سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “دەکرێت لە کوردستان سوود لە ئەزموونی دەوڵەمەندی ژاپۆن وەربگرین” و ئاماژە بەوەش دەدات، “خەڵکی ژاپۆن لە سەدەی رابردوو بە قۆناغی زۆر سەختدا تێپەڕی وەکو خەڵکی کوردستان”.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 28-11-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە رێوڕەسمی تایبەت بە چالاکی و پڕۆژەکانی ئاژانسی جایکای ژاپۆنی لە هەولێر کرد و، لە گوتارێکدا باسی لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان-ژاپۆن، کارکردنی کۆمپانیاکانی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە کرد.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد: “ئەمڕۆ ژاپۆن یەکێکە لە گەورەترین و پێشکەوتووترین وڵاتانی دونیا لە بواری پیشەسازی و تەکنەلۆژیادا، بۆیە دەتوانین بڵێین کە ئەزموونی سەرکەوتووی ژاپۆن بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان زۆر مایەی سوود لێ وەرگرتنە بەتایبەت لە بواری وەبەرهێنان لە سامانی مرۆیی و پێگەیاندنی نەوەی نوێ لەسەر داهێنان و کارکردن بە دڵسۆزی و رێزگرتن لە کات و خۆشویستنی وڵات و پاراستنی ناسنامە و تایبەتمەندی خۆمان”.
خەڵکی ژاپۆن، وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران باسی کرد، “لە سەدەی رابردوو بە قۆناغی زۆر سەختدا تێپەڕی وەکو خەڵکی کوردستان؛ شەڕ، کاولکاری و ماڵوێرانییەکی زۆریان بینی، بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو ناخۆشی و کارەساتانە؛ ژاپۆنییەکان نموونەیەکی زۆر سەرکەوتوویان لە دوای کۆتایی جەنگی جیهانی پیشانی جیهان دا کاتێک لەدوای ئەو هەموو کاولکارییەی بەسەریاندا هات، دەستیان بە پڕۆسەیەکی فراوان و هەمەلایەنەی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی وڵاتەکەیان کرد. ئەمەش تەنها بە پشتبەستن بە هێز و سەرمایە مرۆییەکان”.
بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، “ئەمڕۆ ژاپۆن یەکێکە لە گەورەترین و پێشکەوتووترین وڵاتانی دونیا لە بواری پیشەسازی و تەکنەلۆژیادا، بۆیە دەتوانین بڵێین کە ئەزموونی سەرکەوتووی ژاپۆن بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان زۆر مایەی سوود لێ وەرگرتنە بەتایبەت لە بواری وەبەرهێنان لە سامانی مرۆیی و پێگەیاندنی نەوەی نوێ لەسەر داهێنان و کارکردن بە دڵسۆزی و رێزگرتن لە کات و خۆشویستنی وڵات و پاراستنی ناسنامە و تایبەتمەندی خۆمان”.
مەسرور بارزانی جەختیشی لەوە کردەوە: “رێز و پێزانینێکی زۆرمان بۆ خەڵک و حکومەتی ژاپۆن و بەتایبەتی ئاژانسی جایکا هەیە کە لە چەند ساڵی رابردوودا لە چەندین بواردا هاوکاری هەرێمی کوردستانیان کردووە؛ بەتایبەتی لە پشتیوانیکردنی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارەکانی ئاو، ئاوەڕۆ، کارەبا و کشتوکاڵ، هەروەها پەرەپێدانی توانای مرۆیی و راهێنانکردن بە بەرپرس و کارمەندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان”.
مەسرور بارزانی دەڵێت: “هیوادارم ئەو بەڕێزانەی خولی راهێنانیان بینیوە لە ژاپۆن یان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن پسپۆڕانی ژاپۆنییەوە راهێنانیان پێ کراوە؛ سوودیان لە ئەزموونی دەوڵەمەندی ژاپۆن بینیبێت و ئەو شارەزا و پسپۆڕییەی بەدەستیان هێناوە لە بوارەکانی خۆیان لەناو دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکاریبهێنن و رۆڵی خۆیان لە پڕۆسەی گەشەپێدان و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و کارگێڕی کوردستاندا بگێڕن”.
سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەش کرد: “وێرای پێزانینی دووبارەم بۆ هاوکارییەکانی ئاژانسی جایکا، ئومێدەوارم هاوکارییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان لەوەی کە هەیە فراوانتر بکەن. خوازیارین ئەو هاوکاری و هەماهەنگییەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر پەرە بستێنێت و، وەبەرهێنان و هاتنی کۆمپانیاکانی ژاپۆنی بۆ کوردستان بەرفراوانتربێت بۆ ئەوەی هاوکاری و یارمەتیدەرمان بن لە پڕۆسەی چاکسازی هەمە لایەنەی کە دەستمان پێ کردووە تا سوود لە ئەزموونی سەرکەوتوو و دەوڵەمەندی ژاپۆن لە بواری ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و داهێنان ببینین”.
دەقی گوتاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان، ئامادەبووانی هێژا، زۆر خۆشحاڵم لەگەڵتاندا بەشدارم و زۆر خۆشحاڵم کە باڵیۆزی ژاپۆن لەگەڵ ئێمە بەشدارە هەروەها بەرپرسی جایکا لە عێراق و نوێنەرانی تری جایکا کە لێرەن. من زۆر زۆر خۆشحاڵم کە ئەم دەرفەتەیان رێکخست بۆ ئەم بۆنەیە و منیش بەشداربم لەگەڵ ئێوە.
خۆشحاڵم بەشدارم کە بەشدارم لەگەڵ ئێوە بۆ ئەم بۆنە گرنگە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کار، چالاکی و پڕۆژەکانی ئاژانسی جایکای ژاپۆنی و هاوکاری و هەماهەنگییان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵانی رابردوودا لە چەندین پڕۆژەی گرنگ و جۆراوجۆرا هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
ئاشکرایە دەوڵەتی ژاپۆن ئەزموونێکی زۆر دەوڵەمەندیان هەیە کە لە جیهان مایەی رێز، پێزانین و سەرسامییە. ئەزموونێکە دەکرێت ئێمە لە کوردستان سوودی لێ وەربگرین.
خەڵکی ژاپۆن لە سەدەی رابردوو بە قۆناغی زۆر سەختدا تێپەڕی وەکو خەڵکی کوردستان؛ شەڕ، کاولکاری و ماڵوێرانییەکی زۆریان بینی، بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو ناخۆشی و کارەساتانە؛ ژاپۆنییەکان نموونەیەکی زۆر سەرکەوتوویان لە دوای کۆتایی جەنگی جیهانی پیشانی جیهان دا کاتێک لەدوای ئەو هەموو کاولکارییەی بەسەریاندا هات، دەستیان بە پڕۆسەیەکی فراوان و هەمەلایەنەی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی وڵاتەکەیان کرد. ئەمەش تەنها بە پشتبەستن بە هێز و سەرمایە مرۆییەکان.
ئەمڕۆ ژاپۆن یەکێکە لە گەورەترین و پێشکەوتووترین وڵاتانی دونیا لە بواری پیشەسازی و تەکنەلۆژیادا، بۆیە دەتوانین بڵێین کە ئەزموونی سەرکەوتووی ژاپۆن بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان زۆر مایەی سوود لێ وەرگرتنە بەتایبەت لە بواری وەبەرهێنان لە سامانی مرۆیی و پێگەیاندنی نەوەی نوێ لەسەر داهێنان و کارکردن بە دڵسۆزی و رێزگرتن لە کات و خۆشویستنی وڵات و پاراستنی ناسنامە و تایبەتمەندی خۆمان.
رێز و پێزانینێکی زۆرمان بۆ خەڵک و حکومەتی ژاپۆن و بەتایبەتی ئاژانسی جایکا هەیە کە لە چەند ساڵی رابردوودا لە چەندین بواردا هاوکاری هەرێمی کوردستانیان کردووە؛ بەتایبەتی لە پشتیوانیکردنی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارەکانی ئاو، ئاوەڕۆ، کارەبا و کشتوکاڵ، هەروەها پەرەپێدانی توانای مرۆیی و راهێنانکردن بە بەرپرس و کارمەندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هیوادارم ئەو بەڕێزانەی خولی راهێنانیان بینیوە لە ژاپۆن یان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن پسپۆڕانی ژاپۆنییەوە راهێنانیان پێ کراوە؛ سوودیان لە ئەزموونی دەوڵەمەندی ژاپۆن بینیبێت و ئەو شارەزا و پسپۆڕییەی بەدەستیان هێناوە لە بوارەکانی خۆیان لەناو دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکاریبهێنن و رۆڵی خۆیان لە پڕۆسەی گەشەپێدان و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و کارگێڕی کوردستاندا بگێڕن.
وێرای پێزانینی دووبارەم بۆ هاوکارییەکانی ئاژانسی جایکا، ئومێدەوارم هاوکارییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان لەوەی کە هەیە فراوانتر بکەن. خوازیارین ئەو هاوکاری و هەماهەنگییەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر پەرە بستێنێت و، وەبەرهێنان و هاتنی کۆمپانیاکانی ژاپۆنی بۆ کوردستان بەرفراوانتربێت بۆ ئەوەی هاوکاری و یارمەتیدەرمان بن لە پڕۆسەی چاکسازی هەمە لایەنەی کە دەستمان پێ کردووە تا سوود لە ئەزموونی سەرکەوتوو و دەوڵەمەندی ژاپۆن لە بواری ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و داهێنان ببینین.
ببوورن من ژاپۆنی نازانم، بۆ ئەوەی سوپاستان بکەم، بەڵام جارێکی تریش دەستخۆشیتان لێ دەکەم و سوپاستان دەکەم و ئێوەش هەر شاد و سەرکەوتووبن.