پێشوازیی دانیشتووان و پێکهاتەکانی شاری کەرکووک لە گەڕانەوەی پارتی و کردنەوەی بارەگای لقی سێی پارتی لە شارەکە بەردەوامە و هاووڵاتیان دڵخۆشن بەو هەنگاوە و پێیان وایە، بوونی هێزێکی کاریگەریی وەکو پارتی سەنگێکی گەورەتر بە شارەکە دەبەخشێتەوە و هاوسەنگی ڕادەگرێت.
دوای ڕێوڕەسمی کرانەوەی بارەگای لقیی سێی کەرکووکی پارتی، بەرپرسانی پارتی لە شارەکە بەڵێنی خۆیان دووپات کردەوە کە بێ جیاوازی خزمەتی هەموو پێکهاتەکانی شارەکە بکەن و هەموو ئەو نەهامەتییانەی لە ڕابردوودا بەسەر شارەکەدا هێنراون بڕەوێنرێتەوە.
محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، دوای کردنەوەی بارەگای لقی سێی پارتی لە شاری کەرکووک، ڕایگەیاند؛ ئێمە باوەڕمان بە برایەتی و تەبایی و پێکەوەژیانە، ئەوە شاری کورد و تورکمان و عەرەبە، شاری کلدان و ئاشوورە، ئومێدەکەین لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە بەیەکەوە خزمەتی ئەو شارە بکەین. گوتیشی: ئەو پلان و بەرنامانەی کە دانراوە هەمووی جێبەجێ دەکرێت و ئومێد دەکەین لەو هەڵبژاردنەی کە لەپێشمانە سەرکەوتنێکی باش بەدەست بهێنین، بۆ ئەوەی ئەو ئیدارە خراپە بەشێوەیەکی باشتر بگۆڕین.
ئەوەشی ڕاگەیاند؛ ئێمە پێشتر پارتیمان لێرە بووە تەنها بارەگاکانمان داگیر کراوە، ئێستا بە فەرمی بارەگاکانمان کردووەتەوە و لەخزمەتی جەماوەری شاری کەرکووک دەبین.
لیوا ئیدریس رەفعەت، بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکووک، لە لێدوانێکدا دوای کردنەوەی بارەگای لقی سێی پارتی لە کەرکووک، دەڵێت: ئەو ئیدارەی ئێستای کەرکووک بە زۆر سەپێندراوە بەسەر شارەکەدا و کە دەستیان بە تەعریبکردنێکی چڕ کردووە، هەروەها هەموو بۆ بەرژەوەندی لایەنێک کاردەکەن، بۆیە دەبێت ئەم شارە بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان.
ئەوەشی ڕاگەیاند؛ دەبێت هەموو نەتەوەکان بەیەکەوە ئیدارەی شاری کەرکووک بدەن و، بەڵام ناسنامەی کەرکووک کوردستانییە ئەمەش شتێکی حاشاهەڵنەگرە، هەروەها بە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک کۆتایی بەتەعریبکردن دێت.
دوای ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دەدا، سەرجەم بارەگاکانی پارتی لە شاری کەرکووک دەستی بەسەردا گیرا و چەندین ڕێوشوێنی سەربازی و نایاسایی بەسەر خەڵکی شارەکەدا سەپێنرا، وەکو هەڵوێستێک لە پێناو ئاسایی کردنەوەی دۆخی شارەکە پارتی دیموکراتی کوردستان چالاکییەکانی لەو شارە هەڵپەسارد و ڕۆژی ١ شەممەی ڕابردوو لە مەراسیمێکی شایستەدا و بە فەرمی بارەگای لقی سێی کردەوە و وا چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا بە چڕی دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکات بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.