گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو دەستەی وەبەرهێنان کۆبوونەوەیەک لەگەڵ تەواوی خاوەن یەکەکانی نیشتەجێبوون دەکات، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بۆ ئەوەی نرخێکی جێگیر بۆ دۆلار دابنرێت بۆ ئەوانەی قیستیان لەسەرماوە لە یەکەکانی نیشتەجێبوون.
بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەسەتەی وەبەرهێنان، راگەیاند، ماوەیەکە نرخی دۆلار جێگیر نییە، هاووڵاتییانیش گلەییەکی زۆر دەکەن کە قیستی یەکەی نیشتەجێبوونیان لەسەرەو، دۆلاریش کاریگەری کردووەتە سەر بارودۆخی ژیانیان، لەسەر داوای ئەوان و وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە، لە هەوڵی چارەسەریداین بۆ ئەو دۆخە ناجێگیرەی بەرز و نزمی دۆلار.
ئەو گوتەبێژە راشیگەیاند، بۆ ئەوانەی یەکەیان هەیە لە یەکەکانی نیشتەجێبوون، دەستەی وەبەرهێنان ئێستا لە هەوڵی ئەوەدایە بتوانێت بگاتە چارەسەرێک، کە بەرزی و نزمی دۆلار کاریگەری نەبێت بەسەر هاووڵاتیانەوە، یان زەرەرمەند نەبن، بۆیە بڕیاریانداوە لە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەک لەگەڵ تەواوی خاوەن یەکەکانی نیشتەجێبوون بکەن، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بۆ ئەوەی نرخێک جێگیر بکرێت، بۆ هەر حاڵەتێکی بەرزی و نزمی دۆلار، هەروەها کاریگەری نەرێنیش نەکاتە سەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان یان ئەوانەی کە قستیان لەسەر ماوە لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون.
بەرگەشت ئاکرەیی روونیشیکردەوە: “ئێمە ئێستا لە هەوڵی ئەوەداین لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو بابەتە یەکلایی بکەینەوە”.