ڕائیب جادر – هەولێر
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەکردنی کێشەی مووچەخۆران دوو پێشنیازی داوەتە حکوومەتی عێراق، یەکێک لە پێشنیازەکان ناردنی سێ گوژمەی حەوت سەد ملیار دیناری دیکەیە بۆ ھەرێمی کوردستان، پێشنیازی دووەم ھەموارکردنەوەی بودجەیە بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ئەوەی مووچە لە خەرجی ڕاستەقینە جیا بکرێتەوە و بەشی ھەرێمی کوردستان ھەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا بدرێت. گوتەبێژی دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: وردبینی لە لیستی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان کراوە، مانگانە نۆ سەد و چل ملیار دینارمان پێویستە بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران.
هەموارکردنەوەی بودجە ڕەزامەندی لەسەر دراوە
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەرچی لەسەر بووە پابەندبووە و ئامادەشە ھەرچی ڕێکار ھەیە جێبەجێ بکات و تەواوی زانیارییەکانیشی بۆ بەغدا ڕەوانەکردووە، پێویستە بەغداش پابەندی ناردنی پشکی ھەرێمی کوردستان بێت و بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات.
حکوومەتی عێراق دوو حەوت سەد ملیار دیناری ڕەوانە کردووە و ئەم ھەفتەیە کۆتا گوژمەی حەوت سەد ملیار دیناری مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەنێرێت بۆ ئەمەش وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرجەم خەرجی و داھاتی سێ مانگی ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق کردووە تاکو ڕێکارەکانی ناردنی پارەکە خێراتر بێت.
لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی تا ڕادەیەک ڕەزامەندیان نیشانداوە، لەسەر ھەموارکردنەوەی پڕۆژە یاسای بودجە بەو مەرجەی دەستکارییەکی زۆری بڕگە و ماددەکانی نەکرێت و ئەو ماددانەی ناکۆکی لەسەرە بتوانرێت چارەی یاسایی بۆ بدۆزرێتەوە.
حکوومەتی فیدراڵی لە ڕێگەی ھەر سێ بانکی ڕەشید، ڕافیدەین و تی بی ئای، دوو گوژمەی حەوت سەد ملیار دیناری بۆ ھەرێمی کوردستان ناردووە و بۆ ئەم مانگەش وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، چاوەڕێی ناردنی گوژمەی سێیەمی حەوت سەد ملیار دینارەکە دەکات تاوەکو دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول بکرێت.
هەولەکانی سەرۆکی حکوومەت بەردەوامە
پەیوەندیی بەردەوام لە نێوان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ھەیە بۆ ناردنی مووچەی سێ مانگی دیکە مانگەکانی ١٠، ١١ و ١٢ـی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و بەدوای ڕێگەیەک دەگەڕێن بۆ ئەوەی مافەکانی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان پێشێل نەکرێن و لێکتێگەییشتنی باش لەنێوان ھەردوولا ھەیە.
پەرلەمانتاران، دەڵێن: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیووە ھەرچی ڕێکاری پێویستە بگرێتە بەر و جێبەجێی بکات، ئێمەش بەردەوام دەبین لە ھەوڵەکان و بەرگری کردن لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان و دەمانەوێت مافەکانی ھەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور بدرێت، لای ئێمە بنەماکانی تەوافق و شەراکەت و تەوازن کە عێراق لەسەری دمەزراوە بنەمان و پێویستە مافەکانی ھەرێم بەپێی دەستوور بدرێت، ڕێگە نادەین پیلان دژی ھەرێمی کوردستان سەربگرێت و بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە ھەرێمی کوردستان و ڕێگە نادەین زیان بە قەوارەی ھەرێمی کوردستان بگات. ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: لە کۆبوونەوەی ئیدارەی دەولەت نوێنەرانی پارتی و یەکێتی پێشنیازی ئەوەیان کرد یاسای بودجە ھەموار بکرێتەوە و ڕێگە چارەیەکیش بدۆزرێتەوە بۆ ناردنی سێ مووچەی دیکە بۆ ھەرێمی کوردستان.
یاسای بودجە کۆسپی دروست کردووە
محەممەد زراری، گوتەبێژی دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد: یاسای بودجەی حکوومەتی فیدراڵی ڕێگرە لە ناردنی پارەی پێویست بۆ ھەرێمی کوردستان، بەھۆی خەرجی ڕاستەقینەوە، ئەم یاسایە بەم شێوەیە دارێژراوە کە پشکی ھەرێمی کوردستان ١٢.٦٧ لە خەرجی ڕاستەقینەدا، خەرجی ڕاستەقینە لەگەڵ گوژمەی بودجە زۆر جیاوازە، ئەو بڕگەیە وایکرد ئەو گوژمەی کە بۆ ھەرێمی کوردستان دەنێردرێت زۆر کەمتر ببێتەوە، لەگەڵ ئەوەش لەڕووی تەکنیکی و لەڕووی ڕێژەی مووچەخۆران ھیچ بیانووێک بۆ دیوانی چاودێری و وەزارەتی دارایی فیدراڵی نەماوەتەوە کە بەھانەمان پێبگرن.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، ڕایگەیاند، تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ١٠ـمان ڕادەستی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، وەزارەتی دارایی فیدراڵی و چاودێری دارایی عێراق کردووە، وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستمان بە ڕێکارە ئیدارییەکانی ناردنی گوژمەی سێیەمی حەوت سەد ملیار دینارەکەی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان کردووە، بڕیارە بەم نزیکانە پارەکە بخرێتە سەر ھەژماری تایبەتی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە ناردنی سێ مووچەی دیکەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، فارس عیسا، گوتی: مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە نامەیەکدا داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، ئەو سێ مووچەیە ھاوشێوەی بەشەکانی دیکەی عێراق بنێرێت، چاوەڕێی وەڵامی بەغداین.
لێکتێگەیشتنی باش دروست بووە
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: بە مەبەستی چارەکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا، ھەموو ھەوڵێکیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی ڕاستەقینە جیابکەنەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، ڕوونیشیکردەوە: بۆ بابەتی مووچە دوو نووسراومان کردووە، یەکێکیان بە سەد ئیمزای پەرلەمانتاران بووە و ئەمینداریەتی گشتی پەرلەمانیش ڕەوانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، سەرۆکوەزیرانیش ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دوو نووسراوی ئاراستەی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و ئێستە لێکتێگەیشتنێکی گەورە بۆ چارەکردنی ئەو بابەتە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، تەواوی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە دەستەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، پشتیوانی خۆیان بۆ ھەموارکردنەوەی بودجە لە بەرژەوەندی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەربڕیوە.