دهقی پەیامهكهی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
ئەمڕۆ بەڕێز سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی پەیامێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و داوا دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان موچەی مامۆستایان خەرجبکات.
ئێمە بەتەواوی لەگەڵ ئەم پەیامەداین بەڵام جەنابیان ئاگادارە کە ئەوە حکومەتی هەرێم نییە موچەکان نادات بەڵکو حکومەتی فیدراڵییە کە موچەی مامۆستایان و هەموو موچەخۆرانی کوردستانی ڕاگرتووە و بە شێوەیەکی زۆر نادادپەروەرانە ئامادە نییە موچە و بەشە بودجەی هەرێم رەوانە بکات.
داوا لە بەرێز سەید حەکیم دەکەین رووی لە بەغدا بێت و پاڵپشتی لە کۆتایی هێنان بەو نا دادپەروەریە بکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی ئەرکەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێکردووە و پابەندی ڕێککەوتنەکان بووە، بەڵام ئەمەمان لە لایەنی بەرانبەر بەدینەکردووە.
هەتا داهاتەکانیش لە دەست حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بوون شایستەی سەرجەم فەرمانبەرانی خۆی خەرجکردووە، بەڵام دوای وشککردنی سەرچاوەکانی داهاتی هەرێم لەلایەن بەغداوە کێشە بو موچەخۆران دروستکراوە.
بەڕێز حەکیم وەک چۆن لە ڕابردوودا ڕۆڵی چاکە خوازی گێڕاوە، هیوادارین لەم پرسەشدا داوا لەسەرجەم لایەنەکانی عێراق بکات چاوپۆشی نەکەن لەو زوڵمەی کە دەرحەق بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت .
پێشەوا هەورامانی
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان