دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ڕێژەی کورد لە سوپای عێراق کەمترە لە ٢%

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە کاتی دامەزراندنەوەی سوپای عێراق بڕیاربوو ڕێژەی کورد لەو سوپایە ٢٠% بێت، بەڵام ئێستە ڕێژەکە کەمترە لە ٢%، بەرپرسانی سەربازی دەڵێن: ئەگەر کورد لەناو سوپا بووایە ھێزە عێراقییەکان بەو شێوەیە نەیان دەتوانی لە ناوچە کوردستانییەکان ستەم لە کورد بکەن. جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: داوامان لە سەرۆکوەزیران کردووە ھاوسەنگیی بۆ ناو ئەو دامەزراوانە بگەڕێنێتەوە.

دوای ھەڵوەشانەوەی سوپای عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و ھەوڵدان بۆ سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی ئەو سوپایە لەگەڵ ھاوپەیمانان، بڕیاربوو ڕێژەی کورد لەو سوپایە ٢٠% بێت، سوننە ٢٥% بێت ، شیعە ٥٠% بێت و ٥%ی دیکەش بۆ پێکھاتەکانی دیکە بێت، دابەشکردنەکەش لەنێو وەزارەتی بەرگریدا بەو شێوەیە بوو، فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان بۆ شیعە بێت، وەزیری بەرگری بۆ سوننە بێت، سەرۆک ئەرکان و ئەمینداری گشتیی کورد بن بە ھەمان شێوە بۆ بەڕێوەبەرە گشتییەکان و پۆستەکانی دیکەش، بەڵام ئێستە ڕێژەی کورد لەنێو ئەو سوپایە بۆ کەمتر ٢% دابەزیوە.
بەرپرسانی سەربازی، دەڵێن: ئەگەر ڕێژەی ١٧%ی سوپای عێراق کورد بووایە، ئەوان نەیان دەتوانی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بەو شێوەی ئێستە ھەڵسوکەوت بەرانبەر کورد بکەن، چونکە ئەو کات کوردەکانی ناو سوپای عێراق بەرگرییان لە کورد دەکرد، بۆیە گرنگە داوای مافی خۆمان بکەین و پشکی خۆمان وەرگرینەوە.
مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: داوامان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، ھاوسەنگیی کورد لەنێو دامەزراوە سەربازی و تەناھییەکان لەبەرچاو بگرێت.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: لە نووسراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقمان کرد و نووسراوەکەمان بەدەستیی ڕادەست کرد، بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددەی ٩ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق، دەبێت ھێزە چەکدارەکانی عێراق و ھێزە ئەمنییەکان لە سەرجەم پێکھاتەکانی عێراق پێک بێت و ڕەچاوی ھاوسەنگیی نێوان پێکھاتەکانی تێدا بکرێت، جگە لەوەی ئەم بابەتە ھاوسەنگییە بەشێکیشە لەو کارنامەیەی کە لە کاتی پێکھێنانی حکوومەتەکەی محەممەد شییاع سوودانیدا لە پەرلەمان دەنگی پێ دراوە.
مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، دووپاتی کردەوە، بنەمای عێراقی نوێ بریتییە لە ھاوبەشیکردن و ھاوسەنگی، لە دروستبوونی عێراقی نوێوە لە ٢٠٠٣ تا ئەمڕۆ، نەک ڕەچاوی ھاوسەنگیی پێکھاتەی کورد لە نێو دامەزراوە سەربازییەکان نەکراوە، بەڵکو لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ڕێژەی کورد لەنێو ھێزە سەربازییەکانی عێراق بۆ کەمتر لە ٣% دابەزیوە و لە ماوەکانی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ھەوڵی بێبەشکردنی کورد لە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق دراوە، بۆیە پێویستە ئەم ناھاوسەنگییە ڕاست بکرێتەوە و کوردیش وەک ھەر پێکھاتەیەکی دیکەی عێراق، بەشدار بێت لە ھێزە سەربازی و ئەمنییەکانی عێراق، بەپێچەوانەوە، نەبوونی کورد لەنێو ئەو ھێزانەدا، پێچەوانەی دەستوور و بنەماکانی عێراقێکی فیدراڵە.