سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک:پارتی بۆ خزمەتکردنی شاری کەرکووک و برایەتی و پێکەوەژیان گەڕاوەتەوە شارەکە

محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، لەم دیدارەدا لەگەڵ “ھەولێر” دەڵێت: خەڵکی کەرکووک خۆیان باش دەزانن کێ بەرگری لە مافی کورد و پێکھاتەکانی دیکە دەکات، باوەڕمان بە ئاشتی و پێکەوەژیان و برایەتییە لەگەڵ ھەموو پێکھاتەکانی کەرکووک. دەشڵێ: خەڵکی کەرکووک بە دەنگ پاداشتی پارتی دەدەنەوە.

لە ڕێورەسمێکدا و بە ئامادەبوونی بەرپرس، ئەندام و کادیری ھەر دوو لقی سێ و مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی، بەشێوەیەکی فەرمی بارەگای لقی سێی پارتی لە کەرکووک کرایەوە.
دوای ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر، ھێزە عێراقییەکان دەستیان بەسەر بارەگاکانی پارتی لە کەرکووکدا گرتبوو، دوای شەش ساڵ پارتی بارەگای لقی سێی خۆی لە شاری کەرکووک کردەوە و دەستی بە بانگەشەیەکی بەرفراوان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرد.
بەشێک لە لایەنگرانی پارتی کە لە ڕێورەسمەکەدا ئامادەبوون خۆشحاڵیی خۆیان بە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک و کردنەوەی لقی سێ دەربڕی و ڕایانگەیاند گەڕانەوەی پارتی و کردنەوەی بارەگای لقی سێ، گەڕانەوەی شکۆیە بۆ کورد و کەرکووکییەکان. دوای گەڕانەوەی پارتی دۆخی شاری کەرکووک جیاواز بووە و گۆڕانکاری بەخۆیەوە بینیوە و شارەکە پێش دەکەوێت و ئارام و سەقامگیر دەبێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە ٣٠ کاندید بە لیستی ژمارە ١٩٧، بەشداریی لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک دەکات، کە بڕیارە ڕۆژی ١٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بکرێت.
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، دەڵێت: گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک گەڕانەوەی کورد بوو بۆ کەرکووک. پارتی ھەمیشە پارێزەری ئاڵای کوردستان بووە، جێگەی شانازییە دووبارە ئاڵای کوردستان لە کەرکووک ھەڵکرا. پێشوازی گەرمی خەڵکی کەرکووک لە پارتی، پەیامێکی ڕوونە بۆ ئەوەی لایەنەکان بزانن سەنگ و قەبارەی پارتی چەندە، زۆر لەوە گەورەترە کە ھەندێک لایەن لێکی دەدەنەوە، پەیامی ئێمەش بۆ لایەنەکان ئەوەیە کە پێکەوە کار بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کەرکووک بکەین.
بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، گوتیشی: خەڵکی کەرکووک لە ئاھەنگێکی کەموێنەدا پێشوازییان لە کردنەوەی بارەگای لقی ٣ی پارتی کرد، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت خەڵکی کەرکووک دڵیان لەگەڵ پارتییە، ئەوەش بەو مانایە دێت کەرکووک و پارتی لێک جیا نابنەوە، پارتییش ھەموو کاتێک خۆی بە خاوەنی ئەو شارە زانیوە و دەستبەرداری کەرکووک نابێت، دروشمی پارتییش کەرکووک دڵی کوردستانە، بووە.
بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، دەشڵێ: باوەڕمان بە ئاشتی و پێکەوەژیان و برایەتییە لەگەڵ ھەموو پێکھاتەکانی کەرکووک، پارتی ھەمیشە پارێزەری نەتەوایەتیی بووە، پارتی باوەڕی بە بیری نەتەوایەتی بووە، ڕەنگە خەڵکێکی دیکە ئەو باوەڕەی لا نەبێت، ھەر بۆیە پێشتر خەڵکێک ڕێگر بوو لە گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەکە.
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، ئاشکراشی کرد: پارتی بۆ خزمەتکردنی شاری کەرکووک و خزمەتکردنی برایەتی و پێکەوەژیان گەڕاوەتەوە شارەکە، خەڵکێکی دیکە چۆن بیر دەکاتەوە، ھاووڵاتییان ڕۆژی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان وەڵامی ئەو خەڵکە دەدەنەوە و دەنگ بەو لایەنە دەدەن کە پشتگیری لە گشت بستێکی ئەو خاکە کردووە و قوربانی داوە.
بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، زیاتر دەڵێ: ھەموو لایەنەکان پێیان خۆش بووە کە پارتی گەڕاوەتەوە شارەکە و ھەتا ھەندێک لایەن پیرۆزباییان لێ کردین، پەیامی خۆشەویستیمان پێیە بۆ ھەموو لایەنەکان. سەرۆک بارزانی بە منی گوت، سەردانی ئەو لایەنانە بکەن کە ناڕەحەت بوونە یان قسەیان بە پارتی گوتووە و پێیان بڵێن، پەیامی پارتی پەیامی ئاشتی و ئارامی و برایەتی و پێکەوەژیانە، پەیامی دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە، بۆ تەواوی خەڵک و پێکەوەژیانی پێکھاتەکان.
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، ڕوونیشیکردەوە: باوەڕمان بە جەماوەرەکەی خۆمان ھەیە و ڕۆژبەڕۆژیش لایەنگرانی پارتی زیاتر دەبن، ستراتیجیی ئێمە ئەوەیە لە ڕێگەی دیموکراسیی و سندووقەکانی دەنگدان ئەو ڕەوشە ئیدارییەکەی کە لە کەرکووک دروستبووە نەھێڵین، بۆیە تەمەنای ئەوە دەکەین دەنگێکی باش بەدەست بھێنین و کورسییەکانمان زیاتر بکەین.
بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، جەختی لەوەشکردەوە: ئەو تەعریبەی لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەر لە کەرکووک کراوە، بە سی ساڵی حکومڕانی بەعس نەکراوە، دۆخی کەرکووک دوای شازدەی ئۆکتۆبەر گۆڕا و دۆخێکی سەربازیی بەخۆیەوە بینی، ھەوڵدەدەین ئەو دۆخە وردە وردە نەمێنێت و ئۆمێد دەکەین دەستێوەردان لە ھەڵبژاردن نەبێت و ڕێگە بگیرێت لە تەزویرکاری، ھەستێکی باش لای خەڵکی کەرکووک دروست بووە، لە کاتی دەنگدان خەڵکی کەرکووک درێغی ناکەن و دەنگ بەو لایەنە دەدەن کە بەردەوام پشتیوانی ئەوان بووە، داواش لە خەڵکی کەرکووک دەکەم ڕۆژی ھەڵبژاردن ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن، دڵنیاشم خەڵکی کەرکووک بە دەنگ پاداشتی پارتی دەدەنەوە.
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی، ئەوەشی گوت: ئاوارەبوونی خەڵکی کەرکووک یەکێکە لە کێشە و گرفتەکانی ئێمە، ھەوڵدەدەین خەڵکی کەرکووک کە ئاوارە بوونە بگەڕێنەوە، لە ڕۆژی ھەڵبژاردنیش ھەوڵدەدەین بە ھەر ڕێگەیەک بێت خەڵکی خۆمان بگەیەنینە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بدەن، داواش دەکەین ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت.