فازڵ میرانی
نەبوونی حزبایەتی، یان بوونی بە شێوەی كەم و زۆر، بەڵگەی یەكلاكەرەوە نییە بۆ سەركەوتنی ئەزموونێكی سیاسی.
ڕێگەدان بە كاری حزبایەتی، بەبێ هەبوونی ئاتاجێكی هەقیقی بۆ بوونی حزبەكان، زیانە خێرا و دوور مەوداكەی كەمتر نییە بەسەر كۆمەڵگەوە لە قەدەغەكردنی فرەیی بە بڕیارێكی شموولی لە دەستەڵاتێكەوە، كە یاسا و میللەتی خستووەتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە.
من و زۆر كەسی تر گومانمان لەو واقیعە نییە، كە زۆر لە عەقڵییەتەكان دەكۆشن حزبایەتی بكەن بە پەیژە و ژیانی تایبەتی خۆیانی پێ بەڕێ بكەن، هەڵبەت بە پێچەوانەی یاساكانەوە.
ئاشكرایە قەبارەی كاریگەری كردار و بانگەشەی نیزامی پێشوو، یان هاووێنەكانیان، بەسەر ڕەفتار و ئەدای چەندان چین و دەستەوە ماوە، هەروەها بەسەر بەشێك لەوانەی لەبەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە كار دەكەن، ئەمە واقیعێكی تاڵ و ئازاربەخشە بۆ ئەوانەی ناتوانن، یان نایەنەوێت لە مانای حوكم و ئەمانەتەكەی تێبگەن.
ئەگەر من سەركۆنەكردنی خۆم بۆ حزبی تازە هەڵتۆقیو پاتە بكەمەوە، كە پڕوپاگەندەكانی ڕێك كۆپی دەستەڵاتی كۆنە، كە عێراقییەكان لە دەستی ناڵاندوویانە، ئەوە سەرزەنشت و هۆشداری بەولاتر دەزانم ڕووبەڕووی كەسانێك بكرێنەوە، كە بڕیاردانیان بە میرات گرتووە، خەڵكیان وا تێگەیاندووە دەوڵەت بە هەموو شتێكەوە حەڵاڵی خۆیانە، هەڵبەت ئەوانەی جیاوازیی نێوان حزبایەتی ڕەسەن و سنوورەكانی، هەروەها نێوانی چاودێری و گەشەی بەرژەوەندیی تاك ناكەن.
خەڵك چاو و گوێیان هەیە، ڕابردوویان زۆری بەسەردا نەچووە، هەرچەند زۆرینەشیان لە گۆڕانكاری بەرهەمدار بێئومێد بوون، لێ ناكری لە رێگەی ئەو هۆكارانەی لە مێشكی نەوەی هاوچەرخ بنجی گرتووە، كۆنتڕۆڵ بكرێن. هێزەكە لە هاندان و هەڵنانی حزبی، یان لەتبوون و كەرتبوون، یان لە فكرەی دروستكردنی جووڵانەوەیەك دایە تاكوو ببێتە پردێك بۆ گەیشتن بە خواست و ئارەزووەكانیان نەك بەدیهێنانی ماف.
ئەو حزبایەتییەی ئێمە كارمان لەسەر كرد و كاری لەسەر دەكەین بەشێوەیەكی سروشتی لە دایك بووە، لە سایەی سیستەمێكدا بۆ حوكمڕانیی نەشیاو بووە، ڕەنگە بۆ سەركردایەتیی چەند گرووپێكی دیاریكراوی خۆیان بۆ كاتێكی دیاریكراو گونجاوبوو بێت، هەر بۆیە ئێمە بە فكر و ئەدا ڕووبەڕووی ئەوە دەبووینەوە، كە كارمان بۆ ڕاستكردنەوەی زۆربەی ئەو سیاسەتانە دەكرد، كە تاوان و بەدكارییان دەرهەق بە هاووڵاتیی عێراقی و خەڵكی تریش دەكرد. بۆیە هەر تەنیا جوینەوەی فكری سەربازی و سیاسی و هاوشێوەكانیان، ئەوانەی عێراقیان بەرەو لێواری ئاگر برد، تاوانە.
نغرۆبوون لە هەڵە و پەڵە، لە چارەسەری ناشیاو، ڕێژەی هەژاری زیاتر كرد، خەڵكی لاڕێ كرد و بەرەو تاوان و دواكەوتوویی پەلكێشی كردن. ئەوەتە داڕمانی دراو بەردەوامە، فرتوفێڵ و بەدكاری، نەمانی بەرپرسیاریی ئەدەبی و سیاسی لە كەسانی پاڵێوراو و كاربەدەستانی نێو جومگەكانی دەوڵەت، كە بە كەیفی خۆیان تەراتێن دەكەن، بەپێی یاسا ئەوان تەوانبارن.
لێپرسینەوەی میللی و دەستووری و جێبەجێكردن ئەگەر بۆ سنوورداركردنی ئەم دیاردەیە پەلە نەكەن، ئەوە جەردی حیسابات نەك هەر بەرفراوان دەبێت، بەڵكوو نەوەیەكی بەتاڵ بەرهەم دێت، ئامادەیە لەگەڵ ئەوانەی دیكە پێكدابژێت و بەریەك بكەوێت، ئاخر كەسانێك نامەیەكی ژەهراوییان پێداوە وا بۆیان وێنا كردووە، كە دەستەڵات خاوەنداریەتیە نەك بەرپرسیاریەت.