دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

کاری میدیایی لە کوردستان ڕێک دەخرێتەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

کاری میدیایی و ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەیدا کە گەشەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە لە هەمان کاتدا ڕووبەری کارەکە زۆر بەرفراوانتر بووە و ئەمەش وای کردووە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەندیکای پێوەندیدار بە ڕۆژنامەنووسان لە هەوڵی ئەوەدابن کارەکان بەگوێرەی گۆڕانکارییەکان ڕێک بخەن بێ ئەوەی سنووری ئازادییەکان بەرتەسک بکرێنەوە.

وەک ئاشکرایە لانی کەم لە دە ساڵی ڕابردوودا میدیا و کاری ڕۆژنامەنووسی گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا هاتووە و پەیج و ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان گۆڕەپانی کاری میدیاییان داگیر کردووە و ئەمەش دەرەنجامی ئەرێنی و نەرێنی بەدواوە بووە و بۆیەش بیر لەوە کراوەتەوە لە چوارچێوەی نەخشەرێگایەکدا ئەو دەسەڵاتە ڕێک بخسترێتەوە.
کەم نین ئەو دەزگا و پەیج و ماڵپەڕانەی بێ ئەوەی لای حکوومەت مۆڵەت وەربگرن بە کەیفی خۆیان شت بڵاو دەکەنەوە و لە بەرهەمەکانیاندا ڕەچاوی هیچ بنەمایەکی کاری ڕۆژنامەگەری و بەرپرسیارێتییەک ناکەن.
بەپێی دواین ئامار کە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە لە هەرێمی کوردستان سەد و بیست و حەوت کەناڵی ناوخۆیی، سی کەناڵی ئاسمانی، سەد و حەفتا و شەش ڕادیۆ، سەد و بیست و یەک ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی، نۆسەد و هەشتا و هەشت ڕۆژنامە و گۆڤار مۆڵەتیان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان وەرگرتووە.
لەسەر چەسپاندن و بەهێزکردنی بنەما دیموکراسییەکان حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێداگرە لەوەی ئازادی میدیایی و ڕۆژنامەگەری بۆ هەموو میدیاکاران و ڕۆژنامەنووسان بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان بڕەخسێنرێت و میدیاکان و میدیاکاران لە چوارچێوەی ئەرک و بەرپرسیارێتیی نیشتمانیدا هەنگاو بنێن.
شێروان عەبدوڵا بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند یەکێک لە کێشەکانیان ئەوەیە زۆر جار دادگاکان داوای زانیارییان لێ دەکەن لەسەر پەیجێیک، ماڵپەرێک یان دەزگایەکی ڕاگەیاندن کە سکاڵا لەسەریان تۆمار کراوە، ئەگەر مۆڵەتیان نەبێت ئەوا وەڵامیان بۆ دادگا ئەوەیە بێ مۆڵەتن و دادگاش لەو کاتەدا مامەڵەکەی لەگەڵ لایەنێکی نایاسایی دەبێت. بەڵام ئەگەر خۆی تۆمار کردبوو، ئەوا وەڵامی ئەوانیش بۆ دادگاکان ئەوە نییە پێیان بڵێت نایاساییە بەڵکوو دەڵێن مۆڵەتیان هەیە و دادگاش وەک دامەزراوەیەکی یاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.
لە لایەکی ترەوە بۆ پەرەپێدانی کاری میدیایی و فراوانترکردنی ڕووبەری ئازادییەکانی ڕۆژنامەگەری، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دستی بە ڕێکخستنی ئەو کەرتە کردووە. هاوکات سەندیکای ڕۆژنامەنووسانیش لای خۆی هەنگاوی جیددی ناوە و تەنانەت بۆ ئەو مەبەستە نەخشەرێگایەکی خستووەتە ڕوو.
حاکم ئازاد حەمەدەمین نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕوونی کردەوە بەپێی پڕۆژەیەک کە پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و بە نەخشەڕێگا ناساندوویانە. ئەو ئاماژەی دا نەخشەرێگاکەیان بە هاوکاری فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانیی نێودەوڵەتیی و کۆمەڵێک پسپۆڕ ئامادە کردووە و بریتییە لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی پێوەندییان بە ئازادی کاری ڕۆژنامەگەری لە کوردستانەوە هەیە.
جێی باسە هەرێمی کوردستان خاوەنی یاسای ژمارە سی و پێنجی ڕۆژنامەگەرییە و کاریشی بۆ هەموارکردنەوەی یاسا و ڕێنماییەکان کردووە لە پێناو ئاسانکاری بۆ کاری میدیایی. ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی وەک ڕۆژنامەنووسی کارا لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ناوەکانیان تۆمار کراوە دەگاتە سەرووی هەشت هەزار کەس.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ لە ماوەیەکی نزیکدا ڕێنمایی ژمارە یەکی ساڵی ٢٠٢٣ تایبەت بە ڕێکخستنی فریکوێنسی سپێس لە هەرێمی کوردستان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوەکە بۆ ڕێکخستنەوەی کاری میدیاییە و ئامانجیان ئەوەیە تاکوو لەگەڵ پێشکەوتنەکانی کاری میدیا و تەکنەلۆجیای نوێ بگونجێت.
میدیا کە بە دەسەڵاتی چوارەم هەژمار دەکرێت ڕۆڵی زۆر گرنگی هەیە لە پێشخستنی کۆمەڵگەکان و گرنگیدان و بەهێزکردنی ئەو دسەڵاتە و بنبڕکردنی کەم و کورتییەکان و ڕێکخستنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان لە چوارچوەی یاسا و ڕێنماییەکان، بێ ئەوەی سنووری ئازادییەکان بەرتەسک بکاتەوە دەتوانێت کاریگەریی زۆر باشی بۆ سەرکۆی پڕۆسەکە هەبێت.