سبەی یەکەمین کۆنفرانسی زانستی کۆلێژی نەشتەرگەرانی ئەمەریکی لقی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ی تشرینی دووەمی 2023، د. سەرکار سورچی وتەبێژی تەندروستی، راگەیاند: “لەژێر سەرپەرشتیاری د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان، یەکەمین کۆنفرانسی زانستی کۆلیژی نەشتەرگەرانی ئەمەریکی لقی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت”.
گوتیشی: “کۆنفرانسەکە سبەی 30/11/2023، کاتژمێر 10ی سەر لە بەیانی دەستپێدەکات و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، چەندین پزیشکی هەرێمی کوردستان و بیانی بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن، ئەمەش لە پێناو هەماهەنگی زیاترە و هەنگاوێکی نوێیە، چونکە پێشتر هیچ کۆنفرانسێکی کۆمەڵەی نەشتەرگەرانی ئەمەریکی، لەو جۆرە لە هەرێمی کوردستان نەکراوە، هەروەها وەرچەرخانێکی نوێیە بۆ بەرەو پێشچوونی سیستەمی تەندروستی هەرێمی کوردستان”.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشدا: “بەمجۆرە هەماهەنگییەکی باش دروست دەبێت، لەنێوان کۆمەڵەی نەشتەرگەرانی کوردستان و کۆمەڵەی نەشتەرگەرانی ئەمەریکی، چەندین وانە لە ناو کۆنفرانسەکەدا دەگوترێنەوە، لەگەڵ چارەسەری نوێ کە لەبواری نەشتەرگەی دەخرێنەڕوو”.