لیستی ١٩٧ی پارتی لە پێناو خزمەتکردنی پێکهاتە ئایینی و نەتەوە جیاوازەکانی مووسڵ کار دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کەمتر لە مانگێک ماوە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دابەشبوونە بەسەر ٢٩ کورسی، کە سێ لەو کورسییانە تایبەتن بە کۆتاکان، چاوەڕوان دەکرێت وەکو ھەمیشە پارتی دیموکراتی کوردستان زۆربەی کورسییەکان بەدەست بھێنێت. کاندیدانی پارتی، دەڵێن: پارتی بۆ چوار ساڵی داھاتوو پلانی ھەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی تەواوی ئەو ناوچانەی کە وێران بوونە. بەرپرسی لقی ١٤ـی پارتییش، ئاشکرای کرد: پڕۆژەی زۆر باشمان ھەیە بۆ مووسڵ و داوا دەکەین ھەمووان دەنگ بە لیستی ژمارە ١٩٧ـی پارتی بدەن.

ھەڵبژاردن ستوونێکی سەرەکیی دیموکراسییە و میکانیزمێکە بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە ھاووڵاتییان ویستی خۆیان دەربڕن و نوێنەرەکانیان ھەڵبژێرن، دەکرێت ئاستەنگ و کەموکورتی لە سیستمەکانی ھەڵبژاردندا ھەبێت، بەڵام ئەوە ئەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ھەڵبژاردن ڕەوایەتیی بە دامەزراوە ئیدارییەکان و حکوومەتی ناوەندیی و خۆجێیەکان دەدات.
پارتی، لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک و دیالە بە لیستی سەربەخۆ و ژمارە ١٩٧ بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکات، پارتی لە دانانی کاندید ڕەچاوی پێکھاتەکانی ناوچەکانی کردووە و کاندیدەکان لە ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان پێکھاتوون، بە پشتیوانی دەنگدەر و جەماوەرەکەی ھەوڵدەدات زۆرترین کاندید سەربخات.
لیستی ئیرادە و برایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان پڕە لە کاندیدی بەھێز و خاوەن توانا کە ھەر یەکێک لە بوارێک پسپۆریی ھەیە و دەتوانن خزمەتی پێکھاتە ئایینی و نەتەوە جیاوازەکانی پارێزگای مووسڵ بکەن، کاندیدەکان داوا دەکەن پێکھاتەکانی پارێزگاکە دەنگی خۆیان پێ بدەن بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەتی خەڵکەکە بکەین و ئەو شوێنانەی وێران بوونە و بێ پڕۆژەی خزمەتگوزارینە ئاوەدان بکەینەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سنووری پارێزگای مووسل بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ٥٢ کاندیدی ھەیە و دەیەوێت زۆرینەی دەنگەکانی ئەو سنوورە بە دەست بھێنێت، ئەمە لە کاتێکدایە پارتی لە ھەڵبژاردنی ڕابردوو نۆ کورسی بەدەست ھێنابوو، ئەمجارەش کار بۆ بەدەستھێنانی کورسییەکان دەکاتەوە، بەپێی ئامادەکارییەکان پارتی لیستی یەکەمی پارێزگای مووسل دەبێت.
بڕیارە لە ١٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بکرێت کە زیاتر لە بیست و سێ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان لەو ھەڵبژاردنە ھەیە و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاریی کردووە بۆ کردنەوەی حەوت ھەزار و حەوت سەد و شەست و پێنج بنکەی دەنگدان کە چل و ھەشت ھەزار و چل وێستگەی دەنگدان لەخۆ دەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.
لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن زۆربەی کاندیدانی پارتی ئۆفیسیان لە ناوەندی مووسڵ و دەوروبەری کردووەتەوە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن و ڕۆژانە دەچنە نێو خەڵک بۆ ئەوەی پەیامی پارتی بە دەنگدەرانی سنووری پارێزگای مووسڵ بگەیەنن، ھەموو ناوچەکانی مووسڵ دەگەڕێن بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بۆ پارتی کۆ بکەنەوە، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، بۆ ئێمە گرنگە پارتی سەرکەوێت نەک کاندید، لەبەر ئەوەی ھەموو کاندیدانی پارتی سیاسەتی پارتی جێبەجێدەکەن ئەویش خزمەت کردنی ھاووڵاتییانە.
عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی ١٤ـی پارتی لە مووسل، دەڵێت: ھەموو ئامادەکارییەکمان بۆ ھەڵبژاردن کردووە و ئومێدیشمان ھەیە خەڵک بە جۆشوخرۆشەوە بێنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، لەگەڵ ئەوەش وەک ھەموو جارێک ھەوڵدەدەین لیستی براوە بین لە مووسڵ.
بەرپرسی لقی ١٤ـی پارتی، گوتی: خەڵکی مووسڵ باوەڕی پتەویان بە پارتی و سەرۆک بارزانی ھەیە، عەرەب و کورد و پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە مووسڵ بە تێکڕا خۆیان بە قەرزاری پارتی و سەرۆک بارزانی دەزانن، پڕۆژەی زۆر باشمان ھەیە بۆ مووسڵ و داوا دەکەین ھەمووان دەنگ بدەن بە لیستی ژمارە ١٩٧ـی پارتی دیموکراتی کوردستان.
عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی ١٤ـی پارتی لە مووسڵ، گوتیشی: ھەر چەند پارتی بەھێزبێت و دەنگی زیاتر بەدەست بێنێت زیاتر خزمەتی خەڵک دەکات، ئەوەش وا دەکات خەڵکی مووسڵ دەنگ بە لیستی پارتی بدەن و ئەو ھەموو پشتگیرییەی لیستی پارتی لەلایەن جەماوەری مووسڵ و دەوروبەری بۆ خزمەتی پارتی دەگەڕێتەوە لە ناوچەکە، چونکە پارتی ھەر لە دامەزراندنییەوە تا ئێستە حیزبی خەڵک بووە و تا ئەو خەڵکەش بمێنێ پێگەی پارتی لە کوردستان و عێراقیش ھەر بە بەھێزی دەمێنێتەوە.

ھەواڵی زیاتر