زریان و باوبۆران لە دەریای رەشەوە بوونە هۆی پەککەوتنی هەناردەی نەوتی رووسیا و کازاخستان، بەمەش نرخی نەوت ئەمڕۆ بەرزبووەوە، لەهەمان کاتدا دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی، بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ و گەیاندییە بەرزترین ئاستی حەوت مانگی رابردوو.
نرخی نەوتی برێنت 33 سەنت بەرزبووەوە و یەک بەرمیل بە 82 دۆلار و 1 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 45 سەنت بەرزبووەوە، هەر بەرملێکی بە 76 دۆلار و 86 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 29-11-2023) لەکاتێکدایە بڕیارە سبەی بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە هاوپەیمانیێتیی ئۆپێک پڵەس لەڕێگەی ئۆنلاینەوە کۆببنەوە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر بڕی کەمکردنەوەکان لە ئاستی خستنەڕووی نەوت بۆ ساڵی داهاتوو بدەن.
نرخەکانی نەوت رۆژی سێشەممە بەرێژەی 2٪ بەرزبوونەوە دوای ئەوەی بەپێی هەندێ راپۆرت؛ ئەندامانی هاوپەیمانیێتیی ئۆپێک پڵەس نزیکبوونەوە لە رێککەوتن لەسەر پشکی هەر وڵاتێک لە خستنەڕووی نەوت بۆ ساڵی داهاتوو.
بەپێی داتاکانی گواستنەوەی دەریایی، بەهۆی زریان و باوبۆرانی دەریای رەش، هەناردەکردنی رۆژانە نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی رووسیا و کازاخستان، کە لەرێگەی دەریای رەشەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێن، پەکی کەوتووە.
حکومەتی کازاخستان رایگەیاند، قەبارەی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە لە رۆژی 27ـی ئەم مانگەوە، بەڕێژەی 27٪ کەمیکردووە.
هیرۆیکی کیکوکاوا، سەرۆکی کۆمپانیای راوێژکاریی ئێن ئێس ترەیدینگ لەو بارەیەوە رایگەیاند، “نیگەرانی لە پچڕانی هەناردەی نەوتی کازاخستان، نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە.”
کیکوکاوا دەڵێت هەموو نیگاکان لەسەر کۆبوونەوەی سبەی ئۆپێک پڵەسن و ئەگەر بەرهەمهێنەرانی نەوت بڕیار نەدەن قەبارەی خستنەڕووی نەوت بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبکەنەوە، ئەگەری گۆڕانکاری لە نرخی نەوت تاوەکو 5 دۆلاریش لە ئارادایە.