سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لە گەڕەکى ژیان..به‌ گوژمه‌ى زیاتر لە (1 ملیار دینار) بەردی بناغەی پارکێکى گەورە دانرا

لە چوارچێوەی بەردەوامى گەیاندنى پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای هەولێر و لە پێناو زیادکردنى ڕێژەیى سەوزایی لە شارى هەولێر، به‌ گوژمه‌ى (1 ملیار و 40 ملیۆن و 477 هەزار دینار)، لە گەڕەکى ژیانى شارى هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 2023.11.28، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەرى هەریەک لە نەبەزعەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى پارک و باخچەکان، له‌ ڕێوره‌سمێكدا، به‌ردى بناغه‌ى پرۆژەی ( دروست کردنی پارکێکى لە گەڕەکی ژیان) لە سەر ڕووبەرى (19 هەزار مەتر2) دانا، کە لەسەر داهاتی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و بە شێوەی بەلێندەرایەتی جێبەجێ دەکرێت.

له‌ڕێو ره‌سمه‌كه‌دا، پارێزگارى هه‌ولێر وێڕاى پیرۆزبایی لە دانیشتوانى گەڕەکى ژیان و دەستخۆشى لە سەرۆکایەتى شارەوانى و بەڕێوەبەرایەتى ئەندازەى پارک و باخچەکانى هەولێر، ڕایگەیاند: ” لە یەکێک لە گەڕەکەکانى شارى هەولێر کە لە ساڵى ڕابردووشدا چەندین پڕۆژەى دروستکردنى شەقام و قوتابخانەمان تێیدا ئەنجامداوە، ئەمڕۆش بەردى بناغەى ئەو پارکەمان دانا کە بەدیزاینێکى سەرمیانە دروست دەکرێت و شوێنى پایسکسوارى و وەرزش کردنى تێدایە و بەتەواوبوونى جوانى ئەو گەڕەکە و شارەکەمان زیاتر دەکات، بە ئومێدى ئەوەى لەزۆربەى زۆرى گەڕەکەکانى شارەکەمان ئەو جۆرە پارکان دروستبکەین”.

یەکێکە لە گرینگترین پێداویستییەکان کە جگە لە جوانی و دروستکردنی سروشتێکی جوان، سوودی زۆریشى دەبێت بۆ هاوڵاتییان و پاککردنەوەی ژینگەى شار زیادکردنى ڕێژەى سەوزاییە، لەوپێناوەشدا پڕۆسەى زیادکردنى ڕێژەى سەوزایی لە (دوورگەی ناوەندی شەقامە گشتییەکان و شوست و شوێنەکانى ترى نێو گەڕەک و کۆڵانەکان) بەردەوامی هەیە و تەنها لە ساڵی ڕابردوودا لە هەولێر سەدەها هەزار گوڵ و هەزاران درەختی جیاجیا لە لایەن فەرمانگە پەیوەندارەكان و چین و توێژە جیاوازەكانەوە وەك ئەركێكی نیشتیمانی و ژینگە پارێزى چێنداراوە، بەمەش ڕێژەیی سەوزایی لە شارى هەولێر لە ئێستادا گەیشتۆتە 19.5%، هەوڵەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێریش بەردەوامە بۆ دروستکردنى باخچە و پارکی نوێ لە گەڕەک و شوێنە گشتییەکانى سنوورى پارێزگاکەمان.