نرخی نەوت 80 دۆلاری تێپەڕاند

دوای چوار رۆژی یەک لە دوای یەک لە دابەزین، ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بەرزبووەوە.

نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ (سێشەممە، 28-11-2023) توانی بەربەستی 80 دۆلار بشێکێنێت و بە 80 دۆلار و 43 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 43 سەنت بەرزبووەوە و بە 75 دۆلار و 23 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەکاتێکدایە؛ چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە هاوپەیمانیێتیی ئۆپێک پڵەس درێژەبدەن بە بڕی کەمکردنەوەکان لە خستنەڕووی نەوت و شۆڕی بکەنەوە بۆ ساڵی 2024.

رۆژی 30ـی ئەم مانگە، بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە هاوپەیمانیێتیی ئۆپێک پڵەس لەرێگەی ئۆنلاینەوە کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر بڕی خستنەڕووی نەوت لە ساڵی داهاتوو بدەن.

هەفتەی رابردوو، دوای ئەوەی کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس کە بڕیاربوو لە رۆژی 26ـی ئەم مانگە بکرێت و دواخرا بۆ 30ـی مانگ، نرخی نەوت بە رێژەی 5٪ دابەزی. بازرگانان هۆکاری دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوتیان لەو ماوەیەدا بۆ ئەوە گەڕاندەوە؛ ناکۆکی لەنێوان بەرهەمهێنەرانی نەوت لەسەر پشکەکانیان لە کەمکردنەوەی نەوتدا هەبووە.

هەندێک سەرچاوەی نزیک لە رێکخراوی ئۆپێک ئاشکرایان کردووە؛ سعودیە توانیویەتی بەچەشنێک کۆدەنگییەک لەنێوان بەرهەمهێنەرانی نەوت دروست بکات، کە ببێتە هۆکار بۆ ئەوەی دواجار لەنێو ئۆپێک پڵەسدا لەسەر پشکی هەریەکە لە وڵاتانی بەرهەمهێنەر، کۆدەنگی دروست بێت.

ھەواڵی زیاتر