیاتری سوپای عێراق و پێشمهرگه و هێزه ئهمنییهكان و به پشتگیریی هاوپهیمانیی نێودهوڵهتی، بهرهنگاریان ببینهوه.
خاڵی ناکۆک لێداونی هەندێک بەرپرسی باڵای فیدراڵی بووە کە بە بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی عێراق هانی حکوومەتی عێراق دەدەن کە هەر چی زووە کۆتایی بە مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بهێنرێت و تەنانەت هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان یەکلایەنە بنکە سەربازیەکانی هاوپەیمانان دەکەنە ئامانج و داوای چۆلکردنی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکەن لە کاتێکدا ڕووداوەکان سەلماندوویانە هێشتا تیرۆریستانی داعش هەڕەشەن و پێویستە هەمووان بە یەکەوە لە لەناوبردنیاندا ڕۆڵ بگێڕن.