دوێنێ، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، گەڕایەوە سەر ئەرکەکەی دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا بە چەند هۆکارێک ئەرکەکەی خۆی جێهێشتبوو. وەزیری پێشمەرگە، لە کۆنفرانسێکیی ڕۆژنامەوانیدا، وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و ڕایگەیاند؛ ئەو هەموو کار و پڕۆژە سەختانەی لەماوەی ڕابردوودا لە وەزارەتی پێشمەرگەدا کران، بەبێ پشتیوانی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکوەزیران ئەنجام نەدران.
وەزیری پێشمەرگە، ڕایگەیاند؛ هۆکاری دوورکەوتنەوەی بۆ زیاتر لە ساڵێک، بۆ “کۆمەڵێک هۆکاری نەخوازراو” دەگەڕێتەوە و، دەڵێت، “لەو ماوەیەدا وەزارەتی پێشمەرگە بە قۆناغێکی دژواردا تێپەڕیوە؛ لەمپەر و گرفت بۆ پڕۆسەی چاکسازی، یەکخستنەوەی هێزەکان و کاری پێکەوەیی لەنێو وەزارەتی پێشمەرگە دروستکراوە و پڕۆسەکە خاوبووەتەوە”.
دەشڵێت: پاش هەوڵدانی دڵسۆزانەی دۆستەکانمان لە دەرەوە و داواکاری هەندێک لە خەمخۆران لە ناوەوەی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕانەوەم بۆ وەزارەتی پێشمەرگە؛ لەبەر هەستکردن بە هەستیاریی دۆخەکە، لەپێناو بەرژەوەندیی هێزی پێشمەرگە، چاکەی گشتی و خەمخۆران و بۆ زیاتر بە دامەزراویکردنی وەزارەتی پێشمەرگە؛ ئەمڕۆ گەڕاومەتەوە سەر کارەکەم”.
باسی لەوەشکرد، کاتێک بووەتە وەزیری پێشمەرگە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، “هەموو ئامانج و بنەمای کارکردنمان لەپێناو پڕۆسەی رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە بۆ دروستکردنی هێزێکی خاوەن بڕوای پتەوی کوردستانی و خاوەنی دیپسپلینی سەربازی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا”.
وەزیری پێشمەرگە داوای لەلایەنە سیاسییەکانی کوردستانیش کرد، لەپێناو یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە هاوکار بن و گوتی: “لە پێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانمان کە بە خوێنی شەهیدەکانمان بەدەست هاتوون؛ بەردەوام هاوکاری و پاڵپشتی لە پڕۆسەی چاکسازی، یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بکەن، چونکە پاڵپشتیی بەردەوامییان هەنگاوەکانمان کورتر دەکاتەوە”.
ئەوەشی ڕاگەیاند؛ دۆخی خراپی نێو وەزارەتی پێشمەرگە، مایەی نیگەرانی من، هەموو دڵسۆزان، خەمخۆرارن و ئەفسەرانی باڵای خودی وەزارەتی پێشمەرگەیە بەتایبەت دۆستەکانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. ئەوان داواکارن بە زووترین کات ئەم دۆخە خراپ و نەخوازراوە بۆ هەتا هەتا کۆتایی پێ بهێندرێت”.
جەختی لەوەش کردەوە، وەکو تیمێکی یەکگرتوو لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، توانیومانە چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی بگەیەنینە ئەنجام” و دەڵێت: “وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەستکەوتەکانی، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هەدەردانی سامانی گشتی، توانی روویەکی جوانی نیشتمانی پیشانی هەموو جیهان، دۆست و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش بدات. هەروەها توانیمان لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانانمان زەمینەی رێککەوتنێکی گرنگ و کاری هاوبەشی دوورمەدا دروست بکەین”.
ئاماژە بەوەش دەدات، “هەموو ئەو کارە گرنگانەی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا ئەنجامدراون و لە داهاتووشدا ئەنجام دەدرێن؛ لە دۆخێکی سەختی ئابووری، کاتی سەرهەڵدانی پەتای کۆڕۆنا و چەندین قەیرانی دیکە کە رووبەڕووی قەیرانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە، ئەنجام دراون”.
سەبارەت بە هەولەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی گوتی: ئەو هەموو کار و پڕۆژە سەختانە، بەبێ پشتیوانی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکوەزیران ئەنجام نەدران. ئێمە رۆڵی ئەوان بە گرنگ و بەرز دەنرخێنین لە بە ئەنجام گەیاندنی پڕۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا”.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا، داوای زیاتر هاوکاریی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرد و گوتی: داوا لە هێزەکانی هاوپەیمانان و بەتایبەت ئەمەریکا دەکات هاوکاری و پاڵپشتییەکانیان بۆ پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە “بەرفراوان و بەردەوام بکەن، چونکە تاوەکو ئێستا تیرۆر لە ناوچەکەدا مەترسییەکی گەورەیە لەسەر هەمووان”.