پێنجشەممە, كانونی یه‌كه‌م 5, 2024

مەحمود محەمەد، وتەبێژ و ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی: دەبێت ڕۆژنامەی هەولێر، بایەخ بە سایکۆلۆجیای گەلی کوردستان بدات

پاڤین ڕەمەزان – هەولێر

مەحمود محەمەد، وتەبێژ و ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی و بەرپرسی پێشووی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ساڵیادی دەرچوونی ڕۆژنامەی هەولێردا، دەڵێت: جگە لە پیرۆزبایی و دەستخۆشیی لە ستافی ڕۆژنامەکە، ئومێد دەکەم پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن و لە ئاست ئەم قۆناغەی ئێستادا بن. چونکە دنیا بەرەو پێشکەوتنێکی زۆر چووە و گۆڕانەکان گەورە و خێران.

خۆگونجاندن لەگەڵ پێشکەوتن و گۆڕانەکان
مەحمود محەمەد، لەوبارەیەوە زیاتر دەڵێت: ئەگەر ڕۆژنامەنووس و نووسەر لە ئاستی ئەو هەموو پێشکەوتن و گۆڕانە خێرایانەدا نەبێت، بەڕاستی بەرەو دواوە دەچێت. بۆیە پێویستە لەسەر ئەو هەڤاڵانەی کە لە ڕۆژنامەی هەولێر کە هەریەکێکیان بە شیوازی خۆی کار دەکات، لەگەڵ ئەم پێشکەوتنانە خۆیان بگونجێنن و نووسینەکانیان لە ئاستی پێویستی خەڵکی کوردستاندا بێت، لەڕووی سیاسی و ئابووری، کۆمەڵایەتی و هونەری و ئەدەبییەوە بە شێوازێک بێت خزمەتی لێ بخوێنرێتەوە و بە تەنیا هەر نووسین نەبێت، بەڵکو خزمەتی تێدا بەدی بکرێت و خەڵکێک چاوەڕێی دەرچوونی بکات بۆئەوەی بیخوێنێتەوە.
دەشڵیت: دەبێت بیر بکاتەوە چۆن دەبێتە بەشێک لە پێشکەوتنەکانی ئەم کۆمەڵگەیە و بیرکردنەوەکانی خۆیان بکەنە سەر کاغەز و خەڵکی پێ ئامادە بکەن. ڕۆشنبیرکردنی خەڵک، واتە تۆ توانای ئەوەت هەبێت خەڵک تێبگەیەنیت و ئاگاداریان بکەیتەوە لەو بابەتانەی کە لاتوایە ئەو نایزانێت و تۆ دەیزانیت.

ئەرکی نەتەوەیی ڕۆژنامەی هەولێر
مەحمود محەمەد، سەبارەت بە ئەرکی ڕۆژنامەگەری و لە ناویاندا ڕۆژنامەی هەولێر، دەڵێت: ئەوەی گرنگە ڕۆژنامەی هەولێر، ڕۆژنامەیەک بێت بایەخ بە سایکۆلۆجیای گەلی کوردستان بدات، وە هەوڵ بدات کە ئەم بابەتە لەبەرچاو بگیرێت و خەڵکی نیگەران نەکرێت، چونکە گەلی کوردستان، ساڵانێکی زۆرە نیگەران کراوە لەلایەن ئەوانەی دژی کوردستان و مافەکانی بوون. ئێستا ئێمە دەبێت لەناو خۆماندا هەوڵبدەین ئاسودەیی بۆ خەڵک بگێڕینەوە. پێویستە ئەم ڕۆژنامە لە ناو خەڵکدا خۆشەویستی بچێنێت، دڕدۆنگی لابەرن و خەڵک فێربکەن چۆن یەکتریان خۆشبوێت، خەڵکی ئێمە پێویستی بە ڕێنوێنیە و ئەم ئەرکەش دەکەوێتە سەر ڕۆژنامە و گۆڤار و تیڤییەکان و دەبێت ڕۆژنامەی هەولێر ئەم ئەرکەی خۆی وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی جێبەجێ بکات. لە ڕابردوودا خەڵک پێویستیان بەوە بوو چەک هەڵبگرن و ببنە پێشمەرگە، گیانی خۆیان لەسەر دەستیان دابنێن لەپێناو خاک و لەپێناو نەتەوەکەیاندا، ئێستە پێویستیان بەوەیە ئەو دەستکەوتانەی کە بە خوێن و خەبات بەدەستهاتوون بپاریزرێن. ئەمە بەشێکە لەو ئەرکە گرنگە نەتەوەیی و نیشتیمانییەی کە دەکەوێتە ئەستۆی ڕۆژنامەکان لە ناویشیاندا ڕۆژنامەی هەولێر.

ئاراستە و سیاسەتی کار کردنی ڕۆژنامەی هەولێر
سەبارەت بە ئەجێندا و سیاسەت و ئاراستەی کارکردنی ڕۆژنامەی هەولێر، مەحمود محەمەد، دەڵێت: ئەگەر ڕۆژنامەی هەولێر و شێواز و موڵکایەتیی پارتیشی پێوە دیاربێت، دەبێت ئەو باکگراوندە بێنینەوە بەرچاو، پارتی خۆی بۆ چ ئامانجێک دامەزراوە؟ پارتی بۆئەوە دامەزراوە خزمەتی گەلی کوردستان بکات، پارتی بۆ ئەوە دامەزراوە کە گەلی کوردستان یەکگرتووبێت، هەموو هێز و توانای گەلی کوردستان لە سەرتاسەری کوردستان بە هەموو لەهجە جیاوازەکانیەوە بە هەموو ئایینە جیاوازەکانییەوە بە هەموو مەزهەب و عەشیرەتە جیاوازەکانییەوە یەکبگرن و پێکەوە بن بۆئەوەی بتوانن بەرەنگاری ئەو تەحەدیات و پیلانانە ببنەوە و کە دانرابوو کورد چۆن بتوێننەوە، یان نیشتیمانەکەی داگیر بکرێت. بۆیە ڕۆژنامەی هەولێریش دەبێت لەو فکرەیەوە سەرچاوە بگرێت و ئەفکارەکانی هەڵبقوڵێت و خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات. مادام پارتی بۆئەوە دامەزراوە کە خزمەتی خاک و گەلی کوردستان بکات، کەواتە دەبێت ڕۆژنامەی هەولێریش بەو ئاراستەیە خزمەتی گەلی کوردستان بکات. ڕاستە هەموو خەڵک پارتی نییە، بەڵام ئێمە تەنیا خزمەتی خەڵکی پارتی ناکەین، ئێمە دەمانەوێت خزمەت بە هەموو خەڵکی بکەین وە باوەڕمان وایە کە لە کوردستاندا ئەفکار و دیدی جیاواز هەیە کەواتە ئایدۆلۆجیا و تێڕوانینی جیاواز هەیە، کە ئایدۆلۆجیا و تێڕوانینی جیاواز هەبێت کەواتە ئەحزابی جیاوازیش هەن. ئێمە باوەڕمان بەوە هەیە و باوەڕیشمان بەوە هەیە دەبێت مەیدانێکی کراوەی دیموکراسیانە هەبێت بۆئەوەی کە گەلی کوردستان هەریەکێک بەپێی ئەو قەناعەتانەی هەیەتی ڕۆڵی خۆی ببینێت لە چۆنیەتی پاراستنی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان و ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەست هاتوون. کەواتە ڕۆژنامەی هەولێریش دەبێت بەو ئاراستەیە خەباتی خۆی بکات و بەو ئاراستەیە بنووسێت و لەگەڵ خەڵک مامەڵە بکات، بۆیە شتێکی نوێ نییە ڕۆژنامەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەکو ڕۆژنامەی هەولێر لە خزمەتی هەموو نووسەران و ڕۆشنبیراندا بێت و لە خزمەتی هەموو گەلی کوردستاندا بێت. ئەرکی ڕۆژنامەی هەولێر تەنیا گواستنەوەی هەواڵ و دیدگای پارتی نییە، بەڵکو خزمەت کردنی هەمووانە.